زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان: خەباتێکی درێژخایەن بۆ دانپێدانان و دامەزراندنی

سەمیرە حاج عەلی دەڵێت داواکاری خوێندن بە زمانی کوردی مافێکی سەرەکییە و پێویستە بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرتر بۆ منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیری بکرێت.

نەغم چاچان

قامیشلۆ-پەروەردە بە زمانی کوردی یەکێکە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدی کراوە، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و کارگێڕییەکان، دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناوچەکە سەرکەوتوو بوون لە دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەیی فرە زمانی کە زمانی کوردی وەک زمانی دایکی دەخوێندرێت، کە ئەمەش هەنگاوێکی سەرەکییە لە بەهێزکردنی ناسنامەی کولتووری و دەستەبەرکردنی مافی نەوە نوێیەکان بۆ فێربوون بە زمانی زگماکی خۆیان.

دەستەی پەروەردەی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان جەخت لە گرنگی پەروەردە بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک دەکات لە پڕۆسەی پەروەردەدا، وەک چۆن نوێنەرایەتی پایەیەکی بنەڕەتی دەکات لە بەهێزکردنی ناسنامەی کولتووری و دامەزراندنی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی کە توانای بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتری هەبێت.

 


        

سەمیرە حاج عەلی، بەرپرسی کەرتی پەروەردەی ڕۆژئاوا وتی: ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی زمانی کوردی لە پەروەردەدا لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشی ١٩ی تەمووز خاڵی دەستپێکی شۆڕشی زمانی کوردیش بوو، یەکەمجار بوو خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان توانیان زمان و ناسنامەی خۆیان هاوتەریب لەگەڵ شۆڕش بەرەوپێش ببەن، لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەوڵی ڕێکخراو بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی دەستیپێکرد، لە کاتی شۆڕشیشدا یەکەم قوتابخانەی سەرەتایی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی کرایەوە جۆش و خرۆشێکی بەربڵاو، چونکە خەڵک بە تامەزرۆییەوە فێری زمانی دایکی خۆیان بوون و هەمووان بە ئارەزووی ڕاستەقینە بەشدارییان دەکرد.

 

”پلانی پەروەردەیی جێگرەوە”

سەمیرە حاج عەلی ڕوونیشیکردەوە، ڕژێمی بەعس ڕەتیکردەوە زمانی کوردی بخاتە ناو قوتابخانەکانەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیە وای لێکردن بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن.

وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٢ کۆنگرەی زمانی کوردی لە شاری عامودا بەڕێوەچوو، کە چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بەو زمانە گفتوگۆ کران، ڕژێم ڕێگەی پێنەداین بچینە ناو قوتابخانەکانەوە یان فێری خوێندکاران بە زمانی دایکییان بکەین، ئەمەش بووە هۆی داخستنی دامەزراوەکانی خوێندن بەڕووماندا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کۆبانێ، عەفرین و جزیرە پلانی خۆیان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ داڕشت.

سەرەڕای ئاستەنگەکان توانیان کاتی پۆل بۆ فێرکردنی زمانی کوردی تەرخان بکەن، وتی: لە ماوەی تەنها ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک، فێرکردنی زمانی کوردی بووە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆگرامی خوێندن لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی، ئەمەش وایکرد هەموو خوێندکارە کوردەکان فێری زمانی دایکییان ببن.

 

”فراوانکردنی بابەت لە قوتابخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان”

سەمیرە حاج عەلی ڕایگەیاند، لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا بابەتی خۆبەڕێوەبردن بە تەواوی لە قوتابخانەکاندا بە سێ زمان جێبەجێکرا، هەروەها دەرفەتی فێربوونی خوێندکارانی بە زمانی دایکی ڕەخساند.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبردن لە ساڵی ٢٠١٤، دەستەی پەروەردە بوو بە دامەزراوەیەکی فەرمی دانپێدانراو لە چوارچێوەی قەوارەی بەڕێوبەریدا، لەو کاتەوە کار لەسەر پەرەپێدان و جێبەجێکردنی پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی دەستیپێکرد، لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦، بابەتی کوردی لە قوتابخانەکانی کۆبانێ، عەفرین، جزیرە پەسەندکرا، تا ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠، بابەتی خۆبەڕێوەبردن بە تەواوی بە سێ زمان دەوترێتەوە، خوێندکارانیش دەستیان کرد بە وەرگرتنی خوێندن بە زمانی دایکییان.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە وازهێنان لە زمانی دایک بە واتای وازهێنان لە ناسنامە و بیرکردنەوە، هەروەها لە ئامادەکردن و چاپکردنی بابەتی خوێندندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووینەوە، بەڵام توانیمان بەسەریاندا زاڵ بین، پەیمانگاکان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خولی پەروەردەی مامۆستایان کرانەوە، هەروەها ئەکادیمیا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی کارمەندان دامەزران، لە ساڵی ٢٠١٥، زانکۆی عەفرین کرایەوە، دواتر زانکۆی ڕۆژئاوا لە جزیرە لە ساڵی ٢٠١٦، پاشان زانکۆی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٧، ئەمەش پاڵپشتییەکی چارەنووسساز بوو، بۆ ئەو خوێندکارانەی کە بە زمانی دایکییان دەخوێنن، دڵنیابوون لەوەی کە لە مافی خوێندنیان بێبەش نەکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتەکە پڕ بووە لە دەستکەوت، بەڵام بێ ئاڵەنگاری نەبووە، کاتێک خۆمان لە زمانەکەمان دوور دەخەینەوە، خۆمان لە بیرکردنەوەکانمان دوور دەخەینەوە، بە گەڕانەوە بۆ زمانەکەمان، بیرکردنەوە و ناسنامەکەمان وەرگرتەوە.

 

"زمانی کوردی وەک بەشێکی بناغەی پڕۆسەی پەروەردەیی دەمێنێتەوە"

سەمیرە حاج عەلی سەرنجی بۆ قۆناغی یەکگرتن ڕاکێشا و ڕوونیکردەوە، کە ئەم پرسە ڕۆژانە لە سەردەمی حکومەتی کاتیدا دەوروژێنرێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دەربازبوون لێی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ناوچانە ساڵانێکی زۆرە خۆبەڕێوبەریان کردووە و سروشتییە لەم قۆناغەدا هەندێک ئاڵەنگاری سەرهەڵبدەن، هەروەها فەرمانی ژمارە ١٣ کە لە لایەن حکومەتی کاتی سووریاوە دەرچووە کە تەنها دوو کاتژمێر بۆ فێرکردنی زمانی کوردی تەرخانکراوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان قبوڵ ناکرێت، چونکە زمانی کوردی وەک بەشێکی بناغەی لە پرۆسەی خوێندندا دەمێنێتەوە وەک هەمیشە بووە.

دووپاتی کردەوە، کە خوێندن بە زمانی کوردی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو بەردەوام دەبێت و بابەتی پەسەندکراویش وەک خۆبەڕێوبەری دەمێنێتەوە، هەروەها لە قۆناغێکی دواتردا دەتوانین کار لەسەر پەرەپێدانی بابەتێکی نیشتمانی گشتگیر بۆ هەموو سووریا بکەین، کە تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد لەبەرچاو بگرێت.

لە کۆتای قسەکانیدا وتی: گرنگترین شت ئەوەیە کە منداڵانی کورد خوێندن بە زمانی دایکیان وەربگرن، هەروەها داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە دەستووری سووریادا پێویستە.