بەرەوپێشچوونی ژنانی ڕاگەیەندکار، بێبەشی نەکردوون لە توانجی کۆمەڵگا

ژنانی ڕاگەیەندکار لەلایەن ئەقڵیەتی چەقبەستووی کۆمەڵگا و پیاسالارییەوە بەردەوام ڕووبەڕووی توانج و ڕەخنە دەبنەوە، ئەم فکرە ژنانی نەوەستاندووە، بەڵکوو بووەتە هۆکارێک بۆ بونیادنانی چەندین ژنی بە توانا لە بواری ڕاگەیاندن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- هەرچەندە ژنانی ڕاگەیەندکار ڕێگایەکی سەختیان بڕیوە تا توانیویانە جێگەی خۆیان بکەنەوە لەناو دەزگاکان، ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە و گێچەڵ بوونەتەوە لەکاتی کارکردن تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، هەروەها هەوڵی گەیاندنی ڕاستی و بەدەستهێنانی ئازادی دەدەن بۆ خۆیان و ژنانی دیکە، بەڵام هێشتا ژنان لەلایەن کۆمەڵگا توانجیان لێدەدرێت و لە دەزگاکاندا وەک کاڵا بەکاردەهێنن.

 

ژنانی پەیامنێری مەیدانی و ڕۆژنامەنووسان بوێرانە ڕووبەڕووی توانجەکان دەبنەوە، ئەمە نەک نەبووەتە هۆی وەستاندنیان، بەڵکو هێزی بەرەنگاریی پێدان.

"ژنانی پەیامنێر لەلایەن هاوڵاتی و لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی توانج دەبنەوە"

ژاڵە محەمەد، ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامونووسی مەیدانی، ماوەی ١٣ ساڵە کاری مەیدانی دەکات، دەربارەی کاری میدیایی ژنان دەڵێت: "بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ژنان زیاتر هاتوونەتە ناو بواری ڕاگەیاندنەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی نەبوونی ڕێگری و توانج لەسەر ژنانی پەیامنێر.

 

ژاڵە باسی لەوەکرد، ژنان لە چەندین لاوە هێرشیان دەکرێتە سەر، جا هاوڵاتیان بێت یان لایەنی پەیوەندیدار، هەندێک کات لەلایەن خودی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکارە مەیدانییەکانەوە کێشە و گرفتیان بۆ دروست دەکرێت.

 

"لەگەڵ بوونی ڕێگری، ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەوامن لە کارەکانیان"

ئەو پەیامنێرە وتی: کاری ڕۆژنامەنووسی ئەگەر مەیدانی بێت پێویستی بە وزەیە، ژنان نەیانهێشتووە لە ئاست ئەم کارە بێ تواناییان پێوە دیاربێت، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام بەرکەوتنیان بۆ شتە جیاوازەکان دەبێت بەڵام لە کارەکانیان بەردەوامن.

 

هەروەها وتیشی: پیاوان نەوەستاون لەوەی چیتر سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسانی ژن نەکەن، چونکە پێیان وایە توانای ژنان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە ئاستێکی خراپدایە، کۆمەڵگاش بە گشتی بێ بەش نەبووە لە هەبوونی فکرێکی لەو شێوەیە بە هۆی ئەو کلتوورەی کە بەڕێوەی دەبات.

 

ژاڵە لە قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ژنێک کە هیچکات گوێی بە ڕەخنە و توانج نەداوە و گەیشتووەتە لوتکە بەڵام هەر هەوڵی لەخشتەبردن و دروستکردنی کێشە بۆی دەدرێت، بۆیە هەمیشە ژنانی ڕاگەیاندکار بە هۆشیارییەوە کار دەکەن و لە خەمی ئەوەدان توانجەکان لە کار و ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویان نەبێتەوە.

 

ئەو پەیامنێرە مەیدانییە داوا لەو ژنانە دەکات کە ڕێچکەی کاری خۆیان گرتووە سڵ لە هەبوونی توانج نەکەنەوە، بێ گوێدانە قسەی خەڵکی و کۆمەڵگا درێژە بە کارەکانیان بدەن و جێگەی خۆیان بۆ هیچ کەس چۆڵ نەکەن، بە تایبەتی کاری ڕۆژنامەنووس چونکە یەکێکە لە کارە پیرۆزەکان.

"ڕەخنەی زۆری کۆمەڵگا، بووەتە پێگەیاندنی ژنان لە بواری ڕۆژنامەنووسی"

هاوژین شوانە، پێشکەشکار، پێی وایە هەبوونی ڕەخنە و کۆمەڵگایەکی چەقبەستوو وای لە ژنان کرد لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا پەرە بە کارەکانیان بدەن، بە هۆی هەوڵەکانیانەوە چەندین ژن ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەوە، بەڵام بووە وانەیەک بۆ ژنانی دوای خۆیان و گەیشتن بەم ڕۆژگارەی ئێستا کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بواری ڕاگەیاندندا.

 

وتیشی: کلتور تەواو کاریگەری لەسەر پەروەردەکردنی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی هەبووە، بە جۆرێک پێیان وابووە ژنان ناتوانن کار بکەن بەتایبەت کاری ڕۆژنامەنووسی و بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵگا، بۆیە ئەرکی ڕۆژنامەنووسی بۆ ژنانی کۆمەڵگای کوردی قورس بووە.

 

"ئەم سەردەمە سەردەمی ژنە"

هەرچەند بەربەست و ڕێگری هەبێت دواجار ژنان توانیویانە ئازادانە و سەرکەوتووانە بەسەر بەربەستەکاندا زاڵبن و کاری باشتر ئەنجام بدەن، جێدەستیان دیاربێت لە هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، هاوژینیش بە پێویستی دەزانێت ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕاستیەکان بگەیەنن بە خەڵک.

 

ئەو پێشکەشکارە باسی لەوەکرد کە ڕۆژنامەنووسان ژیانیان پارێزراو نییە، ئەگەر ژنیش بێت کارەکەی ناپارێزراوتر دەبێت.

 

"چەندین دەزگای ڕاگەیاندن هەن ژنان پێشڕەوی دەکەن"

هاوژین شوانە باسی لەوەشکرد لە ئێستادا میدیای زۆر هەن کە ژنان کاری تێدادەکەن بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاویان نەداوە بە ژنان، یاخود بەڕێوەبەری دەزگاکان پیاون و چەندین جار مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەن تا دەگاتە گێچەڵکردن و دەستدرێژیکردن.

 

هاوژین لە بەرامبەردا نمونەی ئەو دەزگایانەی هێنایەوە کە ژنان تێیدا پێشەنگانە کاردەکەن و وتی: هەندێک دەزگا هەن کە ژن پێشڕەوی تێدا دەکات، هەموو ئەو کارمەندانەی کاری تێدا دەکەن ژنن یاخود ژن و پیاون و بە بێ جیاوازی ڕەگەزی کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، ئەو پێشکەشکارە نمونەی دەزگاکەی خۆی هێنایەوە و وتی: "ماوەی چوار ساڵە لە کەناڵی ستێرک کار دەکەم کە دەزگایەکە ژن تێیدا پێشەنگە، هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە بە فکر بینەر ڕابکێشین نەک جل و ڕووخسار".

 

ت.پ