ژنانی ناڕازی لە پاکستان داوای دانپێدانانی جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکاندا دەکەن

بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی ئەفغانستان بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی جیهانی دژی جیاوازی جێندەری، لە گردبوونەوەیەکدا لە پاکستان، داوای مافی ژنان و دانپێدانانی جیاوازی جێندەرییان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆرێک لە ژنانی خۆپیشاندەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، لە کۆبوونەوەیەکدا لە پاکستان، داوای دابینکردنی مافەکانی ژنان و دانپێدانان بۆ مافەکانیان لە نێوان ڕەگەزەکان لە ئەفغانستان کرد.

 

لەم گردبوونەوەیەدا ژنانی ناڕازی لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی حەوت خاڵییەوە داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە دادگایەکی جیهانی لە دژی ئەنجامدەرانی ستەم و دوورخستنەوەی ژنان لە ئەفغانستان دابمەزرێنن، هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە نابێت ژنانی ئەفغانی لەم دۆخە سەختەدا بەجێبهێڵن.

 

نەوشیروان حەمیدی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئازادی لە پاکستان جەختی لەوەکردەوە کە ژنانی ئەفغانستان لە هەموو مافە مرۆییەکانیان بێبەشن، داوای لە جیهان کرد کە گرنگی بدەن بە خەباتی ژنانی ئەفغانستان، بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن و لێپرسینەوە لە تاڵیبان بکەن، کە بەرپرسیارە لە دروستکردنی جیاوازی جێندەری.

 

سەفیە عارف سەرۆکی بزووتنەوەی پەنجەرەی ئومێد ڕەخنەی لە قەدەغەکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبان گرت و وتی: بەرگریکارانی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کارەکانی تاڵیبان دژی ژنان بە تاوان بزانن، وڵاتانی دیکە دەبێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاڵیبان بپچڕێنن.

 

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، هەروەها وردە وردە بە پلان نەهێشتنی ژنانی لە کۆمەڵگەدا جێبەجێکرد، زۆرێک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە زۆرێک لە ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکاندا داوای سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێک لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە نەکراوە.