"٥٥٠ یاداشتمان داوە بە کەرتی پەروەردە و پەرلەمان"

مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە سێ هەفتەیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و باس لەوەش دەکەن نزیکەی ٥٥٠ یاداشتیان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ بەڕێوەبچێت.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- مامۆستایانی وانەبێژ لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان بەردەوامن لە گردبوونەوە و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، تا ئەوکاتەی داواکارییەکانیان کە دامەزراندن و پێدانی مافەکانیانە جێبەجێدەکرێت، یەکێک لە مامۆستاکانیش بە ژنهای ڕاگەیاند کە ٤٥ جارە خۆپیشاندانمان کردووە تا جێبەجێکردنی داواکانمان بەردەوام دەبین.

 

پەخشان عوسمان، مامۆستای وانەبێژ، باسی لەوەکرد کە نزیکەی ٥٥٠ یاداشتیان داوە بە لایەنی پەیوەندیدار و تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، "وەکو مامۆستای وانەبێژ ٤٥ جارە خۆپیشاندان دەکەین، ئەمڕۆش ١٥ ڕۆژە کەلە گردبوونەوە بەردەوامین، ئێمە تا ئێستا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە کەرتی پەروەردە، وەزارەتی دارایی و ئەندام پەرلەمانەکان چەندین جار دانیشتنمان کردووە و ٥٥٠ یاداشتمان ئاڕاستە کردوون، بەڵام هیچ سودێکی نەبووە".

 

پەخشان باسی لەوەشکرد کە ساڵی ٢٠٢٠ بڕیاردرا وەزیری دارایی و پەروەردە کۆببنەوە تا بڕیارێک لەسەر چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ بدەن، دەشڵێت: "بەڵام تا ئێستا هیچ دەرەنجامێکی نەبووە کۆبوونەوەکانیان".

 

ئەو وانەبێژە دەربارەی بڕیاری بەردەوامیدانیان ئاماژەی بەوەدا کە هەتا نەگەینە ئەنجام ئێمە بەردەوام دەبین، "ئەنجاممان یان گرێبەستە یاخود هەمیشەیی بوونە" پەخشان وایوت.

 

سەنا عومەر، مامۆستای وانەبێژە و وانەی زانست دەڵێتەوە، لەگەڵ منداڵەکەیدا بەشداری گردبوونەوەی مامۆستایانی کردووە، باس لەوەدەکات کە ماوەی ١٥ ڕۆژە گردبوونەوەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ کەسێک خۆی بە خاوەنی مامۆستایانی وانەبێژ نازانێت و ئاوڕیان لێنادەنەەوە، وتیشی هیوادارین چالاکییەکانمان جێگەی خۆی بگرێت و دامانبمەزرێنن".

 

سەنا داوای لە مامۆستایانی وانەبێژ کرد کە هەموویان بێنە سەرشەقام و ناڕەزایەتیی دەرببڕن، "هەتا زیاتر بین ئەنجامی باشتر بەدەستدەهێنین".

 

"دەتوانن لە بەدیلی بندیوارەکان مامۆستایانی وانەبێژ دەبمەزرێنن"

بەدریە ئیسماعیل، ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، باسی لەوەکرد قسەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە تا دانیشتنی پەرلەمان لەسەر پرسی وانەبێژدان بەڕێوەبچێت، "هەوڵدەدەین ڕۆژی سێشەممە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر چارەنووسی وانەبێژان بێت، بە سەرۆکایەتی حکومەتیش دەڵێین دەتوانن لە بەدیلی ٢٠٠ هەزار بندیواردا ٢٢ هەزار وانەبێژ دابمەزرێنن".

 

 

"دانیشتنی پەرلەمان لەسەر وانەبێژان بەڕێوەدەچێت"

مامۆستایانی وانەبێژ ماوەی ١٥ ڕۆژە لە سلێمانی، سەیدسادق، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕانیە و چەندین ناوچەی دیکە بەردەوامن لە گردبوونەوە و داوای دامەزراندن و پێدانی دەرماڵە و مافی خۆیان دەکەن.

بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، یەکێک لە بەرنامەکانی کاری دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆکردن بێت لەسەر "خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی".

ت.پ