دابینکردنی پێداویستی بۆ خوێندنگەکان بووەتە باری سەرشانی خێزانی خوێندکاران

پێداویستی خوێندنگەکان تا دێت زیاد دەکات بەهۆی کۆنبوون و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ خوێندنگەکان، لەگەڵ ئەوەشدا پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکرێت لەلایەن پەروەردەوە، ئەو ئەرکە کەوتووەتە سەرشانی مامۆستا و خێزانی خوێندکاران، لە بەرامبەردا پەروەردەی گشتی دەڵێت خزمەتگوزاریمان تەرخانکردووە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دابینەکردنی پێداویستییەکانی خوێندنگەکان، مامۆستا و خوێندکارانی هەراسانکردووە، لەگەڵ ئەوەی موچەخۆران بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەت هەمیشە ترسیان لە نەمانی موچەکانیان هەیە، بەڵام کەموکورتییەکانی خوێندنگەکان وایکردووە، مامۆستایان لەو موچەیەی هەیانە پێداویستی دابینبکەن، یاخود پەناببەنە بەر وەرگرتنی پارە لە خێزانی خوێندکاران، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی قورساییەک بۆسەر خێزانەکان.

 

لەناو خوێندنگەکاندا ئەنجوومەنی دایکان و باوکان هەیە، کاریان کۆکردنەوەی بڕە پارەیەکە بۆ خزمەتکردن و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خوێندنگەکان، هەندێک خوێندنگە هەموو مانگێک بڕە پارەیەک لە خوێندکاران وەردەگرن، بەڵام هەندێکی دیکەیان ساڵی تەنها یەک جار پارە کۆدەکەنەوە.

 

شنە عەلی، مامۆستای بیرکارییە، دەربارەی دۆخی مامۆستا و خوێندکاران لە ڕووی کەموکورتییەوە بە ژنهای ڕاگەیاند: کەموکورتی لەناو خوێندنگەکاندا بە ڕێژەیەکی زۆر بوونی هەیە، هۆکارەکەشی بێ ئاگایی بەرپرسانی پەروەردەیە، کە بەدواداچوون ناکەن بۆ کەموکورتییەکان و پێداویستییەکانی ناو خوێندنگەکان.

 

مامۆستا شنە باسی لەوەکرد، هەموو ئەو پێداویستیانەی کە بەکاردەهێنرێت وەک بۆردی نوسین، کورسی خوێندکاران پەنجەرە و دەرگاکان بە جۆرێک خراپبوون فێرخواز ناتوانێت سودی لێوەربگرێت، "ساڵانە پێویستیمان بە بۆیاخکردنی ناو خوێندنگەکان و پۆلەکان هەیە بۆ ئەوەی فێرخواز بە ئارامی تیایدا فێر ببێت".

 

"پەروەردە بودجەی فرۆشگای ناو خوێندنگەکانی قۆرخکردووە"

ئەنجومەنی دایکان و باوکان ئەرکیان کۆکردنەوەی پارەیە لە خێزانی ئەو خوێندکارانەی لە ڕووی داراییەوە دۆخیان باشە یاخود، خوێندنگەکان ڕاستەوخۆ داوا لە خوێندکاران دەکەن بە پێی توانای مادییان هاوکاری خوێندنگەکەیان بکەن.

 

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا ساڵانی ڕابردوو داهاتی فرۆشگای خوێندنگە بەکاردەهێنرا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناو خوێندنگە، بەڵام لە ئێستادا پەروەردە ئەو بڕە پارەیەی قۆرخکردووە و بڕێک پارەی کەمی دەگەڕێنێتەوە بۆ خوێندنگەکان، کە تەنها بەشی کاغەزی ئەی-فۆڕ ناکات بۆ نوسینی پرسیاری تاقیکردنەوەکان.

 

"ناتوانین بە موچەی مامۆستا و پارەی خوێندکار خوێندنگە نۆژەن بکەینەوە"

شنە عەلی وەک مامۆستایەکی چالاک ڕوونی کردەوە، مامۆستا هەوڵی داوە هاوکاری خوێندنگە بکات، بەڵام بە هۆی ئەوەی موچەی مامۆستا کەمە و ترسی نەمانی هەیە بۆیە ناتوانرێت مەکتەبی پێ نۆژەنبکرێتەوە، لەکاتێکدا دۆخی ئابووری خێزانەکان لە ئاستێکی خراپدایە، بۆیە پەنایان بردووەتە بەر خێزانی خوێندکاران، تەنانەت هەندێک خوێندنگە بڕە پارەکەی دیاری کردووە کە ئەمەش بۆخۆی فشارێک لەسەر خێزانەکان دروستدەکات.

 

وتیشی: "کاتێک کاغەز دەدەینە خوێندکار بۆ ئەوەی بڕە پارەیەکمان بۆ بهێنێت، زۆرینەیان کاغەزەکە بە بەتاڵی دەهێننەوە، یاخود هەندێکیان لای هاوڕێکانیان شەرم دەکەن کە پارە نەهێنن و توانای دارایشیان باش نییە، وە بەشێکی زۆریان دووسەد و پەنجا دیناری دادەنێن یاخود هەزار دینار، کە ناتوانرێت بەو پارەیە هیچ جۆرە خزمەتێک بکرێت".

 

"بەرپرسانی پەروەردە پێویستە پلانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان"

شنە بە ئەرکی بەرپرسانی حکومەتی دادەنێت کە لێکۆڵینەوە بکەن لە خەرجی خوێندنگە و پێداویستییەکانی ناوی، "هێندەی بودجە لە ڤیستیڤاڵی نا پێویستە خەرج دەکەن ئەوەندەیان دابینکردایە ئێستا خوێندنگەکان وەک خویندنگە تایبەتییەکان دەبوو، کە هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین کراوە تا خوێندکار بە دەروونێکی ئارامەوە فێر ببێت، پێویستە بەرپرسانی پەروەردە هەوڵی جدی بدەن بۆ خزمەتکردن و پڕکردنەوەی کەموکرتییەکانی خوێندنگەکان، چارەسەر بۆ کێشەکان دابنرێت هەروەها پلانی ساڵانە دابنێن تا خوێندکاران ڕووبەڕووی ئەم دۆخانە نەبنەوە."

 

هەرچەندە مامۆستا و بەڕێوەبەری بەشێکی زۆری خوێندنگەکان دەڵێن کەموکورتیان هەیە و پەروەردە وەک پێویست پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکات، بەڵام تاڤگە مستەفا، ژمێریاری دیوان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی لە سلێمانی و بەڕێوەبەری بە وەکالەت دەربارەی هاوکاریکردنی خوێندنگەکان لەلایەن پەروەردەوە وتی: وەک پەروەردەی گشتی هەرکاتێک پەروەردەکان لیستمان بۆ بکەن و داوای پێداویستی بکەن ئێمە بۆیان دابینن دەکەین و ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی کارەکە دەردەبڕین، پارەی فرۆشگاکان لە ٪١٠٠ی لە فرۆشگاکان وەردەگیرێت دواتر بە پێی ژمارەی خوێندکارەکانی ناو خوێندنگەکان پارە دەدرێتەوە بە خوێندنگەکە، کە بڕەکەی بۆ هەر خوێندکارێک ٦ هەزار و ٧٧ دینارە.

 

تاڤگە وتیشی: هەرکاتێک خوێندنگەیەک پێویستی زیاتری هەبوو، ئەوا لە ڕێگای کتابی فەرمییەوە داوا لە پەروەردەکەی خۆی دەکات ئەگەر پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات توانای دابینکردنیان نەبوو، داواکارییەکە بەرزدەکەنەوە بۆ پەروەردەی گشتی و لەو بڕە پارەیەی کە ماوەتەوە لە فرۆشگای خوێنندگەکان پێداویستییەکەیان بۆ دابین دەکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "هەریەک لە پەروەردەکان بودجەی تایبەتیان هەیە کە حکومەت بۆی تەرخان کردوون تا پێویستی خوێندنگەکان پڕبکەنەوە".

 

دۆخی خوێندنگەکان تا دێت بەرەو خراپی و نەبوونی پێداویستی دەبێتەوە، ئەمەش بە ڕوونی بە خوێندنگەکانەوە دیارە، کە خزمەتگوزارییان نییە و کەلوپەلە شکاو و کۆنەکانیان بۆ چاک ناکرێتەوە.

 

ت.پ