زۆرێک لە چیرۆکەکانی کانوونی دووەمی تاران بە نەگێڕاوەیی ماونەتەوە
دوای شەش مانگ لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی تارانی پایتەختی ئێران، زۆرێک لە چیرۆکەکانی ئەو ڕۆژانە بە نەگێڕاوەی ماونەتەوە.
هالە ئەمیری
تاران-دوای شەش مانگ لە کۆمەڵکوژییەکەی تارانی پایتەختی ئێران، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، زۆرێک لە شایەتحاڵەکان بە نەگێڕاوەی ماونەتەوە، پچڕانی بەرفراوانی ئینتەرنێت لەگەڵ قەبارەی ئەو پێشێلکاریانەی کە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بوون، ڕێگری لە بەڵگەنامەکردنی چەندین ئەزموون و ناو و یادەوەری کرد.
ئیلهام کەریمی (ناوی خوازراو) یەکێکە لەو ژنانەی کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوومی دووەمی تاران کردووە، ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێگەی شایەتحاڵیەکەیەوە هەوڵدەدات بەشێک لە ئەزموونی هاوبەشی ژنان لەو ناڕەزایەتیانەدا بگەیەنێت، تیشک دەخاتە سەر هەست و دیدگاکانیان سەبارەت بەوەی چی ڕوویدا.
کەس لە ماڵەوە نەمایەوە
ئیلهام کەریمی پێی وایە ١٨ و ١٩ی کانوونی دووەم سەرەتای ناڕەزایەتییەکان نەبوون، بەڵکو درێژکراوەی شەپۆلێکی پێشووی بزووتنەوەکانی گەلان بوون، وتی: دوای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لە بازاڕی تاران دەستیپێکرد، نزیکەی هەموومان چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد شتێکی گەورە ڕووبدات، کاتێک ئینتەرنێت پچڕا و دروشمەکان دەستیپێکرد، زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکەکە، لە منداڵانەوە تا بەتەمەنەکان، چوونە دەرەوە. لە ١٨ی کانوونی دووەم ژمارەی خۆپیشاندەران کەمتر بوو، بەڵام ڕۆژی دواتر، کەس لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکەماندا لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا نەمایەوە.
"ژنان لە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکان"
ئاماژەی بە ئامادەبوونی دیار و بەرچاوی ژنان لەو ناڕەزایەتیانەی کە شەقامەکانی تارانیان گرتەوە، وتی: ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون، بەشێکی زۆریان لە ڕیزەکانی پێشەوە وەستابوون و دروشمیان دەوتەوە، لە ڕۆژی یەکەمدا ژنانی گەڕەکەکە لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەربانەکان کۆدەبوونەوە، ئێمەش بە مایکرۆڤۆنمان بۆ دروشمکردن ئەو ژنانەی کە منداڵی بچووکیان هەبوو لە دەروازەی بیناکان دەمانەوە کاتێک تەقەکردنەکە دەستیپێکرد، توانیان ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکەن، چونکە بریندارەکان دەبرێنە ناو بیناکانەوە و برینەکانیان بە سەرپۆش بەسترابوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕۆژە هێزە ئەمنییەکان بە شەقامەکاندا بڵاوبوونەوە و گەڕەکەکانیان کۆنترۆڵکرد، دوای ئەوەی ئینتەرنێت پچڕا، جگە لە کەناڵەکانی مانگی دەستکردەکان هیچ ڕێگەیەکمان نەبوو بۆ ئەوەی بزانین چی ڕوودەدات، هەروەها نامەی کورتی هۆشداریش گەیشتە دەستمان، تەنانەت تەلەفزیۆنی دەوڵەتیش هەڕەشەی لە حکومەتەوە پەخش دەکرد، بەڵام دوای پەیوەندییەکانی خۆپیشاندان، کەشوهەوا بە تەواوی گۆڕا، وەک ئەوەی خەڵک باوەڕیان پێکرابێت کە گۆڕانکاری لە ئارادایە".
