زەینەب جانسز: درەنگ تێگەیشطین تێکۆشانی ساکینە بۆ مرۆڤایەتییە

زەینەب جانسزی دایکی شەهید ساکینە جانسز، لە کۆتا چاوپێکەوتنیدا پێش گیان لەدەستدانی ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک درەنگ لە تێکۆشانی ساکینەی کچی تێگەیشتووە و دەڵێت: نەماندەتوانی لێی تێبگەین و بزانین بۆ چ شتێک تێدەکۆشێت، دواتر تێگەیشتن تێکۆشانی بۆ مرۆڤایەتییە.

ناوەندی هەواڵ

 

دایکە زەینەب جانسز، دایکی یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و پێشەنگی تەڤگەری ئازادیی ژنان ساکینە جانسز لە ڕۆژی ١٤ـی نیسان لە کاتی چارەسەروەرگرتن لە نەخۆشخانەی ئیزمیری باکووری کوردستان گیانی لەدەستدا.

 

دوای گیانسپاردنی، کۆتا دیداری بڵاوکرایەوە، کە لە پەرتوکی "دایکانی کورد لەسەر ڕێگەی ئازادیی – دایکانی کورد قسەدەکەن"دا تۆمارکراوە. پەرتوکەکە لەلایەن گوڵچیچەک گونەڵ تەکینەوە ئامادەکراوە و ناوەندی چاپ و پەخشی بەڵگە بڵاوی کردووەتەوە.

 

شەهید ساکینە جانسز، لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس هاوشانی فیدان دۆغان و لەیلا شایەلمەز بە کردەوەیەکی تیرۆریستی شەهید کران، ساکینە جانسز یەک لە پێشەنگانی تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردە، کە بایۆگرافیا و سەرگوزشتەی ژیانی، لە دووتووێی پەرتوکێکی سێ بەرگی بەناوی "ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو" خستووەتەڕوو.

 

'ساکینە بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشا'

زەینەب جانسز، لە کۆتا دیداریدا کە لە پەرتوکی ئاماژەپێکراودا بڵاوکراوەتەوە، بە ورد و درشتی باسی ژیان، کەسێتی و قۆناغەکانی تێکۆشانی شەهید ساکینەی کردووە. هەروەها سەرنج دەخاتەسەر سەرەتاکانی دەستپێکی ژیانی خۆی تا دەگات بە کۆمەڵکوژی دێرسیم و دواتر بەشداربوونی ساکینە بۆ ناو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان و بۆچوون و ڕوانگەکانی شەهید ساکینە لە نێو خێزانەکەیدا.

 

زەینەب جانسز، ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتادا هیچ خواستێکی لەسەر بەشداربوونی منداڵەکانی بۆ ناو کایەیی سیاسەت نەبووە، بەڵام ساکینە پێداگربووە لەسەر بڕیارداری خۆی، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە شەهید ساکینە لە ساڵانی خوێندنی ئامادەییدا بەشداری چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانی کردووە، لەو قۆناغەدا چەندین جار دەستگیرکراوە و لە لایەن دەوڵەتەوە لە زیندانەکانی خارپێت، مەلەتی و ئاماد ئەشکەنجەی سەخت دراوە.

 

زەینەب جانسز، قۆناغی گرتووخانەی ئامەدی وەک 'جەهەنم' وەسفکردووە و ئاماژە بەوەدەکات، کچەکەی وێڕای هەلومەرجی سەختی زیندانی ئامەد و ئەشکەنجە سەختەکانی، پێداگردەبێت لەسەر بەرەنگاری و بەرخۆدانی خۆی و پەیوەست بەم کاتە، باسی قۆناغی هەوڵەکانی هەڵهاتنی لە زیندان دەکات. زەینەب جانسز ئاماژە بەوەش دەکات کە ساکینە جانسز لە کاتی دەستگیرکردنیدا بۆ چەندین گرتووخانە گواستراوەتەوە، تا کۆتا جار لە زیندانی چاناکاڵە ئازاد کراوە.

 

'ژیان دۆست بوو، لە خەمی خوێندن و خوێندکاراندا بوو'

زەینەب جانسز، دەربارەی کەسێتی شەهید ساکینە ئاماژە بەوەدەکات، کچەکەی لە ڕووی سیاسی و مرۆڤدۆستانییەوە زۆر لەپێش بووە و لەم ڕووەوە دەڵێت، ساکینە جانسز هەمیشە یارمەتی هەژارانی داوە، خواردن و پێداویستی رۆژانەی دەدا بەو کەسانی پێویستییان پێ بووە، هەروەها هەمیشە خەمی خوێندکارانی بووە و یارمەتی داون.

 

زەینەب جانسز کە دەرگای ماڵەکەی بەڕووی ژنێکی بێ ماڵوحاڵدا دەکاتەوە، نموونەی هاوکارییەکانی ساکینە جانسز و کەسوکارەکەی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ساکینەی کچم، هەمیشە لە خەمی خەڵکیدا بوو، خەڵکی زۆر خۆشدەویست.

 

'نەماندەتوانی تێبگەین لەوەی بۆ چی شتێک تێدەکۆشێت'

سەرنجڕاکێشترین بەشی چاوپێکەوتنەکە، دەربڕینی پەشیمانی زەینەب جانسزە، لەوەی کە ماوەیەکی زۆر نەیتوانیوە لە تێکۆشانی کچەکەی تێبگات و وەک خێزانەکەیان گوشاریان لە ساکینە کردووە. زەینەب جانسز لەم ڕووەوە دەڵێت: "نەماندەتوانی تێبگەین لەوەی بۆ چی شتێک تێدەکۆشێت. هەمیشە گوشارمان لەسەر دەکرد." زەینەب جانسز، ئاماژە بەوەدەکات، کە دواتر تێگەیشتوون لەوەی کچەکەیان بۆ مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت.

 

زەینەب جانسز لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا بەم وشانە گوزارشتی لە هەستی خۆی کردووە: برین و زامی دڵم زۆر گەورەیە، خۆزگە لێی تێگەشتبام و ببوومایە بە هاوکار و پشتیوانی. بەڵام دوای چی، تازە هەرچەندە بگریم بێ سوودە. من درەنگ لە کچەکەم تێگەیشتم.

 

دوای گیان لەدەستدانی زەینەب جانسز، ئەم چاوپێکەوتنە بەڵگەیەکی گرنگە لەڕووی گەواهیدەری دایکێک و ژیانی ساکینە جانسز.