"بە سیاسەتی برسی کردن دەیانەوێت ئیرادەی ئێمە بشکێنن"

ژنان لە گەڕەکی شێخ مەقسود ئاماژەیان بەوەکرد کە ڕژێمی سوریا گەڕەکەکەیانی گەمارۆداوە و رێگری کردووە ئارد بچێتە ناو گەڕەکەکەوە و وتیان: "هەزاران کەس بەهۆی گەمارۆکەوە برسین، بە بڕینی پێداویستیەکانی ژیان شەڕمان لەگەڵ دەکەن".

حەلەب

لە ١٣ی ئادارەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب لە لایەن ڕژێمی سوریاوە گەمارۆداوە، هیچ نانێک لە عەمبارەکاندا نەماوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەزاران کەس ڕووبەڕووی برسیەتی ببنەوە، جگە لە گەمارۆکە، هاوڵاتیان زۆر زەحمەتی دیکە دەبینن هەروەها کاتێک لە بازگەکاندا تێدەپەڕن ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، ژنان لە گەڕەکی شێخ مەقسود سەبارەت بە گەمارۆی ڕژێمی سوریا لەسەر گەڕەکەکە و ڕێگەنەدان بە نان و ئارد بۆ چوونە ناو گەڕەکەکە قسەیان بۆ کردین.

 

"بەهۆی گەمارۆکەوە لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە"

سڵتانا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە گەمارۆکە نرخی شتومەک و کاڵاکان زیاد دەکات و وتی: "ئێمە لە دابینکردنی ناندا زۆر کێشەمان هەیە، چونکە ڕژێمی سوریا ڕێگە نادات ئارد بێتە گەڕەکەکە، بەهۆی نرخەکانەوە زۆر کەس لەبرسیدان و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشی لەناو خەڵکدا، ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت ئەوا کێشەی زۆر دەبێت لە دۆزینەوەی دەرماندا، خواردن توخمێکی سەرەکیە بۆ ژیان، بە هەموو شێوەیەک هێرشیان کردە سەرمان و ئێستا بە بڕینی پێداویستیەکانی ژیان شەڕمان لەگەڵ دەکەن ژن و منداڵ ئەوانەن کە زۆرترین ئازار بەهۆی گەمارۆکە دەچێژن، ڕژێمی سوریا دەڵێت کورد خوازیاری پارچەبوونە، ئێمە پارچەنەبونمان دەوێت داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە و گەمارۆکانی سەر گەڕەکەکەمان هەڵبگرن".

 

"دەیانەوێت بە برسیکردن ئیرادەی ئێمە بشکێنن"

ئەمینە شێخۆ ئاماژەی بەوەکرد کە کاریگەرترین شت کە کاریگەری لەسەر خەڵک دروست کردووە، نەبوونی نانە و وتی: "بە سیاسەتی برسی کردن دەیانەوێت ئیرادەی ئێمە بشکێنن کاتێک مرۆڤ لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بێبەش دەبێت، ژیان زۆر سەخت و دژوار دەبێت، . شەڕی برسیەتی قورسترین جەنگە چونکە مرۆڤ ناتوانێت بەبێ خواردن بژیت داوا لە رژێمی سوریا دەکەین کە ئەو گەمارۆیە لەسەر گەڕەکەکانمان هەڵبگیرێت".

 

"داوا لە رژێمی سوریا دەکەین کە گەمارۆی سەرمان هەڵبگرێت"

سیهام ئیسماعیل ئەوەی خستەڕوو کە بە تێنەپەڕاندنی ئارد دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی گەڕەکەکە تێکبشکێنن و وتی: "گەڕەکەکەمان شوێنێکی ستراتیژی هەیە چونکە دەچێتە ناو چەقی حەلەبەوە هەروەها ئێمە بەشێکین لە خاکی سوریا، لە هیچ وڵاتێکی ترەوە نەهاتووین، کاتێک لە بازگەکانیشدا تێدەپەڕین، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبینەوە داوا لە رژێمی سوریا دەکەین کە گەمارۆی سەر ئێمە هەڵبگرێت و ڕێگە بە پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیان بدات بێتە ناو گەڕەکەکانمانەوە".