ڕۆزەرین کەمانگەر: لەم قۆناغەدا گرنگە ژنان هێڵی خۆیان دیاری بکەن و نەبنە لایەنگری هیچ لایەنێک

ڕۆزەرین کەمانگەر سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە و ژنان دەڵێت: شەڕی نێوان دوو دەوڵەتە بە عەقڵییەتی پیاوسالاری کە لە بەرژەوەندی ژنان و کۆمەڵگە نییە، هەمیشە لە شەڕەکاندا ژنان و منداڵان دەبنە قوربانی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرەبەیانی ١٣ـی حوزەیرانەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران پەرەی سەند و بە فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک هێرشیان کردە سەر یەکدی و شوێنە سەربازییەکان، بنکە ئەتۆمییەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکان لەلایەن هەردوولاوە بە ئامانج گیران، بە هۆشیانەوە هاوڵاتییانی مەدەنی زیانبەرکەوتووی سەرەکی بوون لە ناویشیاندا ژنان و منداڵان.

 

ڕۆزەرین کەمانگەر(بەرپرسیاری کۆمیتەی دیپڵۆماسی کەژار) سەبارەت بە دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل وتی: وەک بزووتنەوەکەمان ساڵانێکە ئەم شەڕەمان بەشەڕی سێیەمی جیهانی بەناو کردووە، لە بەرەوپێشچوونی ئەم شەڕە پرۆژەیەک کەوتە پێش کە بە ناوی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە کرا، هەر ساڵێک دەوڵەتێک گۆڕا، بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیەش تەنیا دوو دەوڵەت ماوە ئەویش ئێران و تورکیایە، لەم قۆناغەدا لەلایەن سیستەمی جیهانییەوە ڕۆڵی دیزاینکردنەوەکە دراوەتە دەستی ئیسرائیل.

کەمانگەر پێی وایە، ئەم شەڕە دەستپێکردنەکەی شەڕێکی بەوەکالەت بوو بەڵام ئێستا بووتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ و وتی: لە پاش شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” هێرشی بەرفراوان کرایە سەر باڵەکانی ئێران، ئامانجی ئەم دیزاینکردنەوە ڕێگرییە لەو خەیاڵەی ئێران و تورکیا کە مەبەستیان بوو هەر لایەنە و پرۆژەی خۆیان جێبەجێبکەن، ئەم دەوڵەت-نەتەوانەی ناوچەکە بوونی خۆیان لە شەڕدا دەبیننەوە بۆیە بەر لەدەستپێکردنی شەڕ گفتوگۆ هەبوو لە نێوانی ئێران و ئەمریکا بەڵام ئەم دانووستاندنە یەک لایەنە بوو واتە ئەمریکا لە هەوڵدا بوو بەو ڕێگەیە ئێران بە داواکارییەکان قەبوڵ بکات.

 

هەروەها ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستی پێکردووە کرد و وتی: لەم هەلومەرجە ناهەمووارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پڕۆسەیەک دەستی پێکرد بەناوی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کە نوێنەری ئەم دیموکراتیزەکردنە خودی کۆمەڵگەیە لە بەرانبەر شەڕ کە سیستەمی سەرمایەداری جیهانییە و ڕێبەر ئاپۆ بەوردی ئاماژەی پێکردووە، بۆیە پرۆسەی ئاشتی تەنیا بە تورکیاوە سنووردار نییە بەڵکو لەلایەن کوردی ئازادەوە نوێنەرایەتی بونیادنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، ئەوە چەندین ساڵە کوردی ئازاد دەڵێت ‘ئەگەر مافەکانی کورد نەدرێت ئەوا ئەو دەوڵەتانە دووچاری قەیرانی قوڵ دەبنەوە’ ئەمە بۆ تەواوی گەلانی دیکەش دەربازدارە، دەرکەوتووە کە نەتەوە-دەوڵەت لەبنەڕەتدا بۆخۆی کێشەبووە و پێشبینییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی هاتە دی.

 

سەبارەت بە هەڵوێستی پژاکیش، ڕۆزەرین کەمانگەر وتی: هەر حزبێک پەیڕەو و پرۆگرامی خۆی هەیە پژاکیش ساڵانێکە ویستویەتی پراکتیکی بەپێی ئەو ئامانجانە بێت کە باوەڕی پێیەتی، بۆیە پژاک لە سەرەتای دامەزراندنییەوە باوەڕی بەدروستکردنی پەیوەندی هەبووە لەگەڵ گەل و کاری بۆ دەکات بۆ ئەوەی لە کێشەکانی گەل تێبگات، بۆ ئەو مەبەستەش برەوی بە تێکۆشانی سیاسی و سەربازیی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی خۆی داوە، هەمیشە خۆی بە بەدیل زانیوە و لەو چوارچێوەیەشدا بەیاننامەیەکی گرنگی بڵاوکردەوە و ئەرکی پێشەنگایەتی بۆ یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان خستە ئەستۆی خۆی.

 

هەروەها ئاماژەی بە هەڵوێستی کژار کرد کە ڕۆژی ڕابردوو بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە و وتی: ئەم شەڕانە شەڕی نێوان دوو دەوڵەتە بە ئەقڵییەتی پیاوسالاری کە لە بەرژەوەندی ژنان و کۆمەڵگە نییە، بۆیە هەمیشە لەناو شەڕەکاندا ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکین، ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە ژنان هێڵی خۆیان دیاری بکەن و نەبنە لایەنگری هیچ لایەنێک، بۆیە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا بۆ بانگەشە نییە بەڵکو دەرئەنجامی تێکۆشانێکی درێژخایەنی ئەو تێکۆشەرانەیە کە خەباتیان کردووە دژی دەوڵەت-نەتەوەکان.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ڕۆزەرین کەمانگەر وتی: ژنانی کورد ئێستا پێناسەی شەڕیان گۆریووە و نابنە قوربانی بەڵکو دەبنە پێشەنگ و دامەزرێنەری فکر و فەلسەفە و سیستەمیکی نوێ کە نموونەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستانە، کۆمەڵگە و دەوڵەت لەبەرانبەر یەکن و بەبێ ئازادی ژن هیچ دەوڵەتێک دیموکرات نابێت، هێرشەکانی ئیسرائیل دژی گەلە و دەیەوێت گەل بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێت، لەم قۆناغەدا هێشتا لەرزینە گەورەکە ماوە کە ئەویش قسەی گەلە و پێویستی بە هێزی دەرەکی نییە، ئامانج لەم هێرشانەش شکاندنی ئیرادەی گەلە، کوردی ئازاد ساڵانێکە خاوەن فەلسەفەیە و پێشەنگایەتی بۆخۆی بەبنەما ئەگرێت، لەڕابردوودا کورد بەهێزی لەشکری ناوی هەبوو بەڵام لەم ٥٠ ساڵەدا بەتەڤگەری ئاپۆی بووە هێزێک کە نەتوانرێت سیاسەتی ئینکاری لەسەر بەڕێوەبچێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادەیی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش یەکگرتنی کوردان پێویستییەکی حەتمییە بۆ ئەمەش دەبێت ئازادی ژنان بەبنەما بگرن.