بەسمە محەمەد: ماوەی ١٥ ساڵە کێشەی شەڵتەرەکان چارەسەر نەکراوە

لەگەڵ ئەوەی شەڵتەرەکان بۆ پاراستن و چارەسەری کێشەی ئەو ژنانە دانراوە کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە یاخود لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا ناوی شەڵتەر بە خراپی لەناو کۆمەڵگادا بڵاوە، هەروەها ترس لەسەر ژیانی ئەو ژنانەش هەیە کە تیایدان و کێشەکانیان بنەبڕ ناکرێن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- شەڵتەرەکانی ژنان کە جێیەکە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵگە، بەڵام لە ئێستادا هاوڵاتیان ناوی شەڵتەرەکان بە خراپ دەهێنن و پێیان وایە کە ئەو شەڵتەرانە نەیانتوانیوە پارێزگاری لە ژنان بکەن، بەسمە محەمەد، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق دەربارەی دۆخی ژنانی ناو شڵتەرەکان وتی: ماوەی ١٥ ساڵە بەر بەردەوامی کێشەی ناو شڵتەرەکانی ژنان دیاری دەکرێت، بەڵام چارەسەرییەکان بە پێی پێویست نین، دیاریکردنی کێشە زۆر پێویستە، چونکە تا کێشەکان دیاری نەکرێن ناتوانرێت چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە.

 

"ماوەی چەندین ساڵە نەتوانراوە ناوبانگی شەڵتەر بپارێزرێت"

بەسمە محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی چەندین ساڵە شەڵتەرەکان هەن، بەڵام ناوبانگیان بە باشی نەچووەتە ناو کۆمەڵگا و خێزانەکانەوە، لە لایان ئاسای بێت کچ و ژنەکانیان بۆ پاراستنیان سەردانی شەڵتەرەکان بکەن، بەڵکو دەڵێن کە شەڵتەر شوێنێک نییە بۆ پاراستنی ئابڕوو.

 

ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ دەڵێت: مەترسی لەسەر ژیانی ئەو ژنانە هەیە لەناو شەڵتەرەکاندان، لەدوای هاتنە دەرەوەیان لە شەڵتەردا هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە، بۆیە پێویستە تا دڵنیا نەبنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکە و نەبوونی ترس لەسەر ژیانی ئەو ژنە ڕادەستی خێزانەکەی نەکەنەوە، کارکردن بۆ باشترکردنی ناوبانگی شەڵتەرەکان گرنگە، جا لە ڕێی میدیاییەوە بێت یاخود هەر ڕێگەیەکی دیکەی وەک بەرنامەکردن لەگەڵ ئەو ژنانەی لە شەڵتەرەکاندا بوون و کێشەکانیان چارەسەر بووە، تا کۆمەڵگا و خەڵکی بزانن کە شەڵتەرەکان وەک شوێنێکی چارەسەری بۆ کێشەکان کار دەکات نەک زڕاندنی ناو ژنەکان.

 

"تێکەڵکردنی کەیسەکان لەناو شەڵتەرەکاندا ئەنجامی نەرێنی لێدەکەوێتەوە"

بەسمە دەڵێت: "کەیسەکان جیاناکرێنەوە لەناو شەڵتەرەکاندا و تێکەڵ دەکرێن، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر ژنانی ناو شەڵتەرەکان جێدەهێڵێت، ئەم جیاکاری نەکردنە کار لە دۆخی ژنەکان دەکات، چونکە کەیس هەیە لەشفرۆشییە، نەخۆشی دەروونییە، هەیە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، گرنگە هەموو ئەمانە لە شەڵتەردا تێکەڵنەکرێن بە تایبەت کەیسی توندوتیژییەکان کە دەبێت بیناکانیشیان جیاواز بێت، چونکە کەیسەکانیان سادەترن لەچاو ئەوانی دیکەدا.

 

ئەو پارێزەری مافی مرۆڤە پێی وایە کێشەی بنەڕەتی شەڵتەرەکان نەبوونی یاسایەکی بەڕێوەبەری و ئیدارەیە، هەروەها نەبوونی باوەڕییە بە پرسی ژن، چونکە ئەو کەسانەی لەناو شەڵتەرەکاندا کار دەکەن یاخود بێ ئەزموونن و خۆبەخشن، هیچ باوەڕییەکیان بە ئەو توندوتیژیانە نییە کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت.

 

توانای پاراستنی شەڵتەرەکان بۆ ژنان سنوردارە

بەسمە محەمەد ئەوەشی ڕوونکردەوە ژنان تا ئەوکاتەی لەناو شەڵتەرەکاندان ژیانیان پارێزراوە، زۆربەیان لە دوای چوونە دەرەوەیان هەڕەشەی کوشتن لەسەر ژیانیان هەیە، زۆربەشیان توندوتیژی زۆریان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی ئەو ژنانە دابینبکرێت، ناکرێت هەمیشە لە ترسا بژین یاخود هەمیشە لەو شەڵتەراندا بمێننەوە.

 

ت.پ