زەینەب جەلالیان ژیانی لە مەترسیدایە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی زیندانییکردنی زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە زیندانیی هەتاهەتایی لە زیندانی یەزد بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، ژیانی لە مەترسیدایە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی زیندانییکردنی زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە زیندانیی هەتاهەتایی لە زیندانی یەزد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: زەینەب جەلالیان تاکە زیندانیی سیاسیی ژنە کە لە لایەن ئێرانەوە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و لە زیندانی یەزد بە بێ ئەوەی سوود لە پرەنسیپی جیاکردنەوەی تاوانەکان وەربگرێت سزاکەی بەسەر دەبات، هەروەها سەرەڕای خراپی تەندرووستی بەهۆی نەخۆشییەکانی چاو، گورچیلە و هەرس، هێشتا لە چاودێری پزیشکی پێویست و بەردەوام بێبەش بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، زەینەب جەلالیان ماوەیەکی زۆرە بەدەست نەخۆشییەکانی گەدە، گورچیلە و چاوەوە دەناڵێنێت، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندانی یەزد ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان نەگرتووەتەبەر، مانگی ڕابردوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری یەزد نەشتەرگەری بۆ زەینەب جەلالیان ئەنجامدرا و دوای دوو ڕۆژ بۆ زیندانەکە گەڕایەوە، بە درێژایی ماوەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و مانەوەی لە نەخۆشخانەکە کەلەپچە كرابوو.
زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ١٩٨٢ ـە و خەڵکی گوندی دێم قشڵاقی شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٠٧ لە دەروازەی شاری کامیاران دەستگیر کرا، لە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ لەلایەن لقی ١ـی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەرعەلی مورادی بە تۆمەتی “چەکداری و هاوکاری و ئەندامێتی لە پژاک و پروپاگەندە دژ بە دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ دادگای تێهەڵچوونەوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلی ڕۆشنی سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرد.
لە ساڵی ٢٠١١ پاش هەڵوێستی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەیاننامە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوی جیهانیی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەڵەوتی، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا.