دوو ژن کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی

دوو ژن بە ناوەکانی "کلۆدیا شەینبام" لە پارتی چەپ و "سۆچیتل گەلڤێز"، کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتی مەکسیک

ناوەندی هەواڵ

 

هاوڵاتیانی مەکسیک سبەی دەڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش دوو ژن کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتین

 

بڕیارە ٢ـی حوزەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتی مەکسیک بەڕێوەبچێت، لەهەڵبژاردنەکە دا سێ کاندیدی سەرەکی هەن، کە دویان ژنن بە ناوەکانی "کلۆدیا شەینبام" لە پارتی چەپ و "سۆچیتل گەلڤێز".

 

کلۆدیا شەینبام، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاری وزە و پێشتر زانای ژینگە بووە، لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی مەکسیک دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و بووە بە سەرۆک شارەوانی پایتەختی مەکسیک 'مەکسیکۆ سیتی'، دەستکەوتەکانی بریتیبوون لە ڕێژەی کوشتن لە ناوچەکەدا کەمیکردووە، بەشێوەیەک لەماوەی سەرۆکایەتیەکەی دا ڕێژەی کوشتن لەو شارە بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی ١٦ ساڵدا دابەزیوە.

 

هەروەها سۆچیتل گەلڤێز، لەمیانی بانگەشە دا دروشمێکی سەرەکی هەیە کە بریتیە لە "من کەسێکم سامان بەرهەم دەهێنم، بەڵام زۆر هۆشیارم لەوەی کە ئەم سامانە دەبێت دووبارە دابەش بکرێتەوە".

 

کۆی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی مەکسیک ١٢٧.٥ ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیە زیاد لە ٩٩ ملیۆنـیان مافی دەنگدانیان هەیە.