بەهۆی شەڕی سودان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە

لبنا عەلی، پسپۆڕی کاری ستراتیژی لە بواری تەندروستی دەروونی و ڕاوێژکاری خێزانی ڕایگەیاند، بەهۆی داخستنی نەخۆشخانەکانی دەروونی و بنکەکانی تەندروستی، ژمارەی ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن زیادی کردووە.

میرفت عەبدولقادر

 

سودان-شەڕی سودان زۆرترین کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان دروستکردووە، زۆرێک لە ژنان دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراون، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.

 

س.ن. کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات  وتی: بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەرم بوون، دەستم کرد بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بەهۆی داخستنی زانکۆکانەوە دەرنەچووم، ئەمەش مۆڕاڵی منی خراپتر کرد، بۆم دەرکەوت کە ئەو شتەی ئارامم دەکاتەوە ماددەی هۆشبەرە، هەوڵمان دەدا خۆمان لە ڕاستی دوربخەینەوە، دوای ئەوەی بڕیارمدا چارەسەری خۆم بکەم، شەڕ دەستیپێکرد و ناوەندەکانی ئاگادارکردنەوە داخران.

 

لە مانگی حوزەیران دەست بەسەر زۆرێک لە ماددە هۆشبەرەکاندا گیرا

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەزگاکەمان لە یەکەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن لە پارێزگای دەریای سوورەوە پێگەیشتووە، لە مانگی حوزەیراندا لە یەکێک لە ناوچەکانی باشووری شاری پۆرت لە سودان دەست بەسەر ٤٢٤ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە، دەستبەسەر ٢٩٧ کیلۆ ماددەی سەرخۆشکەر و ٦٤ کیلۆ کۆکاین و ٢ کیلۆ حەشیش و ٤ کیلۆ ماددەی  هیرۆین گیراوە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە سودان دا و ڕایگەیاند، ٤٣ دوورگە لە دەریای سووردا هەن کە ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەیەوە دەچێتە سودان.

 

لە سودان لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیاری کراوە کە ژمارەی ئەو ژنانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن ٥ هێندەی پیاوان زیاترە.

 

ژمارەی ئەو ژنانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن زیاترە

زۆرێک لە خێزانەکان لە ترسی ئەوەی ناویان ئاشکرا بێت، ڕەتیدەکەنەوە چارەسەری کچەکانیان بکەن، بەتایبەتی بۆ ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، کە ئەمەش پێچەوانەی بەهاکانی کۆمەڵگەی سودانە و وەک شەرمەزاری سەیر دەکرێت.

 

ساڵی ڕابردوو هێزەکانی سودان هەڵمەتێکی تۆکمەیان دژی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستپێکرد، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە ١٣ هەزار کەس کە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، لە ناوەندەکانی دژە ماددە هۆشبەرەکان چارەسەریان بۆ کراوە، بەپێی سەرژمێرییەکە تەمەنی ئەو کەسانەی پێشتر سەردانی ئەو ناوەندانەیان کردووە لە نێوان ١٤ بۆ ٢٤ ساڵدایە.

 

بەهۆی شەڕەوە هەموو ناوەندەکانی خەبات داخران

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە سودان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، سەرجەم ناوەندەکانی هۆشداری لە خەرتوم داخراون، ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی دۆخی ئەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە.

 

"لەو وڵاتانەی شەڕ هەیە، بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک زیاتر دەبێت"

لبنا عەلی، پزیشکی دەروونی و ڕاوێژکاری خێزان وتی: هەرچەندە هیچ سەرژمێرییەکی ڕوون نییە، بەهۆی ١١ سەنتەری هۆشداری لە ژمارەیەک ویلایەت، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانی نێو کۆچبەران و بەتایبەتی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ڕاوێژکاری دەروونی لە پاش ئەوەی دانیشتنیان لەگەڵ هەمووان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە لە ٩٠%یان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، زیادبوونی ژمارەی ماددە هۆشبەرەکان ئەوە نیشان دەدات کە شەڕ هەیە لەو ناوچەیەدا و ئەوان بەهۆی شەڕەوە فشاریان کەوتووەتە سەر.

 

لبنا عەلی لە کۆتاییدا وتی: دەستمان کرد بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بەڵام بەهۆی تۆڕی پەیوەندییەکانەوە، پەیوەندییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پچڕا تا سەنتەری شاری پۆرت لە سودان کرایەوە.