ژنانی کرماشان لەناو ئاگردا هاوار دەکەن

لە خاکێکدا کە هەژاری و نەریت و یاسا جەستەی ژن دەخوات، ژنانی کرماشان لە ئاگرەوە هاوار دەکەن، بەڵام قەقنەس نین و کەسیش بەجێناهێڵن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان، تەنها خۆڵەمێش و لەبیرچونەوەیان دەمێنێتەوە.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان-دەسووتێن، بەڵام بە پێچەوانەی قەقنەسەوە، لە خۆڵەمێشەکانیان هەڵناگرن؛ لەبیر دەکرێن، ئەمە چیرۆکی ژنانی کرماشانە کە چارەنووسیان وەک ژن لە پارچەیەک نەوت و پریشکێک زیاتر نەبوو کە بە بڵێسەی ئاگریان هەڵگیرساند.

 

چیرۆکی خۆکوشتنی ژنان بە خۆسووتاندن دیاردەیەکی نوێ نییە، لە دەیان ساڵی ڕابردوودا سەدان ژن لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو فشار و سەرکوتانەی بەسەریاندا سەپێنراوە، ئاگریان لە خۆیان بەرداوە، زۆرجار ئامانجی خۆسووتاندن لە ئێران بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا و باکوور، ڕاکێشانی سەرنجە بۆ ئەوەی هاوارەکانیان ببیسترێت، یان وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون لەو فشارانەی بەسەریاندا سەپێنراوە.

 

ئەم دیاردەیە لە کرماشان بە تایبەتی لە ناوچەی یارسان و قەلخانی لەنێو ژنانی خێزاندار کە قوربانیی هاوسەرگیری پێشوەختە، توندوتیژی خێزانی بوون ڕوودەدات.

 

هیچ ئامار و سەرچاوەیەکی ورد لەسەر ژمارەی ئەو جۆرە ڕووداوانە نییە، چونکە زۆرجار ئەم جۆرە کەیسانە لە شەرمەزاریدا پۆشراون یان کەوتوونەتە بەر سانسۆری ڕاگەیاندنەوە، بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکان ژمارەیەکی مەترسیدار باس دەکەن کە هەندێکجار لەو ژمارەیە زیاترە کە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەخرێنەڕوو.

 

ناڕەزایەتی ئاگرکەوتنەوە

کارگێڕی کەناڵێکی تێلێگرام لە پارێزگای سرپل زەهاب لە کرماشان وتی: کەناڵێکی هەواڵی لە تێلێگرامم هەیە، ئەندامانی کەناڵەکەش هەمیشە ڕاگەیاندنی جۆراوجۆرم بۆ دەنێرن، بۆ نموونە سەبارەت بە ژنێک کە ژیانی خۆی بردووە، بەڵام بەشە تاڵەکەی چیرۆکەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو ژنانەی کە خۆیان دەکوژن لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە ناوچەکانی دانیشتووانی یارسان، ئاگر لە خۆیان بەردەدەن، لە زۆربەی کەیسەکاندا دوای چەند ڕۆژێک لە ئازاردان گیان لەدەست دەدەن، کاتێک هەواڵی مردنیان لە کەناڵەکەدا پەخش دەکەم، یەکسەر کەسوکاری مردووەکە هەڕەشەی سڕینەوەی چیرۆکەکە دەکەن، بۆیە قورسە بە وردی ڕووماڵی ئەو جۆرە خۆکوشتنانە بکرێت.

 

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، توندوتیژی خێزانی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ژنان بۆ خۆسووتاندن، بەڵام ئەم توندوتیژییە زۆرجار ڕەگ و ڕیشەی لە عەقڵیەتی پیاوسالاری و هەژاری و هەلومەرجی سەختی ئابووریدا هەیە کە بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێندرێت.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ لەلایەن بنکەی تەندروستی گوندی "بزمیر ئاباد" سەر بە سرپل زەهاب بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکرد مانگانە دەیان کەیسی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان لە هەمان گوندی بچووک ڕوودەدات، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە خۆسووتاندنی ژنان لەم ناوچەیەدا بۆتە کردەوەیەکی درمی ناڕەزایەتی.

 

توندوتیژی خێزانی... برینێکی شاراوە

هۆکاری سەرەکی کە ژنان لەم بوارەدا بەرەو خۆسووتاندن دەبات، جوگرافیا و بارودۆخی نایەکسانی ژیانە، زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە پەیڕەوی لە ئایینی یارسان دەکەن کە لە سەرەتاییترین پێداویستی و ئیمکانات بێبەشیان دەکات، زۆربەی پیاوانی دانیشتووی ئەو ناوچانە بێکارن یان پێگەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتیان نییە.

 

فشارە ئابوورییەکانیش فشار دەخاتە سەر هەرێم و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، لەم بوارانەدا بەهۆی نەبوونی خوێندگەکان لە سەرووی ئاستی سەرەتاییەوە، کچان بە شێوەیەکی گشتی تەنها دەتوانن تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بخوێنن، دوای ئەوە بەگوێرەی کولتوری باو، بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە ناچار دەبن هاوسەرگیری بکەن و دواتر منداڵیان دەبێت.

 

هاوسەرگیری لە تەمەنێکی گەنجیدا و ئەو فشارە ئابوورییانەی کە لەسەر ژنەکە دادەنرێت، بناغەی توندوتیژی خێزانی دادەنێت، چونکە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی پیاو بە بژێوی ژیان دەزانێت، کاتێک پیاو توانای دابینکردنی پێداویستی خێزانەکەی نەبێت، بوونی ژن و منداڵەکانی وەک هۆکارێک بۆ هەژاری سەیر دەکات، بەم شێوەیەش هەراسان و خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، لەم دۆخەدا زۆرجار ژنەکە زیاتر چەوساوەتەوە.

 

نایەکسانی جوگرافی: بڵێسەی نەبیندراو

کارمەندێکی ناوەندی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی کرماشان وتی: بێ ئەوەی بڵێین زۆرینەی ئەو ژنانەی کە خۆسووتاندن دەکەن پەشیمان دەبنەوە، چونکە ئەم جۆرە خۆکوشتنە زۆرجار ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە بارودۆخی ژیان و هەڵسوکەوتی باوک، برا، یان هاوژینەکەیان، بۆتە فۆرمێکی هێمای ناڕەزایەتی، بەڵام لە زۆر کەیسدا ئامانجی ڕاستەقینە کۆتاییهێنان بە ژیانیانە، بۆ نموونە ئێمە چەندین ژنمان هەیە کە خۆیان دەسووتێنن، لە شوێنی داخراوی وەک گەرماو یان دەستشۆر، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کەس هەوڵی ڕزگارکردنیان نەدات.

 

ژنان بەزۆری لەسەر داوای قوربانییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیان یان وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی خۆیان ئاگر لە خۆیان بەردەدەن، بەڵام دەبێت ڕەهەندێکی تری ئەم توندوتیژیەش لەبەرچاو بگیرێت، کە ژنێک ئاگری تێبەردەدرێت یان لەلایەن کەسێکی ترەوە وەک سزایەک ئاگری تێبەردەدرێت، وەک ئەوەی لەگەڵ ژنێکدا لە گوندی "تشمن جیلن" سەربە سرپل زەهاب ڕوویدا، کە لەلایەن باوکیەوە بە ئاوی کوڵاو سووتێنرا.

 

کەسانی ناوخۆیی وتیان: ژنەکە "باوکی توڕە کردووە" بە گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بە فەرمانی جیابوونەوەکە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ژنەکە، باوکەکە ئاوی کوڵاوی بەسەر پشتی و بەشێک لە ملیدا ڕشت.

 

چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ئاگاداری ڕووداوەکە بوو گێڕایەوە، ئەم ڕووداوە شەو ڕوویداوە، ژنەکەش ناچاربوو تا بەیانی بەرگەی ئەو ئازارە بگرێت، لە ترسی باوکی، بەیانییەکەی دیکە کە بابەتەکەمان بۆ دەرکەوت و ڕێوشوێنی چارەسەریمان گرتەبەر، جلەکانی بەتەواوی بە پشتیەوە لکابوو، پزیشکی پێست ناچاربوو هەوڵێکی زۆر بدات بۆ ئەوەی جلوبەرگەکانی لە سووتاوییەکە دەربهێنێت، بەشی ئازاربەخشی چیرۆکەکە ئەوەیە کە ژنەکە بە یەک مەرج ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چارەسەرکردن، ئەویش ئەوەیە کە باوکی دادگایی نەکرێت.

 

یاسا پەناگەیەکە بۆ دەستدرێژیکاران

جگە لەو کولتوورە باوەی کە پاساو بۆ سزادانی ژن لە لایەن باوک، برا، یان هاوژینەکەیەوە دەهێنێتەوە، یاساکان چوارچێوەیەکی توندیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم توندوتیژییە لەخۆناگرن، هەموو ئەم هۆکارانە ڕێگە دەدەن هەر جۆرە توندوتیژییەک لەلایەن پیاوانەوە لە کۆمەڵگەدا ئەنجام بدرێت.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەم ژنە، دەتوانین بە دڵنیاییەوە گریمانە بکەین کە زۆربەی کەیسەکانی سووتاندن جۆرێکە لە توندوتیژی لەلایەن کەسێکی دیکەوە، بە دڵنیاییەوە جۆرێکە لە هەوڵی کوشتن لەلایەن برایەک، هاوژینەکەی، باوکێک، یان تەنانەت پیاوێکی دیکەوە، بۆ نموونە ژنێک بە ناوی لەیلا لە کرماشان دوای ئەوەی هاوژینەکەی تاوانبار دەکات کە سوتاندوویەتی، هاوژینەکەی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە لەیلا نەوتی بەسەر خۆیدا ڕشتووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە، تەنها پێی وتووە کە ناوێرێت.

 

دواتر لەڕێی لێدوانی ئەندامانی نزیکی خێزانەکەیەوە دەرکەوت کە هاوژینەکەی لەیلا ئالوودەبووە، هەروەها بۆ هەڕەشەکردن لە هاوژینەکەی نەوتی بەسەر خۆیدا ڕشتووە، بەڵام ئەو بوو کە چەرخەکەی فڕێداوەتە سەری، بەڵام بەو پێیەی یاساکان بەزۆری لە بەرژەوەندی پیاوانن، هاوژینەکەی لەیلا هەرگیز سزا نەدرا، دوای دوو مانگ لەیلا لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

 

ژنان تەنانەت دوای مردنیش قوربانی دەبن

هەموو ئەم توندوتیژییە ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوور و بیروباوەڕی باودا هەیە، کە ژنان تەنها لە بابەتی خزمەتکردن یان قوربانیدان کورت دەکەنەوە، تەنانەت دوای مردنیش پیاوان بەردەوامن لە پێناسەکردنی ژن لە کۆمەڵگەدا، بۆ نمونە ئەگەر برایەک خوشکەکەی بکوژێت یان باوکێک کچەکەی بکوژێت، خۆیان وەک پاسەوانی شەرەفی کۆمەڵەکە پیشان دەدەن، یان ئەگەر هاوژینێک ژنەکەی بکوژێت، خۆی وەک پاڵەوانێک نیشان دەدات کە چەواشەکاریی سڕیوەتەوە،بەڵام لە کۆتاییدا هەموو ئەم بیروباوەڕانە پریشکێکن کە سیستەمی پیاوسالاری گۆڕاوە بۆ بڵێسەی ئاگر کە ژنان دەخۆن، لەنێوان ئاگری توڕەیی و توندوتیژی و خۆبەختکردندا، ژنان دەبنە قوربانی، خودی بوونی خۆیان بە خۆڵەمێشدا لەبیر دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین خۆسووتاندن ڕەنگە هاوارێکی هێمای بێت لە دڵێکی شکاو و ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ژیانێکی بێ پەناگە، بەڵام چارەسەر نییە، ئەوەی دەبێت بگۆڕێت تەنها چارەنووسی ژن نییە، بەڵکو ئەو پێکهاتەیە کە ژیان و مردن بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کۆمەڵگە نابێت پابەندبوونی خۆی بە پێکەوەژیان و کەرامەتی مرۆڤەوە لەبیر بکات، و نابێت ژیانی یەکتر بە دەستی خۆی ببات.

 

پرسەکە تەنیا قەیرانی تاکەکەسی یان خێزانیی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە بونیادی دەوڵەت-نەتەوە کە لەسەر بنەمای پیاوسالاری و کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنان دامەزراون،  ڕەگ و ڕیشەی لە دامەزراوەی بنەماڵە و پێکهاتەی کۆمەڵگەدا هەیە.

 

تا ئەو سیستەمە گەندەڵە نەگۆڕێت و کۆمەڵگە لەو داب و نەریتە ڕزگار نەبێ کە ژنان لە لایەن باوک و برا و هاوژین یان کەسانی ترەوە بکوژرێن، خۆڵەمێشی ژن وەک شایەتحاڵی سروشتی سارێژنەکراوی  ئەم توندوتیژییە دەمێنێتەوە.