ژنانی ئەفغانی لە نێوان بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی و بەردەوامی پێشێلکارییەکانی تاڵیباندان

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ سەرکردەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان، ئایا ئەمە ڕووناکی خستە سەر دۆسیەی دادپەروەری و لێپرسینەوە سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی کە ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی دەبنەوە؟

بەهاران لەهیب

 

فاریاب-دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆسیەی پێشێلکارییەکان دژی ژنان لە ئەفغانستان هێنایەوە بەر باسی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی، ئەوەش دوای ئەوەی کە پێش ساڵێک دوو بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دوو لە سەرکردە باڵاکانی تاڵیبان دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەوانەش چەوساندنەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز.

 

بەڵام زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئەم بڕیارەدا تێپەڕیوە و هیچ شتێک لە دۆخی ژنانی ئەفغانستان نەگۆڕاوە، بەڵکو دەسەڵاتدارانی تاڵیبان بەردەوام یاساکانی خۆیان دەسەپێنن کە ئامانجیان ژنانە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەفغانستان پەیوەندی بە پەیماننامەی ڕۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە کرد، لەو کاتەدا زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت سەرکردەی گروپە جیهادییەکان و تاڵیبان و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتە پێشووترەکانەوە بوون، کاتێک چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوای لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کرد، ئەم بەرپرسانە دژایەتی ئەم هەنگاوەیان کرد چونکە پێیان وابوو مەترسی دادگاییکردنیان لەسەرە.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ لیژنەیەک پێکهێنرا بە مەبەستی هاوکاریکردن لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام زۆرێک لە داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە کە لە جیاتی پاڵنەریکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، لە ڕاستیدا ڕێگریان دروستکرد لە بەردەم لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پێشوودا.

 

دوای چەندین ساڵ لە داواکردنی دادپەروەری، دادگاکە ڕایگەیاند، کە دەسەڵاتی دادوەریی هەیە بۆ گفتوگۆکردنی ئەو تاوانانەی کە لە ئەفغانستان لە ١ی ئایاری ٢٠٠٣وە ئەنجام دراون، لەسەر بنەمای ئەندامێتی وڵاتەکە لە پەیماننامەی ڕۆما، و لە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاریدا، زیاتر لە یەک ملیۆن سکاڵا تۆمار کران دژی تاڵیبان، تۆڕی حەقانی، هێزە حکومییەکانی ئەفغانستان و هێزە بیانییەکان، لەوانەش هێزەکانی ئەمریکا.

 

لە ٨ی تەمووزی ٢٠٢٥، دادگاکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەيبەتوڵا ئاخوندزادە و عەبدول حەکیم حەقانی دەرکرد بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەوانەش چەوساندنەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز و پانەری سیاسی"، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، لە کاتێکدا تالیبان، بە ڕەزامەندی هەيبەتوڵا ئاخوندزادە، بەردەوام بوو لە دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە سنووردارکردنی زیاتر بەسەر ژناندا دەسەپێنن، لەوانەش رێساکانی وەزارەتی فەرمانکردن بە ڕاست و قەدەغەکردنی هەڵە.

 

فەوزیە نەواب، پارێزەری ئەفغانی، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەماندا، ڕەهەندە دەستووری و یاساییەکانی ئەم بڕیارە و ئەو ئاستەنگانە ڕوون دەکاتەوە کە رووبەڕووی جێبەجێکردنی دەبنەوە.

 

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، گرنگی دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی تاڵیبان لە چیدا دەکات؟

دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە هەنگاوێکی گرنگی یاسایی دادەنرێت، چونکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پێشێلکارییە بەرفراوان و سیستەماتیکەکانی مافی ژنان لە ئەفغانستان تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو دەتوانرێت وەک تاوانی نێودەوڵەتی سەیر بکرێت.

 

بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن و کارکردن و ئازادی هاتوچۆ و بەشداری کۆمەڵایەتی و مافە بنەڕەتییەکانی تریش، ئەگەر بە شێوەیەکی فراوان و ڕێکخراو ئەنجام درابێت، ڕەنگە پێکهێنەری چەوساندنەوەیەکی لەسەر بنەمای ڕەگەز بێت، کە یەکێکە لە شێوازەکانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

 

گرنگی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت بۆ ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەوەی کە بەرپرسە سیاسی یان سەربازییەکان ناتوانن لە پشت دەسەڵاتەوە خۆیان بشارنەوە بۆ دەربازبوون لە دادپەروەری، هەروەها نوێنەرایەتی دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئازاری زیانبەرکەوتووان، بەتایبەت ژنانی ئەفغانی.

 

بۆچی تا ئێستا جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردن قورسە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونیدا؟ بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی لە ئەستۆی کێدایە؟

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی خاوەنی هێزێکی جێبەجێکاری سەربخۆ نییە، وەک پۆلیسی نێودەوڵەتی، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پشت بە هاوکاری وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەستێت.