وتیشی: لە ڕۆژی دووەمدا شەقامەکان قەرەباڵغ بوون بە خۆپیشاندەران لە گەڕەکە جیاوازەکان، منیش لەگەڵ کچە نۆ ساڵانەکەم بووم کە لەناکاو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو، هەمووان دەستیان کرد بە ڕاکردن بەرەو کوچە و کۆڵانەکان، داوام لە کچەکەم کرد ڕاستەوخۆ لەبەردەممدا ڕابکات، بۆ ئەوەی بتوانم قەڵغانێک بم بۆی ئەگەر فیشەکەکان بە ئاراستەی منەوە هات، لەو ساتەدا، کارێکی سەخت بوو، بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئێمە لە ژێر تەقەی ڕاستەقینەدا بووین، لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی جەنگدا بووین، نەماندەزانی فیشەکەکان لە کام ئاراستەوە دێن.
"پەڵەی خوێن شەقامەکانی داپۆشیبوو"
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکان لە شەقام و کۆڵانەکاندا بڵاوبوونەتەوە، تەنها دەنگەکان تەقە و هاوار بوون، بەیانیەکەی تر بارهەڵگری گەورە تەرمەکانیان لە ڕێگاکان کۆدەکردەوە. تەلەفۆنەکان کاریان نەدەکرد، هەمووان تووشی شۆک بوون، بەڵام ناڕەزایەتییەکان دەستیان پێکردەوە، هەرچەندە بە قەبارەیەکی بچووکتر، شارەکە وەک ناوچەیەکی سەربازی وابوو، سەرەڕای ئەوەش ئەوانەی منداڵەکانیان لەدەستدابوو، بە بەرد و توڕەییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان، بەرەبەیانی ناڕەزایەتییەکان لە بەردەم نەخۆشخانە و مردووخانەکان چڕبوونەتەوە، بەڵام ئەو شەوە کوژراو و برینداریش هەبووە.
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانیش وتی: خەڵک بە هەموو شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر بووە، پەڵەی خوێن شەقامەکانی داپۆشیوە و بۆ چەند ڕۆژێک بە دیار مایەوە، نەخۆشخانەکان پڕبوون لە بریندارەکان، بەڵام برینەکان تەنها جەستەیی نەبوون، یەکێک لەو پیاوانەی ئەو شەوە گیانی لەدەستداوە، تووشی جەڵتەی دڵ بوو، دوای بینینی دوو کوڕە گەنجەکەی کە کوژراون، کوڕی ناسیاوێکمان، دوای ئەوەی دەستگیرکرا، پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کرد و پێی ڕاگەیاندن لە کوێ ڕاگیراوە، بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە تەرمەکەی لەوێ بوو، ماڵ و نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە زیانبەرکەوتووە نەناسراوەکان. هەندێک خێزان بە نهێنی بریندارەکانیان لە تاران دەگواستەوە بۆ شارەکانی دیکە، هەندێکی دیکەش تا بەیانی تەرمی کەسوکارەکانیان دەگواستەوە، دواتر لە نێوان گۆڕستانەکاندا دەجووڵان و بەدوای شوێنێکی ناشتندا دەگەڕان، ماوەی دوو مانگ شەقامەکانی تاران و کەرەج پڕ بوون لە وێنەی زیانبەرکەوتووان و نامەی کۆچی دوایی، ئەم ڕووداوانە شوێنەواری قووڵیان بەجێهێشت؛ تەنانەت منداڵانیش ترسیان هەبوو، هەمووان لە حاڵەتێکی ماتەمینی و زەبر و زەنگی دەروونیدا دەژیان.
"تەنها داواکاری ئازادی و گۆڕانکاری بوو"
ئیلهام کەریمی لە کۆتایی قسەکانیدا ورتی:زۆربەی ئەو گەنجانەی کە کوژران یان بریندار بوون تەنها داوای ئازادی و گۆڕانکارییان دەکرد، بەڵام ئەوەی بەدەستمان هێنا تەواو جیاواز بوو، ئەم ناڕەزایەتیانە شێوازی تێڕوانینی زۆر کەسی گۆڕی بۆ هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و گروپە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات، کە هەوڵیان دەدا ناڕەزایەتییەکان بقۆزنەوە یان قەبارەی مردنی گەنجەکان کەم بکەنەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو تاوانەکان، ئازار، چەسپاندن، گۆڕیینی خوێنڕشتن کە شاهیدی بووین، هێشتا هیوادارم دەنگی ئێران بگاتە جیهان و ڕۆژێک لە ئازادی ڕاستەقینەدا بژین.