ژنانی سوەیدا دەگەڕێنەوە مەیدان و داوای دیموکراسی دەکەن

ژنانی سوەیدا خوازیاری بەشداریی هەموو پێکهاتەکانن لە حوکمڕانی سووریاو دەستەبەرکردنی مافەکانیان لەو وڵاتە، ئاماژەیان بەوە کرد کە بڕیاری دانانی ئەلجولانی وەک سەرۆکی وڵات بەبێ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە نیگەرانی و ترسی لای خەڵک دروست کردووە.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- دوێنێ ٣١ی کانوونی دووەم، مەیدانی کەرەمە لە شاری سویدای سووریا، کاردانەوەی تێکەڵاوی ژنانی ئامادەبوو بوو سەبارەت بە دانانی ئجۆلانی وەک سەرۆکی کاتی وڵاتەکەو ترسی لا دروست کردوون.

 

ڕیما عەزەم، یەکێکە لەو ژنانەت کە بەشداری ئەو بزووتنەوەی جەماوەریی کرد کە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆ داوای مافەکانیان چوونە مەیدانەکە، ئاماژەی بەوەکرد، دامەزراندنی ئەحمەد شەرع لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە سووریا لە دیموکراسی دوور دەخاتەوە، هاتنی سەرۆکێک لە ڕێگەی کۆدەنگیی کوتلەییەکانەوە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان و ئیرادەی سوورییەکان نییە.

 

لینا ئەبو حەمدان جەختی لە ڕەتکردنەوەی دووبەرەکی و تایفەگەری کردەوە، هەروەها پێویستی دەرچوونی هەموو داگیرکارییەکان لە سووریا و بەتایبەتی تورکیا، پرسیاری لە هۆکاری دواخستنی گفتوگۆی نیشتمانی کرد، کە بڕیار بوو لیژنەیەکی دەستووری و بەیاننامەیەکی دەستووری بەر لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆمار پێکبێت.

 

مای ئەلجەرمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانی هەیە سەبارەت بە میکانیزمی دانانی ئەحمەد شەرع، بڕیارەکە لە ڕێگەی لیژنە سیاسییەکانەوە نەبووە، هەروەها ماوەی قۆناغی ئینتقالی دیارینەکراوە، کە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دەسەڵاتە تا کاتێکی نادیار وروژاند، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا لە حوکمڕانیدا، هەروەها هۆشداری لە پەراوێزخستن و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە دا.

 

شەهیرە تەرودی، چالاکوان لە مەیدانی کەرەمە چەندین پرسیاری سەبارەت بە شەرعیەتی دانانی جۆلانی لە نەبوونی دەستوورێکی ڕوون یان هەڵبژاردندا وروژاند و ئاماژەی بەوەدا کە بونیادنانی دەوڵەتی یاسا پێویستی بە پابەندبوون بە ڕێبازی دیموکراسی هەیە، داوای گەرەنتی ڕوون بۆ بەدیهێنانی چاکسازیکرد.