ژنانی سیاسەتمەدار لە مەغریب ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشە دەبنەوە

توندوتیژی دژ بە ژنە سیاسەتمەدارەکان لە مەغریب ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، ژنانی سیاسەتمەدار ڕایانگەیاند، پێویستە توندوتیژی سیاسی دژی ژنان وەک هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سەیر بکرێت و هەمواری یاسا بکرێت بۆ ڕێگریکردن لێی.

حەنان حارت

 

مەغریب - لە مەغریب ڕۆژانە توندوتیژی دژ بە ژنان زیاتر دەبێت، داکۆکیکارانی مافی ژنانی مەغریب ڕایانگەیاند کە ئامانجی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنە سیاسەتمەدارەکان دوورخستنەوەیانە لە چالاکییە سیاسییەکان، لە باکووری ئەفریقا توندوتیژی سیاسی دژی ژنان بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییە سیاسییەکان و سەرکوتکردنیان ناوەستێت، گەیشتووەتە ئاستی ئازاردانی سێکسی، دەستدرێژی جەستەیی، تۆقاندن، ناوزڕاندن و پێشێلکردنی مافی تایبەتمەندی کەسێتیی، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا لە مەغریب ڕووداوەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنە سیاسەتمەدارەکان زیادیان کردووە، یەکێک لەوانە پەرلەمانتاری ناوچەی تانجەر-تەتوان- ئەل-حوجەیما، ڕەفعا مەنسووری بوو، کە سکاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتاری پێشوو و سەرۆکی پێشووی گروپی پارتی سەربەخۆیی، نورەدین میدیان تۆمارکرد و سکاڵای ئەوەی کرد، کە سوکایەتی و هەڕەشە و هەراسانکراوە، لە ڕووداوێکی دیکەدا، ئەندامێکی ئەنجومەن لەلایەن سەرۆکی شارەوانی ڕەشیدییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیی زارەکی بووەوە.

 

هەروەها وێنەیەکی ژنە وەزیرێکی مەغریبی بڵاوکرایەوە، کە گوایە لەگەڵ بازرگانێکی فەڕەنسی گیراوە، بەڵام ئەو ژنەی لە وێنەکەدا دیارە بە هیچ شێوەیەک لە وەزیرەکەی مەغریب نەچووە، لەسەر ئەوە، وەزیرە ژنەکە ڕایگەیاند، کە ئەمە دژی ناوبانگی کەسی خۆیەتی، پڕوپاگەندەی هەراسانکردنە، ئەم دۆخە ستراتیژیەتی بە ئامانجگرتنە لەلایەن گروپێکەوە کە دەیانەوێت تۆڵە بکەنەوە.

 

"توندوتیژی سیاسی دژی ژنان بووەتە سیستماتیک"

کەبیرا شاتر، چالاکوانی سیاسی ڕایگەیاند، توندوتیژی سیاسی دژی ژنان بووەتە سیستماتیک و ئەم کێشەیە تەنها لە مەغریبدا سنووردار نییە، توندوتیژی هاوشێوە لە وڵاتانی وەک تونس و ئوردن هەیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشەکان لە سەر ژنانی سیاسەتمەدار زیادی کردووە و وتی: ئەم هەڕەشانە تەنیا لەلایەن کەسانێکەوە نییە کە تێوەگلاون لە کاری سیاسیدا، بەڵکو لەلایەن ئەو کەسانەوە دەکرێن کە بەشێوەیەکی زایەندییانە لە ژنان نزیک دەبنەوە.

 

کەبیرا شاتر، ژنە سیاسەتمەدار لە پەرلەمانێکی وڵاتانی عەرەبی، لەلایەن پەرلەمانتارێکی پیاوەوە سووکایەتی پێکرا بەهۆی ئەوەی بۆچوونێکی جیاوازە هەبووە، نموونەی هێنایەوە و درێژەی بە قسەکانی دا: توندوتیژی بووەتە کولتوور و پەروەردە، ٤٠٠ ساڵە بەردەوامە و ئەمە ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارییە نیشان دەدات کە لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەو کۆمەڵگایانەدا هێشتا ژنان وەک پلە دوو سەیر دەکرێن و بیرۆکەی دەسەڵاتداری پیاوان بەسەر ژناندا هێشتا بوونی هەیە.

