ژنانی ئەوروپا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی وریشە مورادی دەکەن

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا "ئاکەدە" دەستنیشانی کرد ڕژێمی ئێران کوردان و ئۆپۆزسیۆن دەکاتە ئامانج و داوای لە ڕای گشتی دیموکراسیخواز کرد، هەوڵ بدەن بڕیاری لەسێدارەدانی وریشە مورادی بوەستێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران لە ١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سزای لە سێدارەدانی بۆ وریسە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" دەرکرد، لە دژی ئەم بڕیارە پشتیوانی ژنانی ئەوروپا "ئاکەدە" کە لە تەڤگەری ژنانی کورد، یەکێتی ژنانی سۆسیالیست، لە چاوی ژنەوە، تەڤگەری ژنانی دیموکراتیک، هێڵی سووری ژنی نوێ پێکدێت، ڕاگەیەنراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو نامەیەی کە وریشە مورادی لە زیندانی ئەڤین نووسیویەتی.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین بڕیاری لە سێدارەدانی دەرکردووە و تاکو ئێستا  بڕیاری سەدان کەس  جێبەجێ کراوە و بەردەوامی سزای لە سێدارەدانی نوێش دەردەکرێت. لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “دواین سزاکانی لە سێدارەدان دژی ٦ کەس دراوە کە بەشداریان لە چالاکییەکانی ژینا ئەمینی کردووە، هەروەک  زۆرترین سزای لە سێدارەدان دژی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ژنانی چالاکوان، خەباتکارانی کورد، هەموو تێکۆشەران و  هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان جێبەجێ کراوە. لە سێدارەدان و زیندانی کردن سیاسەتی چەوساندنەوە و لە ناوبردنی تێکۆشان، ڕەوشی ژنان و گەلانی ژێردەستەیە.

 

تێیدا هاتووە: لە هەموو جیهان، سەدان ساڵە ژنان دژی سیستمی پیاوسالاری تێدەکۆشن. ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت لە ئێران لە شەڕ  دژی سیستەمی پیاو سالاری کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو تێکۆشان و دەستکەوتەکانی ژنان دەکەنە ئامانج، بەشێوەی ڕێکخراو لە تێکۆشاندان.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە: پێویستە دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە سیاسەتی فشار و قڕکردن بێنێت، سزا دەرکراوەکان ڕابگرێت و هەموو زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی زیندانی سیاسی وریشە مورادی ئازاد بکات، دژی بڕیارەکانی لە سێدارەدان کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، دەبێت هەموو ڕێکخراوەکان، پێشکەوتنخواز و دیموکراسییەکان و بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی ژنان بە فراوانکردنی تێکۆشانەکانیان دژ بە بڕیارەکانی لە سێدارەدان بڵێن نا.