"بێ خاوەنی کەیسەکانی ژنان ڕێکارە یاساییەکان لە دادگا خاو دەکاتەوە"

بەشێکی زۆری کەیسەکانی تایبەت بە دۆزی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە دادگاکاندا ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە، پارێزەرێکیش دەڵێت بەهۆی بێ خاوەنی کەیسەکانەوە یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان ماوەیەکی زۆری پێدەچێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ئاژانسی نوژنها و میدیاکانی دیکەوە بڵاوبووەتەوە ٨٤ ژن کوژراون و خۆیان کوشتووە یاخود هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

 

بەشێکی ئەم کەیسانە لە دادگاکان لەبەر ئەوەی لەلایەن خێزانەکانیانەوە سکاڵا تۆمار ناکرێت، یاخود بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کەیسەکە نییە بۆیە ماوەیەکی درێژخایەن کەیسەکە لە دادگا دەمینێتەوە، ئاژانسی نوژنها بەدواداچوونێکی بۆ کەیسەکانی ژنان کرد تا بزانێت تا چەندە تۆمەتباران دەستگیردەکرێن و دادگاکان چۆن کارەکانیان بەڕێوەدەبەن.

 

کەرکوک

عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە نوژنهای ڕایگەیاند، لە یەکی شوباتی ٢٠٢١ برایەک لە کەرکوک دوو خوشکی خۆی کوشتووە، دەستگیرکراوە، "دوو سێ جار کەمینمان بۆ داناوە، بکوژەکە پێشتر کەسێکی دیکەشی لە هەولێر کوشتووە،  لە مانگی حەوتیشدا کچەکەی خۆی کوشت".

 

لە ١٨ی تشرینی دووەم لە گەڕەکی شۆراو لە شاری کەرکوک، ژن و پیاوێک لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دەکوژرێن، دواتر شەش کەس وەک تۆمەتبار دەستگیرکراون.

 

سلێمانی

لە سلێمانی لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١ ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە گوندی ژاڵە خۆی خنکاند، لەسەر سکاڵای خێزانەکەی هاوژینەکەی دەستگیرکرا، لە ٧ی حوزەیران لە بەکرەجۆ پیاویک هاوژینەکەی دەکوژێت، دەستگیردەکرێت، لە ١١ی حوزەیران لە گوندی عەزیزئاوا تەرمی ژنێکی چالاکوان دەدۆزریتەوە، سێ کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون.

 

گەرمیان

لە گەرمیان لە ئێوارەی ٢٧ی ئادار لە گوندی چەوری لە ناحیەی نەجولی قەزای کفری برایەک خوشکەکەی خۆی دەکوژێت، کە تەمەنی ٢٥ و دایکی دوو منداڵ بووە، دەستگیرکراوە.

 

کۆیە

لە ١٥ی نیسان باوکێک کچەکەی لەسەر چەمی کانی دەخنکێنێت، کە ٢٣ ساڵە و دایکی منداڵێکی شەش مانگە، دەستگیرکراوە، لە ١٨ی ئاب لە تەقتەق ژنێکی گەنج بەناوی ئەوین ئەحمەد لە ئاهەنگێکدا لەلایەن ئامۆزەکەی دەستڕێژی گولە دەکرێتە سەری و دەکوژرێت، دەستگیرکراوە.

 

هەرچەندە ئەم کەیسانەی تۆمەتباری تاوانەکان دەستگیرکراون، بەڵام بەشێکی زۆری کەیسەکان لە دادگاکاندا ماون، لەم بارەیەوە شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر و سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی بۆ ژنان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، زۆرینەی کەیسەکانی ژنان لە دادگا کاتی زۆری دەوێت تا دەگاتە بڕیاری کۆتایی دادگا یاخود "هەر دەستت ناکەوێت".

 

ئەوەش ئاشکرا دەکات، زۆرینەی کەیسەکان لەلایەن ئەو کەسانەی کە مافی سکاڵاکردنیان هەیە سکاڵا تۆمار ناکرێت، بۆیە سکاڵاکار بوونی نییە، ئەمەشی گەڕانەوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی کوشتن لەلایەن ئەندامانی خێزانەوەیە، "هەندێک جاریش شێوازی کوشتنەکە ئەگەر لە دەرەوەی خێزانەکەش بێت ئەیبەستنەوە بە شەرەف و بۆیە ئەو خێزانە ئەیانەوێت خۆیان بێبەری بکەن لەو کچە".

 

"هەر لەبەر ئەوەی سکاڵاکار نییە، لەگەڵیشدا بەڵگە نییە، گەواهیدەر نییە، لەهەمان کاتیشدا بەهۆی زۆری کەیسەکان لەناو دادگادا کە خاوەنیان هەیە، بۆیە ئەم دۆسیانە تا ڕادەیەک دوا دەکەوێت و پشتگوێ دەخرێت، هەرچەندە داواکاری گشتی کاری لەسەر دەکات، بەڵام ڕێکارەکان خاوتر دەبێت لەبەر ئەوەی کەس نیە ڕۆژانە بەدواداچوون لە دۆسیەکە بکات".

 

لە حاڵەتی کوشتنی ژناندا خێزان خۆی بێبەری دەکات

بەڵام ئەوەش ڕووندەکاتەوە، ئەگەر تەنانەت خێزانەکانیش بیانەوێت تاوانەکان بشارنەوە ئەوان وەک ڕێکخراو و لایەنی پەیوەندیدار لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئیشی لەسەر دەکەن و ڕێگا بە شاردنەوەی دۆسییەکان نادەن.

 

"ئێمە هەمیشە لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە بەردەوام کار لەسەر جوڵاندن و بەردەوام کەیسەکان دەکەین، لە ڕێگای هەواڵپێدەری نهێنیەوە توانیومانە هاوکاری دادگا بین".

 

خۆبێبەری کردنی خێزانەکان لە کاتی حاڵەتێکی کوشتنی ژناندا جیهاندا هەیە،  بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆی ١٠ ژن کە کوژراون ٦یان لەلایەن یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەوە ئەنجامدراوە، لە بەرامبەردا خێزانەکان لە دادگاکاندا سکاڵا تۆمار ناکەن.

 

سەرباری ئەوەی خێزانەکان سکاڵا تۆمارناکەن، لە ڕووی یاسایشەوە لە هەرێمی کوردستان هیچ ڕێکخراوێک مافی تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر ئەو تاوانانە نییە، هەر لەبەرئەوەشە ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەکەن تا ڕێگا بە تۆمارکردنی سکاڵا بدەن و تاوانەکانی کوشتنی ژنان نەشاردرێتەوە.

 

ت.پ