"چەکی ئێمەی ڕۆژنامەنووسان، پێنووسەکانمانە"

سۆما خالد ڕۆژنامەنووس، لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنانی کورد ڕایگەیاند، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ژنان ڕاگەیاندنە.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنان بەهۆی بوونیادی ئاشتی و حەقیقەتیانەوە هەمیشە بە ڕیگەی جیاواز هەوڵی دەرخستنی ڕاستییەکانیان داوە. ڕۆژنامەگەریش یەکێکە لەو بوارەی کە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە ژنان تیایدا دەنگی ڕاستی و ناسنامە و پاراستنی کولتوور و زمان و ناسنامەبوون. لەو پێناوەشدا ڕووبەڕووی بەربەست و زەحمەتی بوونەتەوە.

 

٧ تشرینی یەکەم لە سەر ناوی ڕۆژنامەنووس گوربەتلی ئەرسۆز، کە هاوکاتی گیان بەختکردنییەتی بە دەستی پەدەکە لە شەڕێکدا لە چیای گارە، بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنانی کورد دانراوە. لەو بارەیەشەوە سۆما خالید، ڕۆژنامەنووس باس لە بارودۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات و دەڵێت:' لەم ساڵانەدا ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان بەشدارییان لە کاری ڕاگەیاندندا کرد و خاوەن بەرهەمی خۆیانن. لە ئێستادا ژنان لەگەڵ ئەرکەکانی تریاندا، کاری ڕاگەیاندنیش بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەبینن، کە سەرەڕای ئەو پێشیلکارییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دووبارە ڕۆڵی خۆیان دەبینن.

 

سۆما خالید لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات پێشیلکارییەکانی بەرامبەر بە ژنان لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆ دەزگایەکی تر جیاوازە، ژینگەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ڕادەربڕین و وتی: ئێمە خاوەن دەزگایەکی میدیایی نیشتمانی نین، بۆیە بەرهەمەکان بە پێ پلان و ئەجێندای حیزبەکان دردەکەون.

 

''دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە پێ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ژنان بەکاردەهێنێن''

سۆما خالید تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئێمە لەناو کۆمەڵگەیەک بە عەقلیەتی پیاوسالاردا ژیان دەکەین و ئەم عەقلیەتە لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندنیشدا هەیە، چونکە زۆربەی بەڕێوەبەرەکانی پیاوانن، وتیشی: ئەوەی کە لە ئێستادا دەیبینین ئەوەیە، لە زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا پرسە سیاسیی و گرنگەکان بۆ هۆی متمانە نەکردنیان و بچووک دیتنی ژنان نادرێتە ئەوان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ژنان بەکاردەهێنێن.

 

هەروەها باس لەوە دەکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ پرسی گەنجان و پەروەردە بەشی کەمیان تەرخان کردووە و دەڵێت: زۆربەی جار دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوونەتە زەمینەیەک بۆ شەڕی نێوان پارتە دەسەڵاتدارەکان، یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەوەیە کە ئەم دەزگایانەی ڕاگەیاندن بە پێ یاساکان ڕێک بخاتەوە.

 

هەواڵی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان یەکێک لەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە تایبەت باشووری کوردستان گرتن و تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسان دەبینرێت، سۆما خالید سەبارەت بە ڕێگری و زەحمەتییەکانیش بە تایبەت بۆ ژنانی ڕۆنامەنووس دەڵێت: ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە بەردەوام دەبنە دەنگی ئازادی دەبنە هۆی ترسی دەسەڵات، هەر بۆیە چ لە باکووری کوردستان و چ لە باشووری کوردستان، بۆ ئەوەی زانیارییەکان بە شێوازی ڕاستەقینەکەیان نەگوازرێتەوە، ڕۆژنامەوانان دەکەنە ئامانج.

 

''دەیانەوێت دەنگی ڕۆژنامەوانان کپ بکەن"

هەروەها تیشک دەخاتە سەر گوشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان و وتی: لە ڕێگەی هەڕەشە، دەستبەسەرکردن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، دەیانەوێت دەنگی ڕۆژنامەنووسان کپ بکەن و بیانترسێنن کە جارێکیتر دەست بۆ بابەتە هەستیارەکان نەبەن  و ڕاستییەکان نەخەنەڕوو، هەر بۆیە لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمدا مافی ئازادی ڕادەربڕین نییە، دادگاکانی هەرێمی کوردستان  لە ژێر دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکان کار دەکەن و لە دۆسیەکانی ڕۆژنامەنووسان دەستوەردانێکی زۆر هەیە و بە لاڕێدا دەبرێت.

 

''تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، دووپاتکردنی بەردەوامبوونمانە لەم ڕێگەیە"

سۆما خالید باس لە بەرپرسیارێتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ لە سەر ئەم بابەت دەکات و وتی: پێویستە هەنگاوی جدی هەڵبگرین بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ئەگەر ئەم مەترسیانە بەردەوام بێت، کێشەکان قووڵتر دەبنەوە و دەبێتە هۆی نەمانی دەنگی ئازاد. بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، ترسی دەسەڵات لە پێگەی ژن نیشان دەدات و وتیشی: ژنان بەردەوام بە خۆڕاگڕییەوە تێکۆشانیان کردووە و چەکی ئێمەی ڕۆژنامەنووسان، پێنووسەکانمانە، تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەسانە ئێمە ناترسێنێت، بەڵکو دووپاتکردنەوەی بڕیارەکەمانە بۆ بەردەوامی ڕێگەی ئەوان.

 

سۆما خالید لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەەوە دەدات، پێویستە ژنان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەیەک لەناو دەزگا میدییاییەکاندا پاشەکشە نەکەن و دەنگی خۆیان هەڵبڕن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەنووسان خۆیان پێویستە لەسەر ئەو پێشیلکارییانەی کە بەرامبەریان دەکرێت، داوای مافی خۆیان بکەن و ژنان بە یەک دەنگی و یەک ڕەنگی، پێکەوە بەرەو پێشەوە بچن و کار لە سەر تواناکانیان بکەن.