بەو زانستەی لە دایکییەوە بە میراس بۆی ماوەتەوە منداڵان چارەسەر دەکات
شەمسە عەلی تا ئێستاش بەو دەرمانە گیاییانەی کە لە دایکیەوە بۆی ماوەتەوە چارەسەری منداڵان دەکات، کارەکانی لەسەر بنەمای زانستی فۆلکلۆر دامەزراوە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە.

زەینەب خەلیف
دێرەزوور-شەمسە عەلی کە لە ناوچە گوندنشینەکانی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، بە چارەسەری سروشتی کە لە دایکیەوە فێری بووە، چارەسەری منداڵان دەکات.
شەمسە عەلی کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، باسی لەوە کرد کە دوای کۆچی دوایی دایکی ئەم نەریتەی بە میراس گرتووەو تەنها چارەسەری منداڵان دەکات، ئەو گیایانەی کە بەکاریدەهێنن ئەنجامە کاریگەرەکان لە منداڵاندا نیشان دەدەن.
ئاماژەی بەوەکرد ڕکابەری پزیشکان ناکات و وتی: هەموو کەسێک شێوازی چارەسەری خۆی هەیە، بەڵام هەندێک منداڵ تەنانەت دوای وەرگرتنی چارەسەریش باشتر نەبوون، کاتێک چاک نەبوون، خێزانەکانیان بۆیان هێناون، زۆرێک لە پزیشکان دەڵێن هەوکردنی ڕیخۆڵەیان هەیە، بەڵام من چارەسەری سروشتییان پێدەدەم و دەبینم بە شێوەیەکی دیار باشتر دەبن، لەکاتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا گرنگی بە نیشانەکانی دیکە دەدات و بەردەوامی هەیە و دەڵێت: "بۆ نموونە چرچبوونی دەموچاو، وشکبوونەوەی پێستی سەر، تەنانەت بۆنێکی دیاریکراو. ئەمانە وەک نیشانەی هەندێک نەخۆشی سەیردەکرێن. ئەم نیشانانە زۆرجار بە سکچوون و بێهێزی خۆیان دەردەخەن. بەتایبەتی دوای ئەوەی منداڵان کاتێکی زۆر لەبەر خۆردا بەسەر دەبەن.
دەیەوێت زانستەکەی بگوازێتەوە بۆ کچەکانی
شەمسە عەلی وتی: ئەو چارەسەرانەی پێشکەشی دەکات لەسەر بنەمای زانیارییە فۆلکلۆرییەکانە کە لە دایکان و داپیرانەوە دەگوازرێنەوە و منداڵان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش وەڵامی ئەم چارەسەرانە دەدەنەوە.
کاتێک لێی دەپرسن لە ڕۆژێکدا چەند نەخۆش دەبینێت، وتی: هەندێک ڕۆژ چوار پێنج منداڵ دێن، ڕۆژانی تر ژمارەکە زیاترە، هەندێک جار کەس نایەت و هەندێک جار خێزانەکان بە کۆمەڵ دێن.
شەمسە عەلی هیوادارە زانستەکەی بگوازێتەوە بۆ کچەکانی، بەمەش دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئەو نەریتە بەردەوام بێت.