 

"توندوتیژی دژی ژنان لە پارتە سیاسییەکاندا هەیە"

کابیرا شاتر، باسی لەوەش کرد کە زۆرێک لە بەرپرسانی حکومەتی مەغریب بۆچوونێکی لیبڕاڵییان هەیە، بەڵام ڕێبازی دژ بە ژنان زیاتر توندوتیژی شاراوەی تێدایە و وتیشی: نمونەی گەورە بۆ ئەمە ئەوەیە کە لە کۆی ٣١ وەزیر تەنها ٧یان ژنن، هەروەها توندوتیژی دژی ژنان لە پارتە سیاسییەکاندا هەیە، بۆ نمونە سەرۆکی پارتێکی سیاسی سوکایەتی بە ژنێکی سیاسی کرد، هەرچەندە ساڵانێک بوو لەو پارتەدا بوو، بەڵام فشارێکی زۆری لەسەر بوو بۆ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە.

 

ئاماژەشی بەوەدا، پێویستە ژنان زیاتر لە سیاسەتدا نوێنەرایەتی بکرێن، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونی ژنانی مەغریب لەسەر بنەمای سیاسەتی گشتی بێت و وتی: بۆ ئەوەی ژنان لە لیستی هەڵبژاردنەکاندا هەبن، پێویستە ژن و پیاو بە یەکسانی نوێنەرایەتیان هەبێت، ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، ئەم کێشەیە بە ئاسانی چارەسەر دەبێت و سیاسەتە گشتیەکان دەتوانن نموونەی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگا بخەنە ڕوو.

 

"هەوڵدەدەن ژنە پەرلەمانتاران بە زۆر لە سیاسەت دوور بخەنەوە"

لەیلا بوحۆ، چالاکوانی سیاسی ڕایگەیاند کە بەتایبەتی بە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە و وتیشی: پێویستە توندوتیژی سیاسی بەرامبەر بە ژنان وەک هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سەیر بکرێت، توندوتیژی سیاسی دژی ژنان، ئازاردانی سێکسی، لە شێوەی هێرشی جەستەیی و تۆقاندن و بوختانکردندا دەردەکەوێت و هەمیشە لەسەر بنەمای جیاکارییە، ئەم جۆرە توندوتیژییە لە زیادبووندایە و ڕایگەیاند کە  ئامانجی ئەم توندوتیژییانە ئەوەیە، کە ژنانی پەرلەمانتار یان ئەوانەی لە کابینەکەدان لە سیاسەت دوور بخەنەوە.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد کە ئەم جۆرە توندوتیژییانە مافەکانی ژنان پێشێل دەکات، ئامانجیشیان دوورخستنەوەیانە لە ژیانی سیاسی، و بەم جۆرە بەردەوامی بە قسەکانی دا: توندوتیژییەکان جێگیر بوون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ژنان لە سیاسەت دوور بکەونەوە، ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی لەسەر باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ژنان هەیە.

 

"پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاساکان هەیە بۆ ڕێگریکردن لەم بارودۆخانە"

لەیلا بوحۆ ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای مەغریب ژمارە ١٠٣/١٣ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بکرێت، بەجۆرێک کە توندوتیژی سیاسیش بگرێتەوە و وتی: تا هەموارکردنی یاسایی بۆ ڕێگریکردن لەم بارودۆخە نەکرێت، دۆخەکە ناگۆڕێت و شەڕی توندوتیژی بێ ئەنجام دەمێنێتەوە.

 

لە کۆتاییەدا جەختی لەوەکردەوە کە توندوتیژی سیاسی دژی ژنان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئازادی و بەهێزبوونی ژنان.