"زیندانییانی سیاسی ژن لە ئێران لە بارودۆخێکی کارەساتباردا دەژین"

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ژنانی ئێران، زیندانییانی سیاسی ژن لە بارودۆخێکی کارەساتبار دەژین و لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەشکراون، تا ئێستا لەسەر بارودۆخیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەکەوە وەڵامی کەسوکارەکانیان نەدراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران، سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ئێستادا نزیکەی ٦٠ زیندانیی سیاسیی ژن لە ژێرزەمینی شێدار و ناتەندرووستی زیندانی ئێڤین ڕاگیراون و لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەشکراون، دەستگەیشتن بە پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانی پێویست و گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندانەکە زۆر سنووردارە و لە زۆر حاڵەتدا داواکاری پزیشکی زیندانییەکان پشتگوێ دەخرێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ژوورەکانی قاوشی زیندانییە سیاسییەکان زۆر پیسە و بەهۆی بەبڵاوی ژمارەی زۆری جرجەکان مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان و زیانی جەستەیی بۆ زیندانییەکان زیادی کردووە، سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی زیندانەکە هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر بۆ پاککردنەوەی قاوشەکە.

 

باس لەوەشکراوە، دەرگاکانی قاوشەکان بە بەردەوامی داخراون و زیندانییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی درێژ لە شوێنێکی داخراو دەمێننەوە، ئەم حاڵەتە دەرەنجامی جەستەیی و دەروونی خراپی بۆ زیندانییانی بەتەمەن و نەخۆش دەبێت و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان خراپتر دەکات، هەروەها تا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییە سیاسییەکان بە کەسوکارەکانیان نەدراوەتەوە.

 

لە سەرلەبەیانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا دەیان زیندانیی سیاسی ژن لە زیندانی قەرچەکەوە بۆ زیندانی ئەوین گواسترانەوە، هێشتنەوەی زیندانییان لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا و بێبەشکردنیان لە چاودێری پزیشکی و پاکوخاوێنی و کاتی دەرەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.