 

کاتێک بڕیاری دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەردەچێت، وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی ڕۆما پابەندن بە دەستگیرکردنی ئەگەر هاتە ناو خاکیانەوە و ڕادەستکردنی بە دادگا، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە لە ڕاستیدا رووبەڕووی بەربەستی سیاسی، دیپلۆماسی و ئەمنی دەبێتەوە.

 

هەروەها نەبوونی ئیرادەی سیاسی، ئەو پەیوەندییانەی کە هەندێک وڵات بە تاڵیبانەوە دەبەستنەوە، پێگەی ناوچەیی، هەموویان هۆکارن بۆ خاوکردنەوەی رێڕەوی دادپەروەری، لەگەڵ ئەوەشدا، قورسی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە واتای بێبایەخبوونی نایەت، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی یاسایی گرنگ دەمێنێتەوە بۆ لێپرسینەوە لە داهاتوودا.

 

تا چ ڕادەیەک ئەو یاسا و رێسایانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەرکراون، وەک یاسای فەرمانکردن بە ڕاست و رێساکانی خێزان و پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکان، دۆخی ژنانیان لە ئەفغانستان گۆڕیوە؟ دیارترین کاریگەرییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کامانەن کە لێیانەوە کەوتوونەتەوە؟

لە ڕووی یاساییەوە، هەر یاسایەک کە ژنان لە مافە بنەڕەتییەکانیان ببەشێت بەهۆی ڕەگەزیانەوە، ناکۆکە لەگەڵ بنەماکانی یەکسانی و قەدەغەکردنی جیاکاری لە یاسای نێودەوڵەتیدا.

 

یاسا و رێساکانی تاڵیبان لە ساڵانی ڕابردوودا سنووردارکردنی فراوانیان بەسەر ئازادییە تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئابوورییەکانی ژناندا سەپاندووە، ئەم یاسایانە تەنها سنووردارکردنی دەستگەیشتنیان نەبوو بۆ مافە بنەڕەتییەکانیان، بەڵکو پێکهاتەیەکی یاساییان دروستکرد کە دەرفەتی زۆر سنووردار بە ژنان دەدات بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان.

 

کاتێک سیستەمی دادوەری نەبوونی سەربەخۆیی پێوە دیار بێت، ژنان نەتوانن بە یەکسانی دەستیان بە دادپەروەری بگات، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پێشێلکاری زیاتردا زیاد دەکات.

 

بۆچی سەرەڕای وروژاندنی دۆسیەی ژنانی ئەفغانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هیچ گۆڕانکارییەکی کردەیی لە ژیانیدا رووی نەداوە؟

دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە هەر دۆسیەیەک تەنها هەنگاوی یەکەمە، بەڵام گۆڕانکاری ڕاستەقینە پێویستی بە هەنگاوی سیاسی و یاسایی و جێبەجێکاری هەیە، مافەکانی مرۆڤ تەنها بە دەرکردنی لێدوانی هاوسۆزی یان سەرکۆنەکردن ناپارێزرێن، بەڵکو پێویستیان بە فشار بەردەوامەکان، لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان، و پشتگیری کردەیی بۆ زیانبەرکەوتووان هەیە.

 

ژنانی ئەفغانی ئەمڕۆ لە دۆخێکی دژبەردا دەژین؛ لەلایەکەوە، جیهان باس لە بارودۆخیان دەکات، لەلایەکی ترەوە، سنووردارکردنە سەپێنراوەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکەن، بۆیە زۆرێک لە ژنان پرسیار دەکەن: ئەگەر مافەکانمان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دانپێدانراون، کەواتە بۆچی پشتگیرییەکی کردەیی و کاریگەر بەدەستناهێنین؟

 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن چی بکەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری؟

پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قۆناغی سەرکۆنەکردنی زارەکییەوە بگوازێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازە یاسایی و سیاسییە بەردەستەکان، لەو ڕێکارانەی کە دەبنە کاریگەر: پشتگیریکردنی ڕێڕەوی دادوەری نێودەوڵەتی، بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، پشتیوانیکردنی زیانبەرکەوتووان، پەیڕەوکردنی فشاری دیپلۆماسی، ڕێگریکردن لە ئاساییکردنەوەی سیاسەتی لێخۆشبوون لە سزاکان.

 

دادپەروەری بۆ ژنانی ئەفغانی تەنها بە واتای سزادانی بەرپرسانی پێشێلکارییەکان نییە، بەڵکو بە واتای ڕەخساندن و ئامادەکردنی ئەو بارودۆخانەشە کە دەسەڵات دەداتە ژنان بۆ گەڕانەوەی مافە بنەڕەتییەکانیان، وەک خوێندن، کارکردن، ئازادی هەڵبژاردن و بەشداری لە کۆمەڵگەدا.

 

لە کۆتاییدا، ئەزموونی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بریتییە لەوەی کە ئایا بنەماکانی مافی مرۆڤ وەک مەرەکەب لەسەر کاغەز دەمێننەوە، وەک خۆیان دەگۆڕێن بۆ هەنگاوی کردەیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی مافی ژنان لە جیهاندا.