ژنێکی بۆکان بەهۆی قبوڵنەکردنی داواکاری نەشتەرگەری لەلایەن کارمەندانی پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا

نگین کەریمی، ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری بۆکان، دوای یەک مانگ لە کۆما لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی ستافی چارەسەری نەخۆشخانەی بۆکان داواکەی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەتکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نگین کەریمی دانیشتووی شاری بۆکان نزیکەی مانگێک پێش ئێستا سەردانی نەخۆشخانەی ئەم شارەی کردووە و بەهۆی باری جەستەیی داوای منداڵبوونی بە نەشتەرگەری کردووە، بەڵام ستافی پزیشکی بڕیاریاندا منداڵبوونێکی سروشتی ئەنجامبدەن و لە ئەنجامدا نگین گیانی لەدەستدا.

 

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە کاتی پرۆسەی منداڵبوونی سروشتیدا، نگین تووشی فشاری جەستەیی توند بووە، کە بووەتە هۆی جەڵتەی مێشک، ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی ورمێ گواسترایەوە و لە بەشی چاودێری چڕ دا لە ژێر چاودێریدا بوو، بەڵام دوای یەک مانگ لە کۆمادا گیانی لەدەست دا، کۆرپەکەی نگین کەریمی بە تەندروستی لەدایک بوو.

 

سەرچاوە ئاگادارەکان پێیانوایە بڕیاری ستافی چارەسەری نەخۆشخانەی بۆکان بۆ ڕەتکردنەوەی نەشتەرگەری هۆکاری سەرەکی جەڵتەی مێشکی ئەمژنە بووە، تا ئێستا نەخۆشخانەی بوکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا، سیاسەتی نەخۆشخانەکان و کارمەندانی پزیشکی لە ئێران، لەسەر بەرەوپێشبردنی منداڵبوونی سروشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی نەشتەرگەری چڕ بووەتەوە، ئەمەش دەتوانێت مەترسیدار بێت، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی کە باری جەستەیی دایکەکە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، ڕەتکردنەوەی نەشتەرگەری قەستەرە لەکاتی پێویستدا ساڵانە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک لەژنان لەکاتی منداڵبووندا بەهۆی ئەو بڕیارانەوە گیان لەدەست بدەن.