ژنانی ڕەققە: چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلانە

ژنانی ڕەققە تیشکیان خستەسەر گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاماژەیان بەوەکرد، تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی لە مەیدانەکاندا دەبن و وتیان: چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە-زیاتر لە سێ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان بە هیچ شێوەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا نەکراوە، سەرەڕای سەدان داواکاری بنەماڵە و پارێزەرانی، دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی پووچ سزای دیسپلین دەخاتە بەرنامەی کار بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەکە و ڕێگە نادات هیچ زانیارییەک دەربچێت لە ئیمرالی.

 

 گەلی کورد و دۆستەکانیان بە مەبەستی داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"یان دەستپێکرد، ئەو هەنگاوەی کە بە سەدان کەسایەتی بەناوبانگ دەستیپێکرد، هاتە قۆناغی دووەم، ژنانی ڕەققە باسیان لە گۆشەگیریی توندی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتەکە کرد و ڕایانگەیاند کە ئەو هەڵمەتەی بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە لە قۆناغی دووەمدا دەگاتە بەرزترین ئاست.

 

"چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە"

عەبیر خەلیل، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی باسی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک و ئەو هەڵمەتانە کرد کە بۆ عەبدوڵا ئۆجالان گیراونەتەبەر و وتی: دوای ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بینیان کە کلیلی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلاندایە، لە زیاتر لە ٧٤ وڵاتدا، بە دروشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکرد، مەبەست لەم هەنگاوە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەرە، بەشدارییەکی گەورەی چالاکوانان و سیاسەتمەداران و چالاکانی مافخوازان لە جیهاندا هەبوو و دەنگێکی گەورەیان دروستکرد، بەهۆی ئەوەوە بە پێویست زانرا بەردەوام بێت لەم هەنگاوە و قۆناغی دووەم ڕابگەیەنرێت بۆ ئەوەی بگاتە هەموو جیهان.

 

"گۆشەگیری دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە"

عەبیر خەلیل ڕایگەیاند، ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دراون لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبوو چالاکوانانی سیاسی لە سەرووی ٧٠ ساڵەوە ئازاد بکرایە، دەوڵەتی تورکیا ئەمە پێشێل دەکات، ئێمە وەک چالاکوانانی مافەکان هەوڵدەدەین پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا بکەین و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی تورکیا بە خەڵک بناسێنین، بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانیان و پێشێلکارییەکانی سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەڵگە دەکەین و دەیانهێننە ناو ڕێکخراوی سی پی تی و هەموو جیهان.

 

 "پێویستە زۆربەی ژنان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ خەبات بکەن"

ئەمەل ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا، وتی: هەڵمەتەکە لەسەر داوای ملیۆنان کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وڵاتانی جیهان دەستیپێکردووە، هەروەها ئەم هەڵمەتە بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری و نکۆڵیکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکە.

 

سەبارەت بەو چالاکییانەی کە ئەنجام دراون وتی:چالاکی زۆر ئەنجامدرا، یەکێک لە چالاکییە کاریگەرەکان خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بوو، هەروەها سیمینار و پانێڵ و ڕێپێوان و ڕاگەیاندنمان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد ڕێکخست، ئازادی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئێمە گرنگە، ئێمەی ژنان پێش ئەوەی ناوچەکانمان ئازاد بکرێن، لە ژێر تاریکی چەتەکانی داعشدا بووین، لە ڕێگەی بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، ئازادی و مافەکانمان بەدەستهێنا.

 

"لە دژی گۆشەگیری تێدەکۆشین"

لەتیفە حەسەن، هاوسەرۆکی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ، دوایین سزای دیسپلینیی سەپێندراوی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد و وتی: لە ٢١ی ئایاردا دەوڵەتی تورکیا سزای دیسپلینیی بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سەپاند، کە ناتوانێت تا ٦ مانگی دیکە لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆببێتەوە، هەموو ئەمانە لە ڕێگەی پیلانگێڕی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت، ئامانجی دەوڵەتی تورک بڕینی بیری ڕإێبەرە لە گەل بەڵام ناتوانێت ئەمە بکات چونکە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان ئازاد دەبن و لەناو گەلدا بڵاودەبنەوە و دەگاتە هەموو جیهان،  سەرەڕای ئەو هەموو شەڕە تایبەتەی لە دژی ئێمە دەکرێت، هەرگیز ناوەستین لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەکەین.

 

"بە گەنجان دەستمانپێکرد و بە گەنجان سەرکەوتوو دەبین"

لە کۆتایی قسەکانیدا لەتیفە حەسەن وتی: وەک ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان وتی بە گەنجان دەستمان پێکرد و بە گەنجان سەردەکەوین"  هەر بۆیە خۆمان ڕێکدەخەین و ڕیزەکانمان یەکدەخەین، تا ئەو کاتەی گۆشەگیری لە دژی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان هەڵدەگیرێت.