ژینا مودەریس گورج بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردن بانگهێشت کرا
ژینا مودەریس گورج، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان و چالاکوانی مەدەنی بانگهێشتی داواکاری گشتی و ئینقلابی سنە کرا، بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانی کردن.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٣٠ی تشرینی یەکەم، ژینا مودەریس گورج، هاوڵاتی دانیشتووی شاری سنە، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و مافی ژنان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، ئاگادارییەکی بۆ سزای زیندانیکردنە ١٦ مانگییەکەی پێگەیشتووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، بە وتەی ژینا مودەریس گورج ئەم ئاگادارییە لەڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەم پێی گەیشتووە.
ژینا مودەریس گورج، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا نووسیویەتی: وەک دەزانن بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپێکی نایاسایی و پڕوپاگەندەکردن دژی ڕژێم سزای ١٦ مانگ زیندانیم بەسەردا سەپێندراوە، کە پێشتر ٤ مانگیم لە ژێر دەستبەسەریدا بەسەربردووە، پێویستەڕۆژی ٢ی تشرینی دووەم خۆم ڕادەستی زیندانی ژنانی سنە بکەم.
ژینا مودەریس گورج لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنەوە بە ٢١ ساڵ زیندان و دەربەدەری بۆ هەمەدان سزادرابوو، دواتر سزاکەی لەلایەن لقی ٤ی دادگای سنە ٢٦ مانگ زیندانی گۆڕدرا و بەپێی ماددەی ١٣٤، ١٦ مانگ لەم سزایە جێبەجێدەکرێت.