٢٠٢٢ دەبێتە ساڵی ڕێکخستنی یەکڕیزی و هێزی ژنان

ڕێزان حەمیدی، ئەندامی کۆنگرەی ژنانی کۆمۆنیستی ئێران، دەربارەی ڕەوشی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانج و پلانەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، فراوانکردنی پەیوەندی، چالاکی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمەڵگا خستەڕوو.

ڕێزان حەمیدی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی کۆمۆنیستی ئێران، دەربارەی ڕەوشی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانج و پلانەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، فراوانکردنی پەیوەندی، چالاکی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمەڵگا خستەڕوو.

 

شەهلا محەمەدی

ناوەندی هەواڵ- لەگەڵ هاتنە سەرکاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و تەشەنەی قەیرانەکان لە کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتیش لە نێو نەتەوە و ناوچەکانی وەک کوردستان کە بە کەمینە دادەنرێت، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی بەشدارییان لە ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوەی ئەو ناوچانەدا کردووە.

 

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە حیجابی زۆرەملێی سەپاندووە بەسەر ژنان و کەمکردنەوەی چالاکی سیاسی کردە ئامانج، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە هەوڵی سنوردارکردنیان دەدات و عەقڵییەتی پیاوسالاری و خراپخوازیی لەسەر کۆمەڵگای ئێران دەسەپێنێت، بەڵام ژنان، ڕێکخراوەکان و لایەنە سیاسییەکان لە دژی ئەو عەقڵییەتە دەوەستنەوە.

 

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە، وەک ڕێکخراوێک لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکۆشاوە و خەباتی چەکداری لە دژی ڕژێمی ئێران دەستپێکردووە، ژنان بەشداریان لە خەبات و شەڕی پارتیزانیدا کرد و ڕێکخستنیان لە شار و گوندەکان وەک کادرێکی سیاسی بەڕێوەبردووە.

 

ئاستەمتر بوو ژنان لەلایەن هێزە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ڕژێمەوە دەستنیشان بکرێن، ژنان باشتر توانیان لەناو شارەکەدا کاربکەن و ببنە قۆڵی کۆمەڵە بۆ ئاگادارکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵک لە شارەکاندا، پاش ئەوەی ژنانی شۆڕشگێڕ لە شارەکاندا ناسران، لەماوەی ساڵانی ١٩٨٠دا بەشێکیان لەسێدارەدران و بەشێكی دیکەشیان لە شەڕەکاندا تا دوا ڕادە شەڕیان کرد و گیانیان فیداکرد.

 

لەم ساڵانەی دواییدا فشارەکانی سەر ژنان لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕتر بووەتەوە، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوازی جیاواز بەڕووی ڕژێمی ئێران دەوەستنەوە، کۆمەڵەش بە ڕێکخستنی زیاتری ژنان بەردەوامە لە چالاکییەکانی.

 

لیژنەی ژنان یەکێکە لە دامەزراوەکانی کۆمەڵە، بەمەبەستی ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوەی ژنان دەستی بەچالاکی کردووە، لە چاوپێکەوتنێکی نوژنهادا لەگەڵ ڕێزان حەمیدی، ئەندامی کۆمیسیاری ژنانی کۆمەڵە کارەکانی کۆمیساری ساڵی ٢٠٢١ هەڵسەنگاند و ئامانج و چالاکییەکانی کۆمیتەکەی تاوتوێ کرد.

 

چۆنیەتی پێکهێنانی کۆمیتەی ژنان و ئامانجەکانی

ڕێزان بەم شێوەیە باسی لە چۆنیەتی پێکهێنانی ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە لە حزبی کۆمۆنیستیی ئێران کرد: "وەک ئاشکرایە کۆمەڵە یەکەم ڕێکخراو بوو کە ژنانیان کۆکردووەتەوە و پڕچەکی کردوون، پێش پێکهێنانی کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە کێشەی ژنان بەتایبەتی لە کۆمەڵگای کوردستان خەمی سەرەکی کۆمەڵە بوو، هەتا نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بڕیاردرا کە چالاکی لەبواری ژنان و بەتایبەتی بانگەشەکانیان ڕێکبخرێت و ئەم بڕیارە بووە هۆی پێکهێنانی کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە."

 

"کۆمیتەی ژنان کاری بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و کارامەیی ژنان کرد، بەدواداچوونی بۆ کێشە و گرفتەکانی ژنان لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا کرد، هەروەها ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئابورییەکانی ژنان یەکێکە لە کارەکانمان، بە دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو و کاریگەر بۆ بەشداری ژنان و دابینکردنی ئاسانکاری بۆ پلاندانان و ڕێکخستنی تواناکانی ژنان و بەرزکردنەوەی هۆشیارییان."

