"ژیانی ٥ ملیۆن کەس لە مەترسیدایە"
خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند، هێرشەکان مەترسی لەسەر ژیانی ٥ ملیۆن کەس هەیە و داوایڕاگرتنی هێرشەکان دەکەن.
ڕەققە
خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بینای خۆبەڕێوەبەری شاری ڕەققە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوو، ڕاگەیەندراوێکی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی لە لایەن ئەڤین سوێدو بە زمانی عەرەبی لەلایەن حسێن عوسمان ،هاوسەرۆکەکانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەر خوێندرایەوە.
"ئەو هێرشە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دۆخی مرۆیی و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی"
لەڕاگەیەندراوەکەدا بە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە، بەبیرهێندرایەوە کە لە ماوەی ٤ ڕۆژدا دەوڵەتی تورک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخان و ئەو ناوچانەی کە خەڵکی مەدەنی تێیدا نیشتەجێن لە جزیرە، کۆبانێ، تل تەمر و عەین عیسا دەستپێکردووە، جگە لەوەش چەتەکانی هێرشی زەمینییان ئەنجامداوە و خەڵکی مەدەنی و دانیشتووانی عەفرینیان کردۆتە ئامانج کە لە ناوچەکانی شەهبا و شێخ مەقسود ناچاربوون کۆچ بکەن.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو هێرشانە بەبێ هیچ هۆکارێک ئەنجام دەدرێن، دەیانەوێت دۆخی ئابووری بخەنە مەترسییەوەو بە ئامانجگرتنی دامودەزگا و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان ژیانی خەڵک بخەنە مەترسییەوەو دەیانەوێت بەم هێرشانە پلانەکانیان دژی گەلەکەمان جێبەجێ بکەن، بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئەوگەماڕۆدانە درێژخایەنە تووشی کێشە بووین.
ئەم هێرشە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دۆخی مرۆیی و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی دروست دەکات؛ڕێگە بە شانە تیرۆریستییەکان و چەتەکان دەدات کە سوود لەم هێرشانە وەربگرن بۆ ئەوەی خۆیان ڕێکبخەن و هێرش بکەنە سەر ناوچەکانمان، ئەم هێرشانە هەوڵەکان بۆ بونیادنانی ئاشتی سنووردار دەکەن و هەڕەشە لە هەوڵەکانی لەناوبردنی تیرۆر دەکەن کە گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدەن.
"گیانی ٥ ملیۆن کەس لە مەترسیدایە"
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن ئەوە دەرئەنجامی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەم مەترسیانە بەم شێوەیە خرانەڕوو:
* دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی و ئابووری.
*هەڕەشە لە دژی هەوڵەکان بۆلە ناوبردنی تیرۆر.
* زیان گەیاندن بە هەموو سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و کارگەکان، ئەم دامەزراوانە لە خزمەت دەردەچن.
* مەترسی لەسەر ژیانی٥ ملیۆن دانیشتوو و کۆچبەری ڕەسەن لە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری.
*هەڕەشەکردن لە هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی و بەرەوپێشبردنی چارەسەری دیموکراتیک لە سووریا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڕەشە لە زیندانەکان دەکات و مەترسی دروست دەکات، ئەمەشڕێگە بە تیرۆریستان دەدات کە سوودی لێ وەربگرن و دەبێتە هەڕەشەیەک بەرامبەر بەڕێوشوێنەکانی پاراستنی ئەو ناوچانە.
بانگەوازی
لەڕاگەیەندراوەکەدا بانگهێشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ڕووسیا، سەرجەم دامەزراوە یاسایی و مرۆییەکان کراوە بۆ بینینی ئەنجامی ئەو هێرشانە و ڕێگری لێکردن و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، خۆبەڕێوەبەری پێشێلکردنی بەها و دەستکەوتەکانی گەل ڕەتدەکاتەوەو دەستکەوتەکانی گەلەکەی و مافی پاراستنی ڕەوا دەپارێزێت.
هەروەها داوا لە قەوارە هەرێمییەکان کراوە لە دەوری هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیان کۆببنەوە، بەیەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان بەردەوام بکەن و شکست بە سەرجەم پڕۆژەکانی لەناوبردنی ئیرادە و پڕۆژە دیموکراتیکەکانیان بهێنن.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەنجامی هێرشەکانی ٤ ڕۆژ خرایەڕوو:
*ژمارەی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان: ١١٨ هێرش
*ژمارەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان: ٢٠
*ژمارەی هێرشی هاوەن: ٨٩٣
* کۆی گشتی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا: ١٠٣١ هێرش
* ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە: ١٧ کەس
* ژمارەی برینداران: ٦٥ کەس
* وێستگەکانی کارەبای شار و ناوچەکانی کانتۆنی جزیرە و فورات کرانە ئامانج و زیاتر لە١٥٠ هەزار خێزان بە هۆی بۆردومانی سوپای داگیرکەری تورکیالە کارەبا بێبەش بوون.
*بەهۆی پچڕانی کارەباوە وێستگەکانی ئاو پچڕاون.
*بۆردومانەکان بووە هۆی ئەوەی سووتەمەنی گازوایل نەگاتە ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی وەک نانەواخانە و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی دیکە و کەمیی سووتەمەنی لێکەوتەوە.