دایە حەسیبە: گەلی کورد یەکبگرێت هیچ هێزێک ناتوانێت تێکمان بشکێنێت

دایە حەسیبە ژنێکی دانیشتووی هەورامانە باس لەوە دەکات گەلی کورد بەردەوام لەلایەن دوژمنانییەوە هێرشی کراوەتە سەر، دەشڵێت دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات و کوردەکان ئاوارە دەکات.

 

تەوار پێنجوێنی

هەورامان- "من لەدایکبوونم ١٩٦١، بیرمە منداڵ بووم چاکەتێکی سورم لەبەردابوو، پورم دەستیگرتم و چاکەتەکەی لەبەر داکەنم، وتی چاکەتەکەت سوورە، فڕۆکە ئەمانبینێت و بۆردومانمان ئەکات"، حەسیبە وای وت.

 

حەسیبە حەمە سەعید، ژنێکی دانیشتووی هەورامانە و لە ساڵی ١٩٦١ لەدایکبووە، بەسەرهاتی خۆی بۆ ژنها دەگێڕێتەوە و دەڵێت لەوەی بەبیرم دێت کورد لەلایەن دوژمنەوە هێرش دەکرێتە سەری، ئەو دەڵێت : ئێستاش دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات و کوردەکان ئاوارە و دەربەدەر دەکات.

 

ئەو دایکە دەڵێت کوردی باشوری کوردستان بەردەوام لەژێر تۆپباران و کیمیاباران و لە دەربەری و ئاوارەییدا بووە، "هەتا ئێستا کۆڵی ماڵم نەکراوەتەوە، چەندین جار چووینەتە ئێران و لە شەڕی ئێران و عێراقدا چووینەتە هەولێر و کۆیە، ئێستاش تورکیا تۆپبارانی گوندەکان دەکات و باخ و ئاژەڵی خەڵک لەناو دەبات"،

 

هەمیشە گەلی کورد چەوسێنراوەتەوە

دایە حەسیبە باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت، پێشتر ڕژێمی بەعس بە زۆرەمڵی ڕایگواستینە ئۆردوگاکان، هەمیشە تۆپباران دەکراین و لە ژێر زەمیندا خۆمان دەشاردەوە، دواتر سەدام حسێن کیمیابارانی کردین، "ئەمە بیرەوەری منە بەدەست ڕژێمەکانەوە کە گەلی کوردیان چەوساندووەتەوە"، ئەو دایکە کە دوو برای شەهیدە، باسی لەوەشکرد کە هەمیشە ئیرادەیان هەبووە و خۆیان کردووە قوربانی و بە خوێنی خۆیان خاکەکەیان پاراستووە، بەڵام ئەو دەوڵەتانە وازمان لێناهێنن و هێرش دەکەنە سەرمان.

 

لە کۆتایدا دەشڵێت ئەگەر گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان یەک بێت هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت تێکمان بشکێنێت بۆیە پێویستە یەکگرتوو بین، ئێمە بە ژن و پیاوەوە تێکۆشاین و خاکی کوردستانمان ئازاد کرد، تا بە ئازادی خۆمان و نەوەکانمان تێیدا بژین.

 

ت.پ