 

ڕەوشی ئێستای ژنان لە ئێران و کوردستان و هۆکارەکانی

ڕێزان لە بەردەوامیی هەڵسەنگاندنی دۆخی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بە سنورەکانی گەیشتن بە ئاماری راستەقینەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان کرد: "ئەو ئامارانەی خودی ڕژێم لەسەر کێشەکانی ژنان دروستیکردووە بەشێکیان هاوسەرگیری پێشوەختە و کوشتنی نامووسی، ئالوودەبوون و هەژارییە کە لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبووەتەوە بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەژاریی دارایی و کلتوری و نەبوونی پەروەردەیی گونجاو هۆکاری کێشەکانە، "لە زۆربەی ناوچە گوندنشیینەکانی ئێران و بە تایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکان و باشوری ئێران کە حکومەت بە مەبەست لە ئاسانکاری بێبەشیان دەکات، هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەن ١٥ساڵ و تەنانەت کەمتریش دیاردەیەکی باوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی خێزانەکە."

 

ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ دەوڵەمەندی خاکەکە بەو پێیەی کوردستان سەرەڕای سروشتە تایبەتەکەی و دەوڵەمەندی بە سامانی سروشتییەکەی یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکان و هەژاریی فراوان لەم ناوچانەدا ئامارێکی چەوسێنەری هەیە و ڕەوشی ژیان و گوزەرانی کوردستان لەگەڵ سەرمایە سروشتیەکانی ناگونجێت، "کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بەڵام هەمیشە لە قەیرانی هەژاری و بێکاری دایە."

 

وتیشی: "کوردستان پشتیوانی حکومەتی نییە، ژێرخانی ئابوری بۆ کەرتی تایبەت، هەژاری و بێکاری زۆری لە پیاوان کردووە کاری کۆڵبەری بکەن و لە سنورەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان گیان لەدەستدەدەن."

 

ڕێزان وتیشی: "خۆکوشتن و خۆکوشتنی منداڵ پاش هاوسەرگیری زۆرەملێ و هەژاری و باکگراوندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوری دەرفەتی ژنان بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە لە ماف و هۆشیارییەکانیان سنووردار کردووە و نەبوونی پشتیوانی حکومەت و یاساش دۆخەکەی بەرەو سەختی بردووە، ئەگەر تەنها یەک ژن بگاتە ئاستی هۆشیاری و بوێری و متمانە بەخۆبوون، ئەوا دەتوانێت دەست بکات بە هەر گۆڕانکارییەک لە خۆی و خێزانەکەیدا".

 

چالاکییەکانی کۆمیتەی ژنان لە ساڵی ٢٠٢١ دا

ڕێزان حەمیدی ئاماژەی بە چالاکییەکانی کۆمیەتی ژنان کرد لە ساڵی ٢٠٢١ چەندین دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تری ژنان لە کوردستان و ئێران کردووە سەرەڕای ئاستەنگەکانی کۆڤید-١٩، "دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نەمانتوانی وەک جاران بەردەوام بین لە چالاکیەکانمان، بەڵام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەردەوامیمان بە چالاکییەکانماندا، چارەسەرمان بۆ ئەو ژنانە دابین کردووە کە پەیوەندیان پێمانەوە کردووە و هەوڵمانداوە بە شێوازی جۆراوجۆر کاریان لەگەڵ بکەین بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژنان لە مافەکانیان و هاوکاریکردنیان."

 

"ترسی ڕژێمی ئێران لە یەکگرتووی ژنانە"

ڕێزان ئاماژەی بە یەکڕیزیی ژنان و ترسی ڕژێم لە تێکۆشانیان کرد و وتی: "ژنان لە ئێران و کوردستان لە هەموو ئاستەکانی کار و ژیاندا بەرەنگاری ڕژێمی ئێران و یاسا کۆنەپەرستی و خراپەکانی بوونەتەوە، ئەم خەبات و بەرخۆدانە تا ئاستێک بڵاوبووەتەوە کە هەموو بەرپرسانی ڕژێم ژنان وەک هەڕەشەیەک بۆ هەبوونیان دەبینن."

 

هەروەها ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری ناوخۆی ئێران کرد لەبارەی ئەو ژنانە و وتی: "وەزیر باسی لەوە کردووە ئەگەر شۆڕشێک هەبێت ئەوا لە ناوچەی ژنانەوە دەبێت و ئەگەر سەربکەوێت ئەوا جارێکی تر لە ناوچەی ژنانەوە دەبێت، ئەمە بە ڕوونی ئاماژە بە ترس و شکستی حکومەت لە یەکڕیزی و هێز و تێکۆشان و هۆشیارکردنەوەی مافەکانی ژنان دەکات".

 

لە کۆتاییدا دەربارەی پلانەکانی کۆمیتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ڕایگەیاند: "دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٢دا یەکێتی و هێزی ژنان ڕێکبخرێت، لەگەڵ خۆپیشاندانی کرێکاران و داواکارییەکان کە دەکرێت بگوترێت هاوبەشی بکرێن و داواکارییەکانی ژنان بەرزبکرێتەوە و هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پێویستییەکانی ژنان زیادبکرێت، ژنان گومڕا نەبن و لە هەموو هەرێمەکاندا ببنە پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانە."

 

ت.پ