هود، ئیدانەی کارەکانی حوسییەکان دەکات

دەسەڵاتی نیشتمانی داکۆکی له ماف و ئازادییه کان هود، ناشتنی تەرمی قوربانیانی تەقینەوەکانی ماڵی حوسییەکانی شەرمەزار کرد.

یەمەن

 

هود، دەسەڵاتی نیشتمانی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، بەهۆی تێوەگلانی لە پرۆسەی ناشتنی تەرمی نۆ قوربانیی تەقینەوەی ماڵێک لە شاری ڕەدا لە بەیدەی یەمەن ئیدانەی دەسەڵاتی حوسییەکانی کرد.

 

کۆمسیۆن لە بەیاننامەکەیدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم کارە بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست یان دەستگیرکردنی تۆمەتباران ئەنجامدراوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ مافەکانی قوربانییەکان و کەسوکارەکانیان، جگە لەوە بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە و دادگاییکردن دانرا.

 

هود ئاماژەی بەوەدا کە حوسییەکان دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەتکردنەوەی توند لەلایەن کۆمەڵگەی ناوچەکەوە تەرمی قوربانییەکانیان لە ڕەدا گواستووەتەوە بۆ یارم، هەروەها تۆمەتباریان کرد بە پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە قوربانییەکان.

 

کۆمسیۆن داوای لە حوسییەکان کرد ڕێگە بە لێکۆڵینەوەی پێویست بدەن و تۆمەتباران ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، هاوکات داوای کرد ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان فشار بخەنە سەر حوسییەکان بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی قوربانیان و کەسوکاریان .