لە ئەفغانستان ژنان سزای لەسێدارەدان بۆ دوو چالاکوان لەلایەن ڕژێمی ئیرانەوە ڕەتدەکەنەوە

"با خوێنی ئازیزانمان بکەینە هێز و لە بیرماندا یەکبگرین، بۆ ڕووخاندنی حکومەتە ستەمکارەکانی مەلاکان و تاڵیبان” بەم قسانە ژنانی ئەفغانستان وەڵامی سزای لەسێدارەدانیان دایەوە کە بەسەر چالاکوانان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی سەپێندراوە.

بەهاران لاهیب

 

کابول-ژنانی ئەفغانستان ئازارەکانیان لەگەڵ ژنانی ئێرانی و کورد دابەش دەکەن، چونکە لەژێر دەسەڵاتی مەلاکان و تاڵیباندا ئازارەکانیان وەک یەکە، کاتێک ڕۆژانە هەواڵی ئێران و ئەفغانستان دەگوازرێتەوە، لە کوشتنی شەرەفەوە بۆ ناچارکردنی ژنان بۆ خۆکوشتن، بێسەروشوێنبوونیان و تیرۆرکردنیان لە شەقامەکاندا لەسەر دەستی حکومەتە دژە ژنەکان لە هەردوو وڵاتدا دەبێتە شتێکی ئاسایی.

 

بەڵام لە هەمووی ئازاربەخشتر ئەوەیە کە ژنان لە ئەفغانستان بە بیانووی “ڕەوشت” ئەشکەنجە دەدرێن و لە زیندانەکانی تاڵیبان دەستدرێژی زایەندییان دەکرێتە سەر، دوای ئازادکردنیان، ژمارەیەک لەو ژنانەخۆیان دەکوژن، جگە لە کوشتن، تۆمەت دەخەنە پاڵ چالاکوانان و سزای لەسێدارەدانیان لە دادگا ساختەکان بەسەردا دەسەپێنن.

 

"دەبێت ئێمەی ژنان دەستی یەکبگرین بۆ ئەوەی تۆڵە بکەینەوە و ئەم فرمێسکانە بکەینە هێز"

سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان بەسەر چالاکوانان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ئەفغانستان بەناوی شازیە سەفا، وتی: کاتێک گوێم لە سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنان لە ئێرانی بوو  کە لە دادگایەکی ساختە سزا دراون، تووشی شۆک بووم و ئازار و ڕق هەموو بوونمی پڕ کرد و بەڵێنم بەخۆم دا کە بە هەر نرخێک بێت دەبێت ئێمەی ژنان دەستی یەکبگرین بۆ ئەوەی تۆڵە بکەینەوە و ئەم فرمێسکانە بکەینە هێز.

 

 

فەوزیە جەلال، چالاکوانی مافی منداڵان لە ئەفغانستان، بەشداری لە ڕێپێوانەکانی خەبات بۆ مافەکانی ژنان و منداڵانی ئەفغانستان کرد و وتی: هەستم بە دڵتەنگی کرد کاتێک مەلاکان لە چاوتروکانێکدا خوشکە ئازا و تێکۆشەرەکانمانی دەستگیر کرد، ڕۆژێک دێت تۆڵە لە مەلاکان دەکەینەوە کە خوێنی ئێوەیان ڕشتووە.

 

"ئێمەی دایکان ئازارێکی هاوبەشمان هەیە"

دایکی یەکێک لە ژنە خۆپیشاندەرە ئەفغانییەکان کە گۆشەگیری لەسەر کراوەو ناچار بوو ئەفغانستان بەجێبهێڵێت، وتی: هەست بە ئازاری دایکان و خزم و تەنانەت هەموو ئێرانی و کوردەکانیش دەکەم، وەک چۆن کچەکەم بەهەمان شێوە لەلایەن تاڵیبانەوە ئاازاردرا، شەو و ڕۆژ ناتوانین بخەوین، ئاخ بۆ ئەو دایکەی کە کچەکەی کەوتە دەستی ئەم دڕندانە و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئێمەی دایکان ئازارێکی هاوبەشمان هەیە.

 

 

وتیشی: کاتێک گوێم لە ئازایەتی گەوهەر ئەشقی دایکی خەمگینی سەتار بەهەشتی بوو، هێزێکی زیاترم پەیدا کرد، چونکە لە هێڵی خەباتدا شانبەشانی ژنان وەستابوو بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوڕەکەی و هەزاران منداڵی دیکە، هەموومان، دایکان، دەبێت لێی فێربن و پشتگیری لە کوڕ و کچەکانمان بکەین بۆ ئەوەی هەموو تاوانەکانی مەلاکان و تاڵیبان ڕابگرین.

 

لە کۆتاییدا ئەم ژنانە پەیامێکیان نارد و وتیان: با خوێنی ئازیزانمان بکەینە هێز و لە بیرماندا یەکبگرین بۆ ڕووخاندنی حکومەتە ستەمکارەکانی مەلاکان و تاڵیبان، چیتر ڕێگە نادەین منداڵ و خوشک و برا و ژنەکانمان لێ وەربگیرێن و ڕۆژێک دێت کە ئەم دوو حکومەتە دەڕووخێن.