ژنانی ڕەققەو دێرەزوور: لەگەڵ قەسەدەداین

ژنانی ڕەققەو دێرەزوور ڕایانگەیاند، بەتوندی هەوڵەکانی دروستکردنی ئاژاوە بۆ تێکدانی هەوڵدان بۆ ژیانێکی ئارام بەیەکەوە ڕەتدەکەنەوە لە کاتێکدا کە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک مسۆگەرەو وتیان: لەگەڵ قەسەدەداین.

یارا خەلیف

 

ناوەندی هەواڵ- لەکاتێکدا کە لەسەر ڕووی سووریا کردەوەی سەربازی هەیە، شانە نووستووەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک گروپێک ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت لەنێوان پێکهاتە کوردی و عەرەبییەکان دروستبکەن، لە ناو ئەو شوێنانەدا کانتۆنی دێرەزوور هەیە.

 

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دێرەزوور، ژنانی دێرەزوور بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان بۆ دەزگاکەمان دەربڕی. لە دێرەزوورەوە، روەیدا سلێمان شیلاش وتی: کردەوەی هەندێک کەس تەنها بۆ دروستکردنی ئاژاوەو تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە. لە کاتێکدا وڵات پێویستی بە یەکڕیزی هەیە، ئێمەی خەڵکی دێرەزوور هاندانی ناتەبایی نێوان خەڵکی سووریا ڕەتدەکەینەوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەین دەستی یەکبگرن و پێکەوە موڵک و ماڵی گشتی بپارێزن، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەم هێرشە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و دروست کردنی ئاژاوەگێڕییە، ئێمەی خەڵکی دێرەزوور لەگەڵ هێزەکانی قەسەدەداین و هەرگیز هیوای ئەو شەڕڤانانەی کە گیانیان لە پێناوی ئێمەدا بەخت کرد لەسەر زەوی بەجێناهێڵین، ئەوان ناوچەکانمانیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد و وڵاتیان ڕزگار کرد.

 

"پشتیوانی خەڵکی دێرەزوور بۆ قەسەدە مەبەستی گەیشتن بە ئاسایشە"

ڕوەیدا سلێمان شیلاش ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان وایە گفتوگۆ گونجاوترین ڕێگایە بۆ یەکخستنی خاکی سووریا و وتی: یەکگرتوویی گەل بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەتایبەتی دوای ئەو ئازارانەی کە زیاتر لە ١٣ ساڵ بەردەوام بوو، ئێمە ناهێڵین کەس لەیەکمان داببڕیت، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە پرۆسەیەکی هەستیارداین، گرنگترین شت بۆ ئێمە لە ئێستادا سەقامگیری هەرێمە، پاڵپشتی خەڵکی دێرەزوور بۆ قەسەدە، مەبەستی گەیشتن بە ئاسایشە.

گومانی دووبارەبوونەوەی داعش هەیە

ژنێک بە ناوی ڕیم ئەلڕەوام یەکێکە لە ژنانی دێرەزوور کە ترسی خۆی لە گەڕانەوە بۆ ناو داعش دەردەبڕێت، وتی: من شاهیدی زۆر پێشێلکاری داعش بووم، ژنان هێشتا لە مەترسی لەدەستدانی ئازادییەکانیاندا دەژین، بەتایبەتی دوای ئەوەی سوریا کەوتە دەستی چەتەکانی تەحریر شام، مەترسییەکان بریتین لە لەدەستدانی ئاسایش و ئارامی، مافەکانی ژنان، گومان هەیە هەڕەشەی جددی لەسەر هەرێم هەبێت، چونکە شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکەدا هەن، سەقامگیری سیاسی نییە، هەروەها دۆخی ئابووری سەختە و ڕەنگە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی داعش بکات، ئەگەر کێشە سەرەکییەکان چارەسەر نەکرێن.

 

"با ژنان بەشێک بن لە پڕۆسەی سیاسی و ئەمنی"

ڕیم ئەلڕەوام ڕایگەیاند، ڕەنگە ئەم جۆرە پێشهاتانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ژنانیش هەبێت و لە ئەنجامدا مەترسی و فشاری بەردەوام ڕوودەدات وتی: ڕەنگە چیتر ژنان لە ماڵەکانیان دەرنەچن یان بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان نەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر منداڵان دەبێت، کە هەست بە پارێزراوی ناکەن، هیوای ژنانی دێرەزوور تاڕادەیەک بۆیان گەڕاوەتەوە، بەڵام ترسی گەڕانەوەی داعش هێشتا لە دڵیاندایە، ڕزگارکردنی دێرەزوور بۆ ئێمە ساتێکی مێژوویی بوو، بۆ یەکەمجار لە دوای چەند ساڵێک لەمەوبەر هەستم بە ئازادی کرد، بەڵام پێموایە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر پشتیوانی بکات بۆ ئەوەی داعش نەگەڕێتەوە، ئێمەی ژنان دەبێت بەشێک بین لە پرۆسەی سیاسی و ئەمنی، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان و خێزانەکانمان بپارێزین.

 

"لە سەردەمی داعشدا ژنان لە تاریکیدا بوون"

سەبارەت بە ڕاستی ژنان لە سەردەمی کۆنترۆڵکردنی داعش لە ناوچەکە، ئەمینە ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی ڕەققە، وتی: لە کاتی کۆنترۆڵکردنی داعش بۆ سەر شاری ڕەققە، ژنان لە تاریکیدا بوون، چونکە زۆر پێشێلکاری بەرامبەر ژنان ئەنجامدرا. بە بیانووی درۆ، هەموو جۆرە توندوتیژییەک، کوشتن، ئەشکەنجە، ڕفاندن و هتد، دژی ژنان ئەنجام دەدرا، ژنان ناچار بوون جلوبەرگی ڕەش لەبەر بکەن و ڕێگەیان پێنەدەدرا لە ماڵ دەربچن، هەروەها دەنگی ژنان قەدەغە بوو، لە هەموو ڕوویەکەوە پشتگوێ خران.

 

"ژنان لە سەردەمی هێزەکانی قەسەدە ئازاد بوون"

ئەمینە ساڵح سەبارەت بە هەنگاوی مێژوویی دوای ئازادکردنی شاری ڕەققە، ڕایگەیاند کە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لەسەر دەستی هێزەکانی قەسەدە وەک ژیانێکی نوێ بۆ شارەکە و هاووڵاتیانی بووە وتی: ژنان توانیان جلە ڕەشەکان لاببەن، هەروەها توانیان لە ڕێگەی بیر و میتۆدی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە ئازادی و مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، ژنان لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی پێشەنگ و دیاریان هەبوو،  لە بواری سەربازی و سیاسیدا جێگەیەکی گرنگیان گرت.

 

"ژنانی ڕەققە لە مەترسیدان"

ئەمینە ساڵع سەبارەت بە گەڕانەوەی داعش، وتی:هەرێم بە پرۆسەیەکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە بواری سیاسیدا، مەترسییەکی گەورە هەیە کە داعش دووبارە زیندوو ببێتەوە،هەر بۆیە ئێمەی ژنانی ڕەققە دەڵێین لە مەترسیداین لەم ناوچەیە بەتایبەت دوای ئەو دڕندەیی و توندوتیژییەی کە لەلایەن داعشەوە بینیومانە.

 

بانگەوازی لە ژنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان

ئەمینە ساڵح داوای لە سەرجەم ژنانی ناوچەکە کرد بۆ پاراستنی خۆیان و ناوچەکانیان لە هەڕەشەکان یەکبگرن، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و ناوچەکە بپارێزن، وتی: ڕادەست نابین و ڕێگە نادەین داگیرکەران هێرش بکەن و خاکەکەمان داگیر بکەن.