ژنانی ئێزدی: ئێمە دەمانەوێت دیلکراوەکانمان ئازاد بکرێن
بۆ بیرهێنانەوەی ١٢یەمین ساڵیادی فەرمانی ٧٤، ئەم ڕۆژانە لە شنگال چادر هەڵدراوە. ئەو ژنانەی سەردانی چادر یادکردنەوەی فەرمانی ٧٤ دەکەن ڕایانگەیاند کە دەبێت فەرمانی ٧٤ وەکو کۆمەڵکوژی بناسرێت و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکرێت
شنگال
بۆ بیرهێنانەوەی فەرمانی ٧٤ لە ٢٣ی تەمووزدا لە ناوەندی شنگال، لە بازاڕی کۆن لەلایەن مەجلیسی گەل و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی تاژێ خێمە هەڵدرا. ئەو کەسانەی سەردانی خێمەکە دەکەن، وێنەی شەهید و بێسەروشوێنەکانی خۆیان هەڵدەواسن، بۆ شەهیدان مۆم پێدەکەن و خێر بڵاو دەکەنەوە. پێوەست بە یادکردنەوەی فەرمانەکە، ڕۆژانە چالاکی جیاواز ڕێکدەخرێن. هەندێک ڕۆژ فیلم تماشا دەکرێت و هەندێک ڕۆژیش لەلایەن قەولبێژانەوە قەول دەخوێندرێنەوە و پێشانگەی وێنە نیشان دەدرێت. ڕۆژانە بە سەدان کەس سەردانی ئەم خێمانە دەکەن. ژنانی ئێزدی گرنگییەکی گەورە بەو چالاکییانە دەدەن کە ڕێکدەخرێن.
لە سەردانیکەرانی یادکردنەوەکەی بازاڕی کۆن، تەورێ ئەیلاس و وێنەکێش فەریدە ئێزدی لەبارەی ئامانجی بەشداریبوونیان لەم چالاکییانەدا بۆ ئاژانسەکەمان دواین.
"ویستم بە وێنەکانم ئازارەکانی فەرمانەکە نیشان بدم"

فەریدە ئێزدی لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەیەکە وێنەکانی فەرمانەکە دەکێشێت و ئامانجی کێشانی وێنەکانی بەم شێوەیە دەربڕی: ئامانج لە کێشانی ئەم وێنانە ئەوەیە کە بتوانم بەم شێوەیە ئازار و مەینەتییانە دەربڕم کە کۆمەڵگەی ئێزدی لە فەرمانی ٧٤دا چەشتوویانە. لە وێنەیەکدا کە کێشاومە، ویستم هەستی کچێکی ئێزدی نیشان بدم کە باوک و برا بچووکەکەی لەبەر چاوی خۆیدا کوژراون، خۆی بە دیل گیراوە و شوێنە پیرۆزەکانمان چۆن تەقێنراونەتەوە. لە وێنەیەکی دیکەمدا ویستم نیشانی بدم کە چۆن ژیانی سادەی ئێمە بەر لە فەرمانەکە بە هێرشی داعش وێران بوو؛ لە هەمان وێنەدا کچێکی چوار ساڵان هەیە کە ناوەی یوڤا بوو، کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی لە دەست داعش ڕا دەکەن لە ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە و باوکی بۆ ئەوەی خێزانەکەی ڕزگار بکات، ناتوانێت کچەکەی هەڵبگرێتەوە. دیسان لە هەمان وێنەدا ویستوومە نیشان بدم کە چۆن کچەکانمان بە دیل گیران و لە بازارەکاندا فرۆشران. لە وێنەیەکی دیکەمدا ویستم هەست بە دەروونی کچە ئێزدییە دیلەکان بکەم و ئەو ئازار و مەینەتییانە نیشان بدم کە لەژێر دەستی داعشدا دەیکێشن. لە وێنەیەکی دیکەشمدا ویستم چیاکانمان بکێشم کە چۆن گەلەکەمانی لە ئامێز گرتووە و بوونەتە پەناگە بۆ کۆمەڵگەکەمان.
"با هەموو کەس بگەڕێتەوە سەر خاک و وڵاتی خۆی"
لە کۆتایی قسەکانیدا، فەریدە ئێزدی وەک هەموو ئێزدییەکان ویستی ئەم فەرمانە وەکو کۆمەڵکوژی بناسرێت و وتی: نازانم چی بڵێم چونکە چی بڵێین ئەم ئازارەی ئێمە کەم نابێتەوە، ئەم ئازارە هەمیشە لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. تەنیا دەمانەوێت دیلکراوەکانمان ڕزگار بن و دیسان بێن لەێر بژین. دیسان ئەو کەسانەی کۆچبەر بوون بگەڕێنەوە سەر خاک و وڵاتی خۆیان. بڵێیت یان نەڵێیت هیچ برینێک چاکنابێتەوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر کەسانی ماوە جێبەجێ بکات تاوەکو ژیانمان کەمێک ئاسانتر بێت.
