چەندین کاتژمێر بەپێ ڕۆیشتن و مانەوە لەبەر خۆر بارودۆخی ژنانی گوندەکان قورستر دەکات
ئەو ژنانەی کە هاتووچۆ و ڕێگاوبان بووەتە بارێکی ڕۆژانە لەسەریان و هەڕەشە لە ئاسایشی جەستەیی، دەروونی و ئابوورییان دەکات، داوایان کرد کە دەرفەتی چاودێری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتی و سەرەکییەکان بۆ گوندەکان دابین بکرێت.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر– ژنانی گوندی تل نەسری کە دەکەوێتە باشووری شاری تل تەمر لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووبەڕووی ئازار و ناخۆشی، ژیانێکی زۆر سەختی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە، هەروەها ئەو سەختییانەی کە تووشی دەبن، بەهۆی نەبوونی سەربەخۆیی داراییەوە زیاتر دەبن.
هەژاری و خراپی ژێرخانی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان
هەژاری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەداری لەو خێزانە گوندنشینانەی کە ژنان سەرپەرشتییان دەکەن، هۆکارێکی دیکەش هەیە کە کاریگەری لەسەر سەرجەم کایەکانی ژیان دەکات، ئەویش لاوازیی ژێرخان و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانە، هەروەها نەبوونی بنکە تەندروستییەکان و پشتگوێخستنی تەندروستیی دانیشتووانی گوندەکان دەبنە هۆی ئەوەی زۆر کەس ڕووبەڕووی مردن ببنەوە، چونکە بە سەدان گوند هەن کە بێ نەخۆشخانە و کلینیکی شیاون، ئەمەش ڕێژەی مردنی دایکان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا بەهۆی دووریی ڕێگاوە زیاتر دەکات.
بێبەشکردن لە میرات
ژن نەک هەر لە شارەکان، بەڵکو لە گوندەکانیشدا لە میرات بێبەش دەکرێت و مافی یاسایی خۆی لە بە میراتگرتنی زەوی یان موڵک پێنادرێت، لە ناو کۆمەڵگەدا دەوترێت کە هیچ موڵکێک بەر کچان ناکەوێت، چونکە ئەوان کچی خەڵکن و لە ماڵی باکیانیشدا تەنها میوانن، ئەگەر ژنان لە ماڵی باکیاندا میوان بن و لە ماڵی هاوژینەکانیشیاندا بە کچی خەڵک دابندرێن، ئوبێر مافەکانیان لە کوێدا بمێنێتەوە؟
لێرەشەوە، گەشتی خەباتی ژنان دژی ژێردەستەیی و سەختیەکانی گوند، بە بێدەنگی و بە شێوازێکی نەبینراو بەردەوامە، هەرچەندە ئەمە کۆتایی هەموو ئازارەکان نییە، بەڵکو ئازاری ژنانی گوند لە ڕووی هاتوچۆ و گواستنەوەوە قورستر دەبێت، چونکە ڕێگاوبان و هاتوچۆی گشتی بوونەتە بارێکی گران و ڕۆژانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی جەستەیی، دەروونی و ئابوورییان دەکەن.
ئەزموونە سەختەکانی ڕۆژانە: هەراسانکردن و توندوتیژیی زارەکی و جەستەیی
ڕێگاکانی گوند ڕێگای پیادەڕۆی قیرنەکراو و خۆڵن، بەمەش هاتوچۆی ژنان لە بەیانیانی زوو یان لە شەودا دەبێتە مەترسییەکی جدی، ئەم دۆخە ڕووبەڕووی دزیکردن، هێرشی جەستەیی و توندوتیژیی زارەکییان دەکاتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چاودێری و ئاڵۆزیی لە ڕێگاکانی هاتوچۆی گوندەکاندا، ژنان بەم شێوەیە و بە شێوەیەکی ڕۆژانە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی هەراسانکردنی زارەکی و جەستەیی دەبنەوە.
ڕۆیشتن بە پێ بۆ ماوەی چەندین کیلۆمەتر لە تیشکی خۆردا
ژنان و ژنانی گەنج ناچارن چەندین کیلۆمەتر بەپێ بڕۆن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانیان لە بازاڕی شار بکڕن، بەپێ دەڕۆن و ئەو شتانەی دەیانکڕن دەیخەنە سەر شان و پشتیان و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ و گوندەکانییان، شێوازەکانی هاتوچۆی نادروست و نائارام و نەبوونی ئۆتۆمبێلی گشتیی لە نێوان گوندەکان و شارەکاندا، چارەنووسی ژنان بە گەشتە ناپارێزراوەکانەوە دەبەستێتەوە و ناچاریان دەکات چەندین کاتژمێر لە کەناری ڕێگاکان لەژێر تیشکی خۆردا بوەستن.
نەخۆشییە درێژخایەنەکان
پیادەڕۆیی بۆ ماوەی دوورودرێژ و هەڵگرتنی کەلوپەلی قورس لەسەر ڕێگا ناڕێکەکان، دەبنە هۆی تووشبوونی ئەو ژنانەی کە هێشتا لە تەمەنێکی گەنجدان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پشت و جومگەکان، بەمەش ڕووبەڕووی نەخۆشخانی جەستەیی درێژخایەن دەبنەوە، ژنانی گوندی "تل نەسری" و ئەو ژنانەی لەسەر ڕێگاکان پیادەڕۆیی دەکەن، بۆ ئاژانسەکەمان دواون و سەختی و داواکارییەکانییان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.

ئامینە ئەحمەد، سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، بەپێ دەچێتە شار و پێداویستییەکانی دابین دەکات، وتی: ڕێگاکە دوور بێت یان نزیک، ناچارم پێیدا بڕۆم و خۆم بگەیەنمە شار بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خۆم و ماڵەوە دابین بکەم، ماندوو بم یان نا، بارودۆخمان هەر ئەمەیە و ناچار. بەسەر ڕێگا خۆڵەکاندا بڕۆم، چونکە کەس نییە خزمەتی من و کچەکەم بکات، هیوادارین تەکسی و پاسی بچووک لەسەر ڕێگاکانی گوند دابین بکرێن و گوندەکە بە شارەوە ببەستنەوە.
ڕۆژانە دوو کیلۆمەتر بەپێ دەڕوات
مۆتا ئیبراهیم کە ئاواتەکەی ئەوەیە لەم گەرمایەدا هاتوچۆ بە پێ نەکات بەڵکوو ئۆتۆمبێل و بگاتە تل تەمر، وتی: ئاواتەخوازین لەم گەرمایەدا تەنانەت کیلۆمەترێکیش نەڕۆین و بە ئاسوودەیی بگەینە شار، بەڵام لە گوندەوە تا سەر ڕێگای سەرەکی نزیکەی کیلۆمەترێک دەڕۆین، تاوەکو ئۆتۆمبێلێک ڕادەوەستێت و دەچینە بازاڕی شار یان ناەوەندە تەندروستییەکان و پزیشک، نەخۆشم، ناتوانم بڕۆم، دەبێت کیلۆمەترێک بۆ چوون و کیلۆمەترێکیش بۆ گەڕانەوە، لەم ڕۆژانەدا کە خۆر بەتینە ٢ کیلۆمەتر بەپێ دەڕۆم.
داواکاری بۆ چاودێری و گرنگیدان بە خزمەتگوزارییەکانی گوندەکان و ژێرخان

مۆتا ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا، کە لە گوندی تل نەسری ناوەندی تەندروستی و کلینیک بوونیان نییە و وتی: لێرە ترسی ئەوەمان نییە کە ڕفێندراوین یان پارێزراوی جەستەییمان ئەکەویتە مەترسییەوە، ئێمە تا دەگەینە سەر ڕێگا خۆر لە سەرمان دەدات و سەرمان دەسوتێنێت و نەخۆشەکانمان خراپتر دەبن، کاتێک کەسێک لە لامان نەخۆش دەکەوێت، هەموومان نەخۆشەکە هەڵدەگرین و دەڕۆین تا ئۆتۆمبێلێک دێت هەڵماندەگرێت و دەمانبات بۆ نەخۆشخانە، داوای چاودێری و گرنگیدان بە خزمەتگوزارییەکانی گوندەکان و ژێرخانەکەی دەکەین.
ئەمیرە ڕەمەزان کە خەڵکی مەرقەدەی شەدادەیە بەڵام لە گوندی تل نەسری سەر بە تل تەمر دەژی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نەخۆشییەکان، بەپێ دەڕواتە و دەیەویێت خۆی بگەیەنێتە ڕێگای سەرەکی، بۆ ئەوەی لەوێوە بچێتە گوندێکی تر بۆ سەردانی نەخۆشێک.
نەخۆشی، ڕێگا، گەرما و نەبوونی پارێزراوی

ئەمیرە ڕەمەزان کە بە خێرایی دەڕۆیشت، وتی: زۆر ماندووم، سەرم و پێیەکانم زۆر ئازاریان هەیە و ئێستا کە قسە دەکەم دڵم ئازاری هەیە، چونکە نەخۆشی دڵم هەیە، لە گوندەکاندا ئەگەر پارەش هەبێت مرۆڤ دەتوانێت خواردن بخوات، ئەگەر نەبێت چاویان لە خودایە، هاتوچۆی ئێمە لەسەر ڕێگاکان وەک بەخت وایە، مرۆڤی باش هەبێت دەوەستن و هەڵماندەگرن، هەندێک مرۆڤی خراپیش هەن ناوەستن و بەزەییان بە ئێمەدا نایەت، بەڵام باشترین شت ئەوەیە تا ئێستا پێیەکانم توانایان هەیە، لەگەڵ ئەوانەی دەیانناسم بە ئۆتۆمبێل دەڕۆم، بەڵام ئەوانەی نایانناسم ناڕۆم لەگەڵیاندا، چونکە دۆخەکە وەک جاران نییە.
بەهۆی دۆخی سەختی ئابوورییەوە ناتوانێت چارەسەر وەربگرێت
ئەمیرە ڕەمەزان ئاماژەی بەوەدا، کە دۆخی ئابووریی زۆر خراپە و ناتوانێت خۆی و خزمە نەخۆشەکانی چارەسەر وەربگرن، وتی: زۆر جار کرێی ئۆتۆمبێلم نییە تا هاتوچۆی پێ بکەم و زۆر جاریش پارەم نییە بۆ ئەوەی دەبەیەک ئاو پڕ بکەمەوە، ناتوانم چارەسەر وەربگرم و خزمەکانم لە مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە بپارێزم.
گوندەکان پێویستیان بە چییە؟
ئەمیرە ڕەمەزان داوای کرد، کە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە بۆ گوندەکەی دابین بکرێت و لەکئتای قسەکانیدا وتی: گوندەکان پێویستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەیە، با لە گوندەکەماندا ”تل نەسری” دامەزراوەی پێویست، نەخۆشخانە بە پزیشکەکانەوە و قوتابخانە بکرێنەوە.