بزووتنەوەی دادپەروەری ژنانی ئەفغانستان: پێویستە هەڵاواردنی جێندەری وەک تاوان بناسرێت

بزووتنەوەی دادپەروەری ژنانی ئەفغانستان نامەیەکی کراوەی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە کرد و داوای کرد هەڵاواردنی جێندەری وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی قبوڵ بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

 بزووتنەوەی دادپەروەری ژنانی ئەفغانستان نامەیەکی کراوەی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، نەرویج، ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیسپانیا و بەریتانیا کرد. لە دوایین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی گشتیی یەکێتیی ئەوروپادا، داوای ناساندنی 'هەڵاواردنی جێندەری' کرا و وەک 'تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی' خرایە بەرباس.

 

لە نامەکەی بزووتنەوەی دادپەروەری ژنانی ئەفغانستاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە دوای ئەوەی تاڵیبان جارێکی دیکە دەستی بەسەر ئیدارەی ئەفغانستاندا گرتەوە، هەڵاواردنی جێندەرییان لە دژی ژنانی ئەفغانستان ئەنجامدا و گوترابوو: "لە ئەفغانستان لە ژێر ئیدارەی تاڵیباندا، ژنان ڕووبەڕووی ستەم و جیاکاری سیستماتیکی دەبنەوە."

 

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: "داننان بە 'هەڵاواردنی جێندەری' لە ئەفغانستان یەکێکە لە ڕێگاکانی فشاری دیپلۆماسی بۆ سەر تاڵیبان و هەنگاوێکی ئەرێنی و کاریگەرە بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان".

 

هەروەها بزووتنەوەی دادپەروەری ژنانی ئەفغانستان داوای پشتیوانی و هاوکاری بۆ نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی دانپێدانانی 'یەکسانی جێندەری' لە ئەفغانستان کرد.