بۆ ئاشتی، ژنان ٨ کۆتر ئازادکران
ژنانی پارتی سەوزی کوردستان لە یادی ڕۆژی جیهانی ژناندا هەشت کۆترییان ئازاد کرد، جەختیان لەوەکردەووە، تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت و ژن پەروەردەکاری کۆمەڵگایە.
ناوەندی هەواڵ
سبەینێ ڕۆژی جیهانی ژنانە، لەبەر ئەوەش بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، لە درێژەی چالاکیەکانیشدا بۆ ٨ی مارس ژنانی ڕێکخراوی پارتی سەوزی کوردستان بە بەشداری ژنانی ڕیکخراوەکانی دیکە، لە ناوەندی سەرەکییان لە شاری سلێمانی ٨ کۆتریان ئازادکرد.
کۆتر لە تەواوی جیهاندا بە ڕەنگە سپییەکەی نیشانەی ئاشتی و ئازادییە، ئەو ٨ کۆترەش قردێلەی مۆر کە بە ڕەنگی ژنان ناسراوە کرابووە ملیان ئازادکران.
جیهان محەمەد، سکرتێری ژنانی پارتی سەوز لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەم چالاکییان هەم وەک چالاکییەک بۆ ٨ی مارس و هەم وەک چالاکییەکی ژینگەی ئازادکردنی باڵندەکان ئەنجام داوە.
جەختی لەوەش کردەووە، ئەم ٨ کۆترە نیشانەیە بۆ ٨ی مارس و ئازادی ژنان، تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگاش ئازاد نابێت، پێویستە هەموو کۆمەڵگا کار بۆ ئازادی ژن بکەن، چونکە ژنان پەروەردەکاری تەواوی کۆمەڵگان.
ت.پ