ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە کارەکانیان لە هەوڵدان ناوەستن

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەلای بەشێکی کۆمەڵگا بە چاوی بەزەییەوە سەیر دەکرێن، لە کەرتی تایبەتدا کاریان پێنادرێت و هەندێکیان خێزانەکانیان ڕێگرییان لێدەکەن، سەرەڕای ڕێگرییەکان ئەوان بەردەوامن لە کارکردن و گەشتن بە خەونەکانیان.

شنیاربایز

 

سلێمانی- ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە توانا و کارەکانیان دووپاتی دەکەنەوە کە پێویستە ژنان سور بن لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانی ژیانیان لە پێناو بونیادنانی داهاتوویان.

 

"مەرج نییە ئەو کەسەی خاوەن پێداویستی تایبەت بێت نەتوانێت کار بکات"

گەلاوێژ ڕەحیم، دەرچووی کاروباری بازرگانییە و لە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، ساڵی ٢٠٠٥ لە کاروباری خوێندکاران لە بەشی ژمێریاریەکەی دامەزراوە و لە ئێستادا لە بەشی ژمێریاری کۆلێژی دەرمانسازی کار دەکات.

 

پێی وایە هەموو کەسێک ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەتیش بێت دەتوانێت کار بکات، باسی لەوەشکرد کە خێزان و هاوڕێکانی بەردەوام بوونەتە پاڵپشتی تا بەردەوام بێت و هەوڵبدات خوێندن تەواو بکات و کار بکات، "باوکم پاڵپشتی سەرەکیم بووە، دواتر هاوژینەکەم پاڵپشتی دەکردم بۆ ئەوەی بەردەوامبم لە کارکردن".

 

پێشیوایە ژن پێویستە کار بکات و بەهرەکانی خۆی لە پیشەیەکدا نیشان بدات، "کۆمەڵگا زۆرکات بەهۆی تانەوە ڕێگرە لەوەی کەسانێک هەوڵبدەن و بگەن بە ئامانجەکانیان بە تایبەت ئەگەر خاوەن پێداویستیش بێت چونکە هۆشیاریان نییە و بە چاوی بەزەیی سەیریان دەکەن، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن کە کەسانی خاوەن پێداویستی هیچیان کەمتر نییە لە کەسانی دیکە."

 

"نابێت ژنان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و کار نەکەن"

گەلاوێژ ڕەحیم بە پێویستی دەزانێت حکومەت ئەو یاسایەی دەریکردووە لە ساڵی ٢٠١٣ تایبەت بە کارکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کەرتی تایبەتدا جێبەجێی بکات، وەک لە یاساکەدا هاتووە لە کەرتی تایبەتدا خاوەن پێداویستییەکانیش مافی کارکردنیان هەبێت.

 

"لەگەڵ ئەوەی کار دەکەم، ئەرکی خێزانم لەسەر شانە"

بەیان حسێن، لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هۆبەی خاوەن پێداویستی تایبەت ماوەی ١٨ ساڵە کار دەکات، دەربارەی کارکردنی ژنان بە گشتی و ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەتی، وتی "پێویستە ژنان بەردەوام کاربکەن و چاویان لە دەستی هیچ کەسێک نەبێت، هیچ دۆخێکی ژیانیان نەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بڵێن ناتوانین کاربکەین، بەڵکو ئەگەر لە ماڵەکانیشیاندا بێت کاربکەن و دەستەوەستان دانەنیشن".

 

بەیان حسێن ڕۆژانە لەگەڵ ئەوەی چەند کاتژمێرێک کار دەکات ئەرکی خێزان و ماڵەوەشی لەسەر شانە، چونکە هاوژینەکەی بەهەمان شێوە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەسەر کورسییە، ئاماژەی بەوەدا هەرچەند دۆخیان بووتە هۆی دروستبوونی زەحمەتی بۆسەر ژیانیان بەڵام هەمیشە هەوڵ دەدەن و نەوەستاون چونکە پێیان وایە ژیان پێویستی بە ڕووبەڕووبووونەوە هەیە.

 

"پێویستە خاوەن پێداویستی شەرم لە کارکردن نەکات"

ئەو ژنە یەکێک بووە لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی پێی عەیبە بووە بچێتە دەرەوە و کاربکات تا ئەوکاتەی ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی ناسیوە و بووەتە ڕێگا خۆشکەرێک بۆ دەستپێکردن بە کار، دەشڵێت: "ساڵانی ڕابردوو ئەوکاتەی تازە دەستم دەکرد بە کارکردن پێم شەرم بوو کاربکەم و هەستم بە کەموکورتی دەکرد، بەڵام دواتر خۆمم هۆشیار کردەوە و زانیم کە نابێت شەرم لە بوونی خۆم بکەم"، پێی وایە کە ئەگەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نەتوانن کار بکەن لە دەرەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا کار بکەن و پڕۆژەیەکی بچوک بونیاد بنێن بۆ ئەوەی بەرهەمی ڕەنجی خۆیان بخۆن.

 

بەیان حسێن وەک ژنێک کە کاردەکات داوا لە ژنان دەکات چیتر لە ماڵەکانیان دانەنیشن، تا دەتوانن ڕەنج بدەن و لەسەر پێکانی خۆیان بوەستن.

 

ت.پ