ژنانی پاسور لە دۆڵەکانیاندا کانزاکانیان ناوێت

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردووە دژی پڕۆژەی کانزا پێشنیارکراوی زۆزان حەساندین لە پاسۆر، ئاماژەیان بەوەدا ئامانجی پڕۆژەکە ئاوارەکردنی خەڵکە، بۆ زەویەکانیان تێدەکۆشن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد-لە ١٠ی ئاب لە زۆزان حەساندین لە پاسور گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا، دژی ئەو پڕۆژەیەی کە زیان بە ٦ گەڕەک و دەیان گوند دەگەیەنێت، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی پاسوریانەکانی ئەستەنبوڵ (KULP-DER) و پلاتفۆرمی پاراستنی زۆزان و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد.

 

هاوڵاتیان ئاماژەیان بەوەکرد، خاکی خۆیان بەجێناهێڵن و بۆ پاراستنی سروشتی خۆیان، لە هەموو بوارێکدا دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و بە ووشە ئیرادەی خۆیان دەردەبڕن، وتیان: خاکی خۆمان نادەین بە هیچ کەسێک.

 

"ئەگەر سەرچاوەی بژێوی نەمێنێت، خەڵک ناچار دەبن کۆچ بکەن"

چیچەک ئیلگەن، کە لە ئەستەنبوڵەوە بەشداری گردبوونەوەکەی کرد وتی: ئەگەر زۆزانەکان نەمێنن، گوندەکانیش نامێنن و هیچ شتێک بۆ ژیان نامێنێتەوە ئەمە خاکی دایک و باوکمانە، ئەمە دڕندەیی و نادادپەروەرییە هەموو ئەو کەسانەی لێرە دەژین دژی کانزاکانن، هەزاران کەس لەم ئاوە و هەنگەوانییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن ئەگەر ئەم سیستم و هاوسەنگییە تێکبچێت، سەرچاوەی بژێوی نامێنێت و ئەو خەڵکە ناچار دەبن کۆچ بکەن بۆ شارەکان تەنانەت لە شارەکانیشدا پێشتر دەزانین ژیان سەختە و ناتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، حکومەت دەیەوێت خەڵک لەو شوێنانە چۆڵ بکات ئێستا خەڵک زۆر بە ڕوونی کاردانەوەکانیان دەردەبڕن.

 

"با ئاو و هەوای خۆمان پیس نەکەین"

هەردەم ئۆرچ کە لە ئەدەنەوە بەشداری گردبوونەوەکە بوو، وتی: من لە ئەدەنەوە هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی ئاگاداری خاکەکەم بم، نامانەوێت کولتوور و خاکەکەمان لەناوبچێت، ئێمە دژی ئەم کارانەیان، پێویستە سروشت هەمیشە وەک سروشتی خۆی بمێنێتەوە نە ئاو و نە هەوا پیس بێت، ئەوە گوندەکانمانە، خاکی خۆمانە و نیشتیمانمانە، نامانەوێت وێرانی بکەین.

 

" نامەوێت ئەم شوێنە وێران بێت "

فاتمە ئۆرچ وتی: ئەم دۆڵانە تەنها یەک گوند نییە، زۆزانی ٧ گوندە، هەزاران کەس لەم شوێنە خۆراکیان پێدەدەن، سەرچاوەی داهاتی خەڵکە ئەگەر کانزاکان بوونیان هەبێت هەم ئاوەکەمان و هەم ژینگەکەمان پیس دەبێت من تەمەنی منداڵیم لەم شوێنە بەسەر بردووە، نامەوێت ئەم شوێنە وێران بێت.

 

"هیچ شوێنێکی دیکە ناکەینە قوربانی کانزاکان"

فەنەر باران وتی: نامانەوێت دۆڵەکانمان زیانیان پێ بگات و ئەگەر ئەوان نەمێنن ئێمەش نامێنین، لێرەوە نە ئاو دەبێت، نە هەوای پاک و نە ڕووەