چەمچەماڵ، نەبوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆشایی هۆشیاری دروستکردووە

توندوتیژی دەروونی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ زیادی کردووە، بەڵام هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنی تایبەت بە ژنان لە سنورەکەدا نییە، چالاکوانانی شارۆچکەکەش ڕەخنە ئاڕاستەی ڕێکخراوەکان دەکەن کە گرنگی بە شارۆچکەکە نادەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- چەمچەماڵ، شارۆچکەیەکی پایتەختی ئەنفال و مێژوویەکی تراژیدی کوردی باشوری کوردستانە، گەواهیدەری ئەنفال بوونی دەیان هەزار کوردە، بەڵام ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە.

 

شارۆچکەکە سەر بە پارێزگای سلێمانییە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگاکە، دانیشتوانەکەی نزیکی ٢٠٠ هەزار کەس دەبێت.

 

لە شارۆچکەی چەمچەماڵدا تەنها چەند ڕێکخراوێکی کەمی حزبی تایبەت بە ژنان هەیە، هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنی تایبەت بە ژنان بوونی نییە، وەک چالاکوانانیش باسی دەکەن نەبوونی ڕێکخراوەکان بوەتە هۆکاری زیادبوونی تودوتیژییەکان و بڵاونەبوونەوەی هۆشیاری لە شارۆچکەکەدا.

 

ئاڤان تاڵیب، پارێزەرە لە دادگای بەرایی چەمچەماڵ و هاوکات چالاکوانێکی بواری ژنانە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەرچەندە چەمچەماڵ پایتەختی ئەنفالە، بەڵام کەمترین خزمەتگوزاری تێدا بەردەستە، ژنانیش یەکێکن لەو توێژەی کە خزمەتگوازارییان پێنەگەیشتووە، ڕێکخراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان لە سنورەکەدا کار ناکەن، "سەرەڕای ئەوەی چەمچەماڵ پایتەختی ئەنفالە، بەڵام بە دوورە لە خزمەتگوزاری گشتی و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ژن پێویستی پێیەتی".

 

ڕێکخراوەکان مەترسی ناخەنە سەرخۆیان و لە چەقی شارەکان کاردەکەن

لە چەمچەماڵدا هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنی کار ناکات، بەشێک لە هۆکاری کارنەکردنی ڕێکخراوەکانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەووە، کە هەندێک لە ڕێکخراوەکان بەهۆی نزیکی سنوری چەمچەماڵ لە کەرکوک و داعشەوە بە بیانووی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیانە کار لە شارۆچکەکە ناکەن، زۆرینەیان ناوەندەکانیان لە چەقی شارەکاندایە، چالاکیەکانیان لە شارۆچکەکەدا وەستاندووە.

 

وەک پارێزەرێکیش باس لە توندوتیژییە دەروونییەکان دەکات، کە زۆر زیاترن لە توندوتیژییە جەستەییەکان، ژنان لە ڕێگای توندوتیژییە دەروونیەکانەوە ئازاری زۆر دەدرێن، دەشڵێت "پیاوسالاری لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە ناکرێت بڵێین نەماوە، ئەمە مۆرێکە بەسەر هەموومانەوە".

 

لە شارۆچکەی چەمچەماڵدا وەک سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی بوونیان هەیە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوونەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆشیاری تەواو ژنان ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە، لەمەشدا بەشێک لە ڕێکخراوە حزبییەکان هەندێک چالاکی ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەندامانی ئەو ڕێکخراوانەش هۆکاری بەشێک لە کێشەکان بۆ بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەزانن و بە کەمتەرخەمیان دەیان بینن.

 

مریەم محەمەد، بەرپرسی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی چەمچەماڵە، بەشێک لە هۆکاری نەبوونی ڕێکخراوە مەدەنیەکانیشی گەڕاندووە بۆ وەستانی پێدانی بودجە لە حکومەتەوە لە دوای ٢٠١٤، بەڵام کەمتەرخەمی بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت "هەست دەکەم بەشێک لە ڕێکخراوەکان خۆیان کەمتەرخەمن و زیاتر گرنگییان داوە بە ناو شارەکان".

 

وەک باسی دەکات سەرباری ئەوەی سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی لە شارۆچکەکەدا هەیە، بەڵام کێشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکان قوتابییەکان ڕووبەڕووی کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە، بەڵام هۆشیاری پێویستیان نییە.

 

لەبەر ئەم هۆکارە وەک چارەسەرێک لەم ساڵدا بەشێکی زۆری چالاکییەکانیان بووەتە هۆشیارکردنەوەی قوتابییەکان و ئەنجامدانی سیمینار لە قوتابخانەکاندا، بۆ پێدانی هۆشیاری بە قوتابییەکان لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و پڕکردنەوەی بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان.

 

ت.پ