ژنێکى زیندانیکراوى کورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردەوە، نێرگز مەنسوری، زیندانیکراوى سیاسیی لە زیندانی ئەڤین لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە زاری کەسێکی نزیکی نێرگز مەنسوری، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەڤین ئاماژەیان بەوەکرد، لە مافی پەیوەندیکردن و بینینی بنەماڵەکەی و مۆڵەتی پزیشکیی بێبەشکراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نێرگرز مەنسورى گومانی توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدانی لێدەکرێت، ئەمەش نیگەرانی خێزانەکەی لێکەوتووەتەوە، نێرگز مەنسوری ماوەیەک لەمەوبەر لە بەرانبەر خراپی بارودۆخی قاوشی ژنان دەستی بە مانگرتن لەخواردن کردبوو.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، نێرگز مەنسوری لە دوو دۆسێیەى دادوەرییدا بە هەشت ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە، کە بەشێک لە سزاکەی تێپەڕاندووە.

 

هاوکات، نێرگز مەنسوری لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤ چەندین جار دەستگیر کراوە و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت" سزا دراوە.

 

هەروەها، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری بانەی ڕوژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و  پاشان گوازراوەتەوە بۆ قاوشی ژنانی زیندانی ئەڤین، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣ مۆڵەتی پزیشکی پێدرا و لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەیەندرایەوە زیندان.