ژنان لە کاتی کۆچکردندا دوو هێندە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت

حەنان سەعیتی دووپاتی کردەوە، ئەو ژنانەی لە لیبیا بەشێوەیەکی نایاسایی کۆچ دەکەن، ڕووبەڕووی چەندین مەترسی جەستەیی و دەروونی و دارایی دەبنەوە.

هندیە عەشیبی

 

بنغازی- ڕێژەی کۆچی نایاسایی لە لیبیا زیادی کردووە،  و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران، نزیکەی ٢٢ هەزار و ٦٦٢ کۆچبەری نایاسایی لە ڕێگەی لیبیا بۆ ئیتاڵیا کۆچیان کردووە، ژنانی لیبیا کە ڕێگەی کۆچی نایاسایی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵدەبژێرن، لە ڕێگەی کۆچ و لەو وڵاتانەی کە پێی دەگەن و دەستگیر دەکرێن، ڕووبەڕووی چەندین مەترسی دەبنەوە.

 

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە لیبیا، نزیکەی هەشت هەزار و ٩٢٣ کۆچبەر لە کەناراوەکانی هەرێمی ڕۆژئاواوە بە بەلەم کۆچیان کردووە، لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەشەوە، ١٣ هەزار و ٥٠٦ کۆچبەر بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتن، لەو ڕێگەیەشدا ژیان زۆرترین مەترسیان لەسەرە، کە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانین و ئەقڵیەتی جیاکاری، نۆرمە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، یاسای نەگونجاو و ئەو کردانەی دۆخی ژنان دەقۆزنەوە.

 

حەنان سەعیتی، بەرپرسی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مانگی سووری لیبیا ڕایگەیاند، ئەو مەترسیانەی کە ژنان و پیاوان و منداڵان لە کاتی کۆچی نایاساییدا ڕووبەڕووی دەبنەوە هاوشێوەن، بەڵام بۆ ژنان و منداڵان زیاترە، چونکە بە درێژایی ڕێگاکەیان ڕووبەڕووی توندوتیژی و بەکارهێنان دەبنەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ژنانی کۆچبەر ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی و بەکارهێنان دەبنەوە لەلایەن قاچاخچییەکان یان ئەو کەسانەی بەرپرسن لە گەشتەکەیان، هەروەها بڕە پارەیەکی زۆریان لێدەستێنن و هەندێک جار قاچاخچییەکان دۆخی ژنانی کۆچبەران دەقۆزنەوە و بە زۆر لە ماڵەکاندا یان یان لەناو کێڵگەکاندا بۆ کۆکردنەوە و دروێنەکردنی بەروبوومەکان کاریان پێدەکەن.

 

حەنان سەعیتی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆچکردن بۆ ژنان دوو جۆر هەیە، ئەو کۆچکردنەی کە ژنان بە شێوەیەکی یاسایی هەڵیدەبژێرن، کە مەترسییەکانی سەریان کەمترە و دەتوانن خۆیان لە توندوتیژی و بەکارهێنانیان بپارێزن، هەروەها کۆچی نایاسایی هەیە، کە لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی چەندین مەترسی دەبنەوە بەبێ پاراستن و گەرەنتی ژیانیان، بە تایبەت کە یاسای لیبیا کۆچبەرەکان پۆلێن دەکات، بۆ ئەوانەی چوونەتە سنووری لیبیا بە دەستدرێژکاریان بۆ سەر زەویەکانی لیبیا ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هاتۆتە ناو وڵاتەکەوە.

 

ژنانی کۆچبەر بە درێژایی گەشتی کۆچکردن خۆیان لە حاڵەتێکی لاوازی ئەوپەڕدا دەبیننەوە، بەو پێیەی بەرکەوتەی چەندین مەترسی دەبن و زۆرجاریش لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش دەبن، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانی کەسوکاریان لەدەستدەدەن، بۆیە لە ترسدا دەژین و لە ژێر ڕەحمەتی قاچاخچییەکان و کەشوهەوای سەختدان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی ژنانی کۆچبەر بە دابینکردنی هۆشیاری پێویست دەبێت بۆیان، تا بتوانن میکانیزمی پاراستنی خۆیان و سەروەت و سامانیان لەو مەترسیانەی کە ڕەنگە لە کاتی گەشتەکەیاندا ڕووبەڕووی ببنەوە بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان بپارێزن تا دەگەنە ئەو خاڵە لە گەیشتن بەو شوێنەی کە ئارەزووی مانەوەیان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆچکردن زۆر جۆر هەیە، لەوانە کۆچکردن بۆ گەڕان بەدوای خۆراک و ئاو و ژیانی سەلامەت، یان کۆچکردن بەمەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی کار و خوێندن و گەشەپێدانی خود، ئەمە جگە لەوەی کۆچکردن بەدوای سەلامەتیدا، وەک هەندێک وڵات کۆمەڵێک سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بەسەر ژناندا دەسەپێنن، بۆیە ناچار دەکرێن بەدوای سەلامەتیدا کۆچ بکەن و داوای پەنابەری لە وڵاتێکی دیکە بکەن یان بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ بکەن.

 

هۆکاری کۆچکردنی زۆرەملێ یان نایاسایی زۆرن، هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی، توندوتیژی، گۆشەگیری، کارەساتی سروشتی، لەدەستدانی بژێوی و سەلامەتی، نەتوانینی دەستکەوتنی خۆراک، ئەمە جگە لە لەدەستدانی پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتی و لەدەستدانی لە ئەگەری دەستەبەرکردنی خوێندن و ڕاهێنان.