ژنێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا
هەڵمەتی دەستبەسەر کردنی ژنانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە درێژەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، ژنێکی کوردی خەڵکی بۆکان بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١ی شوبات، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دەستبەسەر کردنی ژنێکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەکرد، ژنێکی کورد بە ناوی بەفرین مەحموودی خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسرگەی شاری ورمێ گوازراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەریان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا ٤٧٤ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.