ژنێک لە حومس کوژرا
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سووریا شاهیدی بەرزبوونەوەی بێ یاسادانانن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک کوشتن و تەقینەوە ڕوویانداوە، دوایین ڕووداویش بریتی بوو لە کوشتنی ژنێک لە حومس لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە نێوان پەرەسەندنی نایاسایی و نەبوونی سەروەری یاسا لەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتی سووریادایە، ترسی گشتی سەبارەت بە فراوانبوونی پێشێلکارییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکان پەرەدەستێنێت، ئەم ناوچانە شاهیدی زنجیرەیەک ڕووداوی دووبارەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی و هێرشی چەکدارین.
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سووریا تادێت پشێوی و بێ یاسایی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کوشتن و تەقینەوەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، لە دوایین ڕووداودا، ٢٣ی شوبات، ژنێک لە شاری حومس کوژرا، دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئیمان مەتانیۆس دوای ئەوەی لە گەڕەکی عەكرمە لەلایەن چەکدارانەوە کراوەتە ئامانج، بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە، پێش ئەوەی هەڵبێن ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکردووە، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر ناسنامەی تاوانباران بڵاونەکردووەتەوە.
لە ڕووداوێکی پەیوەندیداردا، لە شاری جەرمانا لە گوندەکانی دیمەشق ڕوویدا، کە بۆمبێکی دەستی لەناو ماڵێکدا لە گەڕەکی جورە تەقیوەتەوە و گەنجێک گیانی لەدەستداوە و گەنجێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە، دوای ئەوەی دەستکاری بۆمبەکە کردووە، بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان.
هەروەها کوشتنێک لە گوندەکانی باکووری حەلەب تۆمارکراوە، کە کەسێک تەقەی لە ئامۆزاکەی کردووە، ئەمەش دوای ناکۆکییەکی دارایی کە پەرەی سەندووە و بووەتە شەڕ و لە ئەنجامدا دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی قوربانیانی بەهەڵە کوژراون بۆ ٢٣ کەس بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەک و بۆمب لەناو خەڵکی مەدەنی و نەبوونی چاودێری ئەمنی.