بازاڕی ژنان لە یکاولینگ... چیرۆکی خۆڕاگری دوای جەنگ

لە نێوان بیرەوەریی لەدەستدانی ئازیزان و ئاستەنگەکانی ژیاندا، ژنانی یکاولینگ لە ئەفغانستان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ڕێگاکانی ژیاندا، بە پشتبەستن بە کار و سووربوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخێکی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

بەهاران لەهیب

 

بامیان ـ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر یەکێک لە خوێناوییترین وێستگەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەفغانستاندا، هێشتا شوێنەوارەکانی لە یادەوەریی دانیشتووان و ژیانی ڕۆژانەیاندا بە زیندووی ماوەتەوە، لە یکاولینگ لە پارێزگاری بامیان کە بە پلەی یەکەم زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پەیڕەوانی هەردوو پێکهاتەی سادات و هەزاره پێکدێن، کاریگەرییەکانی جەنگ تەنها لە زیانە گیانییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو فراوان بووە بۆ دروستکردنی دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی نوێ کە ژن لە ناوەڕاستیدا بوو، پاش ئەوەی خۆی بینییەوە بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی خێزان و بونیاد نانەوەی ژیان لە سفڕەوە لە ئەستۆ دەگرێت.

 

لە ماوەی قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ناوچەکە یەکێک لە خوێناوییترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەفغانستانی بەخۆوە بینی، کاتێک زیاتر لە ۳٥۰ کەسی مەدەنی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵدا کوژران، هەروەها دەیان دانیشتووی ناوچەکە ناچار بوون بۆ ڕزگارکردنی گیانیان ڕوو لە چیا بەفرگرتووەکان بکەن، هەندێکیان لە سەرمای تونددا رەق بوونەوە و مردن، هەندێکی تریش دوای گەڕانەوەیان بە فیشەک لەسێدارە دران.

 

کارەساتەکە تەنها زیانبەرکەوتووانی نەگرتەوە، بەڵکو شوێنەوارەکانی درێژ بووەوە بۆ سەر ژنان و منداڵان کە ناچار بوون بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە چیاکان پەنا بگرن و لە شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان تاڵیبان و حزبی ”وحدە” لە پارێزگای بامیان و ناوچەی یکاولینگ ڕابکەن.

 

ئازاری دانیشتووانی یکاولینگ هەر لە سنووری کۆمەڵکوژییەکەدا نەوەستا، بەڵکو درێژبووەوە تا دوای کۆتایی هاتنیشی، بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕێگریی کرد لە ناشتنی تەرمی زیانبەرکەوتووان، پێش ئەوەی پیاوماقووڵانی ناوچەکە دوای نێوەندگیرکردن ڕەزامەندی بەدەست بهێنن بۆ کۆکردنەوەی تەرمەکان لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە و سەرجەم ناوچەکە و ناشتنیان، لەو کاتەوە تا ئێستاش ئەو ڕووداوانە برینێکی کراوەن لە یادەوەریی دانیشتوواندا و تا ئێستاش سێبەریان بەسەر ژیانیانەوە هەیە.

 

لەناو پێکدادانەکانی نێوان تاڵیبان و حزبی ”وحدە” لە بامیان و یکاولنگ، توندوتیژییەکان تەنها لە کۆمەڵکوژیەکەدا سنووردار نەبوون، دوای ئەوەی هێزەکانی حزبی ”وحدە” ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردەوە، ماڵی چەند دانیشتوویەک بە بیانووی هاوکاری گوماناوییان لەگەڵ تاڵیبان سووتێنرا، لە نێوان ئازارەکانی هەردوولادا گیرا، ئازاری زیانبەرکەوتووان و خێزانەکانیان لەدەستچوو، لەنێویاندا ئازاری دایکی میر عەلی کە بە شێوەیەکی کارەساتبار کوڕەکەی بە دەستی تاڵیبان لەدەستدا.

 

لەگەڵ ڕووخانی حکومەتی یەکەمی تاڵیباندا، ئەوانەی لە ژیاندا ماونەتەوە و زۆربەیان ژنان و منداڵان بوون، گەڕانەوە بۆ یکاولینگ بۆ ئەوەی گەشتێکی قورس بۆ بونیادنانەوەی ژیانیان بە توانای کەمەوە دەست پێبکەن، بەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا، ژنان بوونە هەڵگری بەرپرسیارەتیی بەخێوکردنی خێزانەکانیان.

 

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، زۆرێک لە خێزانەکان بۆیان دەرکەوت کە خوێندن تاکە ڕێگایە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر، هەر بۆیە کاریان کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان تا بەردەوام بن لە خوێندنەکەیان، تەنانەت ئەگەر بە نۆبەش بووبێت لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، دوای چەند ساڵێک لە خوێندن، زۆرێک لە ژنان پەیوەندییان بە بازاڕی کارەوە کرد و وەک مامۆستا، پرۆفیسۆری زانکۆ و فەرمانبەر لە دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکاندا کاریان کرد، لە ماوەی دوو دەیەکەدا لە سەرجەم کەرتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا بەشدارییان کرد، دوای ئەوەی بە هەوڵێکی زۆر مافی خۆیان لە خوێندن و کارکردندا بەدەست هێنا.

 

بەڵام ئەم ڕێڕەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات بە شێوازێکی لەناکاو وەستا، دانیشتووانی بامیان بە نیگەرانییەکی قوولەوە پێشوازییان لەم گۆڕانکارییە کرد، چونکە کۆمەڵکوژییەکانی پێشووی ناوچەکە و رووخانی پەیکەرە مێژووییەکانی بوداش لە یادەوەرییاندا ون نەبوو،  بە تێپەڕبوونی کات، دانیشتووان لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا ڕاهاتن، بەڵام ژنان زیاترین زیانیان بەرکەوت بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەسەڵاتدارانی نوێ سەپاندیان.

 

ئەو ژنانەی کە ٢٠ ساڵیان لە خوێندن و کارکردندا بەسەر بردووبوو، نزیکەی هەموو کارەکانیان لەدەست دا، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لەوانە بەخێوکەری سەرەکیی خێزانەکانیان بوون، بێبەشکردنیان لە کار بووە هۆی تێکچوونی دۆخی سەدها خێزان و خستنیانە ناو ئاستەنگە ئابووری و گوزەرانییە قورسەکانەوە.

 

سەرەڕای ئەم دۆخانە، ژنانی یکاولینگ خۆیان بەدەستەوە نەدا، بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوەی داهاتێکدا کە کەمترین سەقامگیری بۆ خۆیان و خێزانەکانیان مسۆگەر بکات، گۆشەیەکی تایبەتیان لە ناو بازاڕی خۆجێییدا دروست کرد، کە ناویان لێنا "بازاڕی ژنان". ئەم پرۆژەیە بە ژمارەیەکی کەم لە دوکان دەست پێکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بە شێوازی بە تێپەڕبوونی کات فراوان بوو، تا ئەمڕۆ بووەتە شوێنێک کە دەیان ژن تێیدا کار دەکەن و پشت بەو داهاتە کەمە دەبەستن کە بەدەستی دەهێنن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان و بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی باری قورسی ژیان.

 

بازاڕێک کە ژنانی کرێکار لە شوێنێکدا کۆ دەکاتەوە

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ژنانی کرێکار لەم بازاڕەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەسمە ڕەزایی، یەکێک لە ژنە بازرگانەکانی یکاولینگ ئەنجام دا، کە نزیکەی ١٠ ساڵە لە بازاڕی ژناندا کار دەکات، وتی: لە بواری دەستڕەنگینی و فرۆشتنی جلوبەرگدا کار دەکەم، نزیکەی ١٠ ساڵە لە بازاڕی ژناندا چالاکییەکانم بەڕێوە دەبەم، دۆخمان لە ساڵانی ڕابردوودا باشتر بوو، بەڵام ئەمساڵ ڕووبەڕووی ئاستەنگە گەورەکان دەبینەوە، تەنانەت لە دابینکردنی کرێی دوکانەکەشدا دەناڵێنین.

 

سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی بازاڕی ژنان، ڕوونی کردەوە، کە پێشتر ژنان لە دوکانی جیاجیادا کاریان دەکرد، پێش ئەوەی داواکارییەک پێشکەش بە شارەوانی بکەن بۆ دروستکردنی بازاڕێک کە هەموویان لە شوێنێکدا کۆ بکاتەوە وتی: ئێمە ویستمان لە یەک شوێن پێکەوە کار بکەین، هەر بۆیەش ئەم بازاڕە دروست بوو، زۆربەی کڕیارەکانمان خەڵکی ناوچەکەن، بەڵام لە ساڵانی پێشوودا بیانییەکانیش دەهاتنە بازاڕ بۆ کڕینی بەرهەمەکانمان.

 

بەسمە ڕەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تەنها کاری بازرگانیی نەکردبوو، بەڵکو لە بواری چنیینیشدا بە هاوکاریی یەکێک لە ڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی پشتگیریکردنی ژنان و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابوورییەوە کاری کردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامێکی ئاراستەی ژنانی ئەفغانستان کرد و تێیدا داوای کرد کە پشت بە خۆیان ببەستن و ڕادەستی دۆخەکە نەبن، وتی: ئامۆژگاریی سەرجەم ژنان دەکەم کە هەوڵ بدەن لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن، ڕسق و ڕۆزیی خۆیان بە هەوڵی دەستی خۆیان بەدەست بهێنن و چاوەڕێی منت لە کەس نەکەن، پرۆژەی تایبەتی خۆیان دەست پێبکەن، با بچووکیش بن، چونکە لەوانەیە ببنە دەستپێکێک بۆ بازرگانییەکی سەرکەوتوو و داهاتوویەکی باشتر.