چالاکوانی ژنی تونس: ژنانی سوەیدا دەنگی بەرخۆدانن لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان

فەتحیە ناسری، چالاکوانی ژنان جەختی لەوە کردەوە: کە ژنان لە سوەیدا بارگرانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ دەگرن و زۆرترین زیانی کوشتن و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیان لەسەرە، بەڵام ئەوان نوێنەرایەتی هێمای خۆڕاگری لە بەرامبەر پێشێلکاری و خێڵەکیدا دەکەن.

ئیخلاس حەمرونی

تونس- لە دڵی قەیرانی سووریادا، شاری سوەیدا نمونەیەکی تراژیدیە لە ئازارەکانی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی قورس دەبنەوە، لەوانە کوشتن لەسەر بنەمای ناسنامە، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەم ژنانە کە بارگرانی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەڵدەگرن، بوونەتە خاڵی سەرەکی بۆ ئاڵەنگاری مرۆی و ئاسایشییەکانی شارەکە، بەتایبەتی لە ڕۆشنایی پەرەسەندنی خێڵەکی و توندوتیژی.

 

"شانۆیەکی کوشتن لەسەر بنەمای ناسنامە و پێشێلکاری ڕاستەقینە"

فەتحیە ناسری، چالاکوانی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی تونس بۆ داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، لقی پارێزگاری قەسرین، هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ دۆخی سوەیدا دەکات، بەدواداچوون بۆ کاریگەرییەکانی توندوتیژی لەسەر ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە و پاراستنی لاوازترین پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە و هەوڵدان بۆ سووریایەکی یەکگرتو دەکاتەوە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و مسۆگەری پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا بکات.

 

هەڵسەنگاندنی ئەو بۆ دۆخی سووریا و بەتایبەتی لە سوەیدا، لەسەر بنەمای چاودێریکردنی وردی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، دووپاتی دەکاتەوە، کە کێشە خێڵەکیەکان و پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئەم دواییە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی شارەکە دروست دەکەن، ڕوونیشیکردەوە، کە پێش شۆڕش سەردانی سووریای کردوە و هەمەجۆری و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی دیمەشقی پایتەختی بینیوە، کە هونەر و کولتوور و هاوئاهەنگی تێدا بوونی هەبووە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە نوێنەرایەتی سووریای جوانی دەکرد پێش ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، شۆڕشی گەلی سووریا کە داوای ئازادی و دیموکراتی دەکات، ڕەوا و شایستەی پشتیوانییە، هەروەها تونس خاڵی دەستپێکی شۆڕش بوو کە باوەڕێکی بەهێزی بە گرنگی ئازادی و یەکسانی و مافی گەلان بەخشی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا ڕوودەدات ئازاربەخشە بەتایبەتی لەگەڵ دەستێوەردانی ئیسرائیل و بۆردوومانکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان و وێرانکردنی کارگەکان کە بارودۆخی مرۆی بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر دەکات.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە سوەیدا دەکەوێتە سەر سنووری ئوردن، شارێکی ستراتیژییە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەسە، و ڕووداوەکانی ئەم دواییە شارەکەیان گۆڕیوە بۆ دیمەنێکی کوشتن و پێشێلکاری قورس لەسەر بنەمای ناسنامە، وتی: ئەم ڕووداوانە تاوانی جەنگ و جینۆساید پێکدەهێنن، لەوانە هاندانی هەندێک لە خێڵەکانی دراوسێ، ئاوارەبوون و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی زیاتر لە ٨٠ ژن و زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی ژنان و منداڵان دەگرێتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم تاوانانە کۆمەڵگەی دروزەکان دەکەنە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەی کە سووتەمەنی ململانێ خێڵی و جیاکارییەکان دەدەن تەنها بۆ بەرژەوەندی "ئیسرائیل" و پارچە پارچەبوونی سووریا کاردەکەن، هەروەها سوەیدا بەشێکی دانەبڕاوە لە نیشتمانە گەورەکەی سووریا، بە ئاماژەدان بە هێما مێژووییەکانی وەک سوڵتان پاشا ئەترەش کە سەرکردایەتی شۆڕشێکی دژی داگیرکاری فەرەنسی کرد.

 

"کارەساتێکی مرۆی"

فەتحیە ناسری وتی: ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا- سووتانی نزیکەی ٤٠ گوند و ئاوارەبوونی دانیشتوانەکانیان و کوشتنی زۆرێک- نوێنەرایەتی کارەساتێکی مرۆی دەکات، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ژنانەی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە ڕژێمی پێشوی سووریا و حکومەتی کاتی سووریا، نوێنەرایەتی هێمای خۆڕاگری ژنانی سووریان بەرامبەر بەخێڵەکی و توندوتیژی، ژمارەکان جێگەی مەترسین، بە سەدان ژن بە زۆر بێسەروشوێن کراون.

 

ئامارە فەرمییەکان کە لە میانی سیمیناری ژنان پێشکەش کران، کە لە ٥ی ئاب لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، تیشکیان خستە سەر قەبارەی کارەساتی مرۆی، ئەوان بەڵگەنامەی وێرانکردنی تەواوەتی ٣٩ گوندی سویدەدا و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٨٠٠ کەسیان کردوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، تا ئەمڕۆش ٦٠٠ ژن بێسەروشوێنن.

 

کوشتن لەسەر بنەمای ناسنامە تەنانەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیشدا هەیە و ترسناکە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ژنان لە سویدەدا بە ناوەندی بەرخۆدان و سەرپێچی لە دژی ستەم و نادادپەروەری دادەنرێن و چالاکوانانی ژن ئاڵای شۆڕشیان لە سەرتاسەری شاردا هەڵکردوە، سووریای یەکگرتو دەبێت ڕێز لە ڕۆڵی ژنان بگرێت، هەروەها ئایین و سیاسەت لەیەکتر جیابکرێنەوە بۆ ئەوەی سیستمێکی دیموکراتی ڕاستەقینە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا دەستەبەر بکرێت.

 

وتیشی: ئەو ژنانە بەهێز و تێکۆشەرانەی کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین ڕژانە سەر شەقامەکان، دروشمەکانی شۆڕشیان بەرز کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە ئاوارەی زۆرەملێیان و ڕەخنەکانیان لە ڕژێم نوێنەرایەتی هاوارێکی نەتەوەی دەکەن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و منداڵان، جەختی لەسەر پێویستی بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی گەورە لە سویدا بۆ دەستپێکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بۆ لێپرسینەوە لە تاوانبارانی تاوانەکان و چاودێریکردنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژنان.

 

"مافی ژنان نیشاندەری پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە"

پێی وایە، مافی ژنان نیشاندەری پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و ڕێزگرتن لە ژنان و یەکسانی ڕەگەزی و پاراستنی منداڵان هەوێنی کۆمەڵگە شارستانییەکانن، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر دابەزینێک لە ڕۆڵی ژنان کاریگەری لەسەر هاوسەنگی کۆمەڵگەی سووریا بە گشتی دەبێت و پێویستە کاری ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی ئەم زیانانە بەدرێژای ساڵان بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری ڕاستەقینە.

 

فەتحیە ناسریلە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: سووریا پێویستی بە یەکێتی نەتەوەی و دیموکراتی ڕاستەقینە هەیە، لە هەمان کاتدا ڕێز لە مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی دەگرێت، بۆ ئەوەی داهاتویەکی باشتر مسۆگەر بکات،  هەروەها دەنگی ئازادی ژنان لە سوەیدا نوێنەرایەتی هیوا دەکات بۆ بونیادنانی سووریایەکی یەکگرتو و ئاسایش بۆ هەموو پێکهاتەکانی.