"لە خێزانەکەی ئێمە ١٢ کەس بە دیل گیران"

تەورێ ئەیلاس لە دەستپێکی قسەکانیدا باسی ڕۆژی فەرمانەکە و خیانەتی پەدەکەی کرد و بەم شێوەیە وتی: بەر لە فەرمانەکە، ئەو پێشمەرگانەی کە گوتبوویان ئێمە پارێزگاریتان لێ دەکەین، ڕۆژی فەرمانەکە ڕایانکرد. دیسان حکومەتی عێراقیش هیچ شتێکی نکرد. بە هەزاران کچ و ژنمان بردران، یەکێک لەوانە خوشکی خۆم بوو. خوشکم و منداڵەکانی، دیسان هەموو خێزانی خاڵم، بە گشتی ئێستا لە خێزانەکەی ئێمە ١٢ کەس بە دیل گیراون. تا ئێستا لەبارەی چارەنووسیانەوە هیچ ناکۆڵینەوەیەکی ڕوون نادۆزینەوە و هیچ نازانین. ساڵانە لە ساڵیادی فەرمانەکەدا برینەکانمان نوێ دەبنەوە. ئەو ڕۆژانە دێنەوە یادمان و زۆر ئازار دەچێژین. دایک و خوشکەکانمانیان لە موسڵ لە ناو قەفەسدا سووتاند. خۆی ئەگەر لەبەر شەڕڤانانی ڕێبەر ئاپۆ نەبایە، یەکێک لە ئێمە ڕزگاری نەدەبوو. تا کۆتایی تەمەنمان چاکەی ئەوان لەبەرچاو دەگرین و لەبیری ناکەین.
"ئێسکەکانمان هێشتا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانداین"
لە بەردەوامی قسەکانیدا، تەورێ ئەیلاس باسی چالاکییەکانی بازاڕی کۆنی کرد و داوای کرد گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و وتی: ماوەی دوو ساڵە لە بازاڕی کۆن بۆ یادکردنەوەی فەرمانەکە خێمە هەڵدەدەین. زۆر کەس سەردانی خێمەکان دەکەن و وێنەی شەهیدەکانیان هەڵدەواسن. بەو شێوەیە دەمانەوێت ئەو شتانەی لە فەرمانەکەدا چەشتمان، بەتایبەتی ئەو شتانەی ژنانی ئێزدی چەشتبوویان، لەبیر نەکرێن. هێشتا بە هەزاران مرۆڤ، ژن و دایکمان لە دەستی داعشدان. بە هەزاران کەسیش بێسەروشوێنن، نازانین زیندوون یان مردوو. ئێسکەکانمان هێشتا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانداین. خاڵێکی دیکەم کوژرا، بەڵام نازانین ئێسکەکانی لە کوێن. دەمانەوێت ئێسکەکانمان دەربکەن تاوەکو بزانیین لەوانەی بێسەروشوێن بوون کێیان زیندووە و کێیان مردووە. سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دیلکراوەکانمان نییە. نە حکومەتی عێراق و نە هیچ دەوڵەتێکی دیکە تا ئێستا لەبارەی ئەم دیلکراوانەوە هیچ شتێکیان نەکردووە. دەمانەوێت حکومەتی عێراق ئەم فەرمانە وەکو ژینۆساید پەیڕەو بکات و قەبووڵی بکات. تا ئێستاش ئەو دیلکراوانەی ئێمە کە ئازاد کراون، لەلایەن بزووتنەوەی ئازادییەوە ئازاد کراون.
"ئیتر بڕوامان بە هیچ کەسێک نییە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، تەورێ ئەیلاس سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر مەترسییەکانی سەر شنگال و وتی: وەکو کۆمەڵگەی ئێزدی دەمانەوێت خۆمان پارێزگاری لە خۆمان بکەین و نانەوێت کەسێکی دیکە پارێزگاریمان لێ بکات. ئیتر بڕوامان بە هیچ کەسێک نییە. دوای فەرمانەکە بەبۆنەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە یبەشەو یەژەشە، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی ئێزدیخان و ئاسایشی ئێزدخان دامەزران، ژنانی ئێزدی خۆیان ڕێکخست. ئەمڕۆ ئەگەر هێزەکانی پاراستنی ئێمە نەبوونایە، نەماندەتوانی لەێر بژین. دەمانەوێت حکومەتی عێراق هێزەکانی پاراستنی ئێمە بە فەرمی ببناسێت. ئەو کەسانەی لە بەرامبەر داعشدا شەڕیان کرد کچ و کوڕە ئێزدییەکانی ئێمە بوون، بەڵام ئەمڕۆ دەیانەوێت هەموو ئەو مۆڵەت و ڕەنجەی داویانە بە هەدەر بدەن و نیستی بکەن.