باخچەی ئاژەڵان، جێگەیەک بۆ دیل کردنی ئاژەڵان

لە هەرێمی کوردستان چەندین باخچەی ئاژەڵ هەن کە دۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە و هیچ پێوەرێکی جیهانیان نییە، ئەم باخچانە بەدەست کەرتی تایبەت و بازرگانەکانەوەن، کەلە پێناو دەستکەوتنی سەرمایە کاردەکەن و بانگەشەی پاراستنی مافی ئاژەڵانیش دەکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- باخچەی ئاژەڵان جێگەیەکە تێیدا هەمەجۆری ئاژەڵانی کۆکردووەتەوە، ئەو شوێنەیە ئاژەڵی کێوی و جۆرە تایبەتەکانی ئاژەڵی ناو ژینگەی وەک دیلێک کردووەتە قەفەسەوە، باخچەی ئاژەڵان بیرۆکەی کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵاتە بۆ کۆکردنەوەی ئاژەڵە بەهێز و جیاوازەکان و پیشاندانیان بە کۆمەڵگا.

 

کۆکردنەوەی ئاژەڵە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ٢٥٠٠ی پێش زاینی کەلە میسر و چەند ناوچەی دیکە ئاژەڵەکانیان کۆدەکردەوە تا بزانن چۆن گەشە دەکەن، جگە لەمانە باخچەی ئاژەڵان لە شارستانیەکانی دیکەدا هەبوون وەک چین، یۆنان و ڕۆما و مەکسیک.

 

دوای بە دوای ئەمە سەردەمی ڕۆشنگەری دێت کە دەکاتە سەدەی ١٨، ئەو سەدەیەی بە پێشکەوتنی عەقڵ و زانست و لۆژیک ناسراوە، لەم کاتەدا خەڵکی بەهۆی پێشکەوتنی زانست دەستیان کرد بە خوێندن لەسەر ئاژەڵ، زاناکان هەمیشە لە لێکۆڵینەوەدابوون بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری ئاژەڵان بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو ئاژەڵان لە شوێنێکدا بهێڵنەوە لە سروشتەوە نزیک بێت، جێیەک بێت گونجاو بێت بۆ ژیانکردنی ئەوان، بۆیە باخچەی ئاژەڵانیان دروستکرد، یەکەم باخچەش ساڵی ١٧٩٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کرایەوە.

یەکێک لە باخچە گەورەکانی جیهان باخچەی ئاژەڵانی "سان دیگۆ"یە کە دەکەوێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووبەرەکەی زیاترە لە ١٠٠ دۆنم و زیاتر لە ٨٠٠ جۆر ئاژەڵی تێدایە.

"باخچەی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان بە پێی پێوەرە جیهانییەکان نییە"

هانا ئەحمەد، پسپۆڕی گیانەوەرە کێوییەکان و بەڕێوەبەری پڕۆژەی پاراستنی پڵنگی کوردستان لە ڕێکخراوی سروشتی عێراق، دەربارەی دۆخی باخچەی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، بە پێی ئەو پێوەرە جیهانیانەی دانراوە بۆ باخچەی ئاژەڵان لەلایەن ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ باخچەکان هەروەها ڕێکخراوی EAZA باخچەی ئاژەڵان بەگشتی و ئاژەڵی کێوی بەتایبەت لە دۆخێکی خراپدایە و لەئاستی جیهاندا دواکەوتووە.

هەندێک لە باخچەکان لەگەڵ بوونی کەموکورتی زۆر بەڵام ئەو بانگەشەیە بڵاودەکەنەوە کە باخچەکان لە ئاستێکی جیهانیدان و مەبەستیان پاراستنی ئاژەڵی کێویە کە خۆی لە ڕاستیدا بەم شێوازە نییە و هیچ پێوەرێکی جیهانیان تێدا نییە. وەک هانا باسی لێوەدەکات بۆ نمونە باخچەی ئاژەڵانەکەی شاری هەولێر بەردەوام بڵاوی دەکەنەوە باخچەکەیان ئەندامە لە کۆمەڵگەی جیهانی بۆ باخچەی ئاژەڵان کە ئەم کۆمەڵەیە پێوەری تایبەتی هەیە و یەکێک لە پێوەرەکان پاراستنی گیانی ئاژەڵانی کێویە، بەڵام هیچ کام لە پێوەرەکان بوونیان نییە لە باخچەکەدا.

هانا هۆکاری ڕیکلام کردن بۆ ئەو باخچانە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی هیچ لایەنێک کە لێپێچینەوە بکات لە ئیدارەی باخچەکان و گرنگی نەدانی هاوڵاتیان بە باخچەکان، بۆیە ئەوانیش بەردەوام لە هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی جیهانی تایبەتمەندی باخچە دەبێت بەم جۆرە بێت "باخچەیەک کە تەواو سروشتی بێت بۆ ئاژەڵەکانی ناوی، پێویستە لەناو شاردا نەبێت چونکە بەردەوام هەوای پیسە و دەنگی بەرزی تێدایە، پێویستە ڕووبەرێکی گەورەی هەبێت تا ئەژەڵان بتوانن بە ئاسای ژیانی تێدا بکەن، جێگەیەک بێت شیاو بێت بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل تا سەردانیکەرانی بە ئاسانی پێیدا بڕۆن، دەبێت کەشوهەوا بۆ جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵان بنیاد بنرێت بۆ نمونە ئەو ئاژەڵانەی لە ناوچەی زۆر سارددا دەژین پێویستە کەشێکی ساردیان بۆ دروست بکرێت".

پێوەرەکانی باخچەی ئاژەڵان چین؟

هانا ئەحمەد لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، باخچەی ئاژەڵان لە هەرێمدا ڕووبەڕێکی گەورەیان بۆ دابین کراوە، بەڵام ژینگەیەکی تەواو تەندروستان بۆ دابین نەکراوە کە ئەمەش پێچەوانەی پێوەرەکانە، مەبەست لە بوونی ژینگە واتە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو ئاژەڵە، بۆ نمونە شێرێک کە بەردەوام پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر گۆشتە ناتوانێت ڕۆژانە بە پارچە گۆشتێکی کەم تێر بخوات و دەبێتە هۆی لاوازبوونی و دروستبوونی کەمی ڤیتامینات، بەهەمان شێوە ورچ کۆمەڵێک خۆراکی تایبەت بە خۆی هەیە وەک هەندێک میوە و هەنگوین کە خۆی بە سروشتی دەیدۆزێتەوە لە کرۆکی دارەکاندا، بەڵام لە باخچەکانی کوردستان نان دەدرێت بە ورچ.

 

ئەو پسپۆڕە وتیشی نابێت مرۆڤ نزیک ئاژەڵەکان ببێتە و خۆراکیان پێبات، نەک وەک باخچەکانی ئێمە کە کاهوو و گوێزەر بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت تا بیدەنە ئاژەڵەکان بەڵکو دەبێت خۆراکی تایبەت بە خۆیان پێبدرێت و جێگەی تایبەت هەبێت وەک کۆگایەکی ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتنی خۆراک.

جیا لەمە پێویستە لە باخچەکاندا پسپۆڕی تایبەتی ڤێرتێنەری هەبێت، ڕێنیشاندەر هەبێت بۆ سەردانیکەران تا مەترسی دروست نەبێت بۆسەر مرۆڤەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەبری دابینکردنی کەسانی شارەزا چواردەوری ئاژەڵەکانیان بە تەلبەن گرتووە تا مەترسی دروست نەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی تێکدانی دەروونیان و زۆرینەیان هەڵسوکەوتنی سەیر دەکەن و گاز لە قەفەسەکان دەگرن.

 

"تێکەڵبوونی ئاژەڵەکان مەترسییە"

نابێت گیانەوەری ماڵی ڕابگیرێت لە باخچەی ئاژەڵاندا وەک "سەگ، پشیلە و بزنی ماڵی"، هانا ئەحمەد، مەترسی تێکەڵبوونی ئاژەڵەکان ڕووندەکاتەوە و دەڵێت "ئاژەڵی ماڵی بە شێوەیەکی سروشتی تێکەڵبوونیان نییە لەگەڵ ئاژەڵە کێویەکان، بەڵکو بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ مرۆڤدا، لەوکاتەی ئەم ئاژەڵانە تێکەڵ دەکرێن چەندین نەخۆشی لە ئاژەڵانی کێویەوە دەگوازرێتەوە بۆ ماڵییەکان دواتر بۆ مرۆڤ". بە نمونە ئاژەڵەکانی باخچەی ئاژەڵانی نەورۆز لە شاری سلێمانی کە زۆرینەی زۆریان نەخۆشن.

"بازرگانەکان تەنها لە خەمی گیرفانیاندان نەک پاراستنی ئاژەڵەکان "

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە وتی: "بەهۆی ئەوەی باخچەکان بە دەستی کەرتی تایبەت و بازرگانەکانەوەن بۆیە لەودۆخەدان، وە بازرگان بەردەوام لە خەمی گیرفانیدایە نەک پاراستنی ئاژەڵ کە بەردەوام ڕیکلامی ئەوە دەکەن".

 

باسی لەوەشکرد بە مەبەستی دەستکەوتنی سەرمایەی زیاتر، باخچەی ئاژەڵان لە تەنیشت کافتریا و چێشتخانەکانەوەن لە هەرێمی کوردستان، ئەمە زۆر هەڵەیە و دەبێت هۆی تێکدانی دەروونی ئاژەڵەکان و بەتایبەت ئاژەڵی کێوی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە بازرگانەکان مافی خۆیانە هەوڵی بەدەستهێنانی سەرمایە بدەن بەڵام با ئامانجی یەکەمیان پارە نەبێت بەڵکو خزمەتکردن بێت.

"یاسا پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئاژەڵان"

پێویستە یاسای تایبەت هەبێت بۆ ڕێکخستن پێوەرەکان و دەستەبەرکردنی مافی ئاژەڵان، هەروەها چاودێری باخچەی ئاژەڵەکان بکرێت و هەر کەسێک خوازیارە باخچەیەک بکاتەوە و  ئاژەڵی تێدا بەخێوبکات مەرجی تایبەتی بۆ دابنرێت و داوا بکرێت هەموو جۆرە پێداویستییەک بۆ ئاژەڵەکان دابین بکات، هەروەها ئەو کارمەندانەی لە باخچەکەدا کار دەکەن شارەزاییان هەبێت لە ڤێرتێنەری، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو کەسانەی کار لە باخچەکاندا دەکەن لەبەر بێ کاری و دانەمەزراندن و نەبوونی بڕوانامە کاری تێدا دەکەن.

 

هانا ئەحمەد باسی لەوەشکرد، حکومەت و کەرتی تایبەت خوازیارن بۆ کردنەوەی باخچە و چەندین شوێنی دیکە و شانازی پێوە بکەن، بەڵام نە بنەما نە پێوەرەکانی نازانن و بە هەڵە بەڕێوەی دەبەن.

 

ت.پ