بەهار عەبدولڕەحمان: حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان تەنراوە بە گەندەڵی
کێشەی نەبوونی سوتەمەنی تا دێت خراپتر دەبێت، هیچ یەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت و دەسەڵات خۆیان بە بەرپرسار نابینن و پەرلەمانیش تا ئێستا هیچ دانیشتنێکی تایبەتی بەو پرسە ئەنجام نەداوە.
شنیار بایز
سلێمانی- وەرزی زستان بەرەو کۆتایی دەڕوات بەڵام کێشەی کەمی سوتەمەنی و خراپی کوالێتی سوتەمەنی بەردەوامە و هیچ هەوڵێکیش بۆ چارەسەرکردنی نەدراوە، ئەمەش وای کردووە هاوڵاتیان دۆخیان بەرەو خراپتر بڕوات و بەهۆیەوە چەندین کەس لە سەرمادا و بە هۆکاری غازی زۆپا گیان لەدەستبدەن.
تا ئێستاش حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارو دەسەڵاتداران لەسەر ئەو بابەتە نەهاتووەنەتە دەنگ، هەروەها پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دانیشتنی تایبەتی بۆ ئەو پرسەو دۆخی هاوڵاتیان ئەنجام نەداوە.
سەبارەت بەو پرسە بەهار عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی داو بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"دۆخی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان لە سەختترین قۆناغدایە"
بەهار عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد کە هاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپدان و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستە حکومەت بۆیان دابین بکات لێی بێبەشن، وتی: "لە وڵاتانی دەرەوە یەک یەک قەیران توشی حکومەت و هاوڵاتی دەبێت بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو قەیرانەکان پێکەوە ڕووی هاوڵاتیانی گرتووە وەک نەبوونی سوتەمەنی، نەبوونی حکومڕانییەکی دیموکراسی، خراپی ڕێگاو بان و چەندین قەیرانی دیکە".
"قەیرانەکان پەیوەستن بە شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان"
بەهار عەبدولڕەحمان ئەوەی خستەڕوو کە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان تەنراوە بە گەندەڵی، حکومڕانییەکی تەندروست بوونی نییە ئەمەش بووەتە سەرچاوەی قەیرانەکان، وتیشی: "پێویستە حکومەت و دەسەڵات لە بەرژەوەندی گەل کار بکەن و هەوڵ بدەن بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات هاوڵاتی و سامانی هاوڵاتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە، لە بەرامبەردا هاوڵاتیان باجی خراپی دۆخەکە دەدەن".
ڕوونیشیکردەوە کە دەسەڵات دەسەڵاتێکی دامەزراوە نییە بەڵکو کۆمەڵێک کەسن لەناو حیزبەکاندا حکومڕانی دەکەن، لە کاتێکدا حیزب ئەرکی ئەوە نییە بەڵکو دامەزراوەکان ڕاستە لە کەسانی حیزبی پێک دێن بەڵام دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەل هەوڵبدەن نەک بۆ بەرژەوەندی تاکی ناو حیزبەکە.
"ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا یەکێکی دیکەیە لە هەڵە ستراتیژییەکانی هەرێم کە دەسەڵات ڕووبەڕووی بووەتەوە"
بەهار عەبدولڕەحمان وتیشی: "دەسەڵات و حکومەت بێئەوەی توێژینەوە بکات لەوەی چۆن بتوانێت سود لەو سامان و داهاتەی نەوتە ببینێت هەستاوە بە بەستنی ڕێککەوتنامەیەکی ٥٠ ساڵی کە بە پێی وتەی شارەزایان کاریگەری زۆر خراپ دروست دەکات لەسەر داهاتی هەرێم و دواجار هۆکارێکە بۆ دروستبوونی قەیرانەکان، چونکە ئەو داهاتەی نەوت لە پاش ئەو ڕێکەوتنە دەمێنێتەوە داهاتێکی کەمە لەگەڵ ئەوەی کەمیشە بۆ هاوڵاتی نییە بگرە بۆ کەسانی خاوەن دەسەڵاتە".
"بێدەنگ بوونی پەرلەمان دوو هۆکاری هەیە"
بەهار عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە دوو هۆکار کرد کە پەرلەمانی کردووە بە پەرلەمانێکی شکڵی، وتی: "هۆکاری یەکەم نەبوونی چوارچێوەی کاری دامەزراوەییە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دەسەڵاتەکان بێ لایەن نین و لە ژێر بڕیاری حیزب مامەڵە دەکەن، پەرلەمانیش بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان پێک دێت بۆیە پەرلەمانیش سەربەخۆ نییە، دەبێت پەرلەمان چاودێری حکومەت بکات و حکومەت ژیانی هاوڵاتی ڕێکبخات بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوەیە حکومەت چ یاسایەک لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت دەیگەیەنێتە پەرلەمان و لە ڕێگای پەرلەمانتارەکانی خۆیەوە دەنگی پێدەدرێت و تێی دەپەڕێنێت، هۆکاری دووەم لەناو پەرلەمان ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی هاوڵاتیانەوە وەلانراون و گرنگی دەدرێت بە بابەتە لاوەکییەکان، دەستەی سەرۆکایەتیش کە سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانە یاساکانی گرنگ بە دۆخی هاوڵاتیان و کێشە و قەیرانەکان ناهێننە ناو پەرلەمان".
باسی لەوەشکرد، کە چوارچێوەیەکی شێواو هەیە لە ڕووی ئیدارییەوە، دەبێت کاری سیاسی خۆی بکات و خزمەت بە هاوڵاتی بکات بەڵام ئەرکەکان تێکەڵ بوون و نە حیزب نە حکومەت کاری خۆیان جێبەجێ ناکەن بەڵکو حکومەت بووەتە داردەستی حیزب و حیزبەکان بەڕێوەی دەبەن.
"پەرلەمان دەبێت دەزگایەکی ڕێکخەر بێت"
باسی لەوەشکرد کە پەرلەمان پێویستە لە هەرشوێنێک کەلێن هەبێت، تیایدا دۆخی هاوڵاتی بەرەو خراپی بچێت هەوڵی چارەسەرکردن بدات و کێشەکان بخاتە ڕوو، هەروەها یاسای تایبەت دەربکات و بۆ هەندێک بارودۆخ بڕیاری پەلە بدات و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە بەڵام نەک تەنها بەو شێوەیە کار ناکات بەڵکو گوێ لە کەمینەکانی ناو پەرلەمانیش ناگیرێت کە کێشەو گرفتەکان دەخەنە ڕوو.
وتیشی: "هەندێک کات پەرلەمانتار و پەرلەمان مان دەگرن لەسەر دەرکردنی بڕیار و یاسایەک کە ئەمە لە هیچ جێگەیەکی دوونیا نەبینراوە پەرلەمان مان بگرێت".
تا چەند یاساکان لەناو پەرلەمان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەردەکرێن؟
لە وەڵامدا بەهار عەبدولڕەحمان وتی: "بەهۆی ئەو سەرلێشێواوییەی لە سیستمی حکومڕانیدا هەیە ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچێت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیدا نییە بەڵکو پێداویستی حیزب چییە بەپێی ئەوە یاسا دەردەچێت، سەرەتا حیزب پێداویستییەکانی دیاری دەکات دواتر دەیداتە حکومەت و لەوێوە گفتوفۆی لەسەر دەکرێت دواتر پەرلەمان بە سودی حیزب بڕیاردەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد لە هەرێمی کوردستاندا پەرلەمان نە یاسا گرنگەکان بەرکار دەکات نە یاسای گرنگیش دەردەکات، ئەوەش بۆ ئەوەی دەرفەتی باشتری بۆ بڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی.
"نەک تەنها نەوت بەڵکو سەرجەم سێکتەرەکان کوالێتیان خراپە"
ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ شتێک لە هەرێمی کوردستان وەک خواردن، دەرمان، نەوت خاوەن کوالێتییەکی باش نین نەوتیش یەکێکە لەو شتانە، ئەمەش وای کردووە چەندین کەس بەهۆی غازکردنی زۆپاوە توشی هەناسە تونگی ببن تا ئەو ڕادەیەی ژیانیان ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، چەندین کەس بەهۆی غازی زۆپاوە گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی: "ئەو نەوتەی دەنێردرێتە دەرەوە نەوتی خاوە و دواجار پاڵآوتنی بۆدەکرێت بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەبوونی پاڵاوگە وایکردووە کوالێتی نەوت باش نەبێت چونکە پاڵاوگە نییە بۆ خزمەتی هاوڵاتی بێت بەڵکو لە خزمەتی حیزبەکاندا کار دەکەن بۆیە ئەو نەوتەی بەکاردەهێنرێت و دەدرێت بە هاوڵاتیان لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت و کوالێتی باش نییە".
لە کۆتایی قسەکانیدا وەک ڕێگە چارەسەرییەک بەهار عبدولڕحمان وتی: "پێویستە دەسەڵات بە خۆیدا بچێتەوە و ڕێوشوێنی تەندروست بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و دەسەڵات بگرێتەبەر ئەگەر نا لە بەرامبەر هاوڵاتیاندا خۆی دەبینێتەوە"، ئاماژەی بەوەدا زۆر دەسەڵاتداری دیکە هەبوون حکومڕانیان لەگەڵ ئەوەی درێژەی کێشاوە بەڵام چونکە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا نەبووە لەناوچوون.