ژنێکی کورد لە زیندانەکانی ئێران دەستی بە مانگرتن کرد

کەژاڵ ڕەحمانی کە ماوەی شەش ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، دوو ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە مانگرتنی کەژاڵ ڕەحمانی، چالاکوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: کەژاڵ ڕەحمانی ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان ماوەی شەش ڕۆژە لە گرتووخانەی سنە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و بەو هۆیەوە دوو ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کەژاڵ ڕەحمانی هەموو ڕۆژێک بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی و شەوان دەیگێڕنەوە بۆ چاکسازیی ژنانی سنەو لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دیداری خانەوادە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بووە.

 

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران گەمارۆی ماڵەکانی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانییان لە شاری کامیاران دا و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەم خوشک و برایەیان دەستبەسەر کرد.

 

جێی ئاماژەیە، عیسا فەیزی هاوژینی کەژاڵ کاتژمێرێک دواتر بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی هاوژین و برای هاوژینەکەی سەردانی بنکەی ئیتلاعاتی کامیاران دەکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن دەیبەنە ناو بیناکەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئەویش بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر دەکەن.

 

کەژاڵ و دانیال ڕەحمانییش لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستانن، براکەیان جەمال ڕەحمانی کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو، ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە شەهیدکرا.

 

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان یان ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ئەسپەردەکردنی، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان لە شارەکانی کامیاران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

 

هەروەها برایەکی دیکەیشیان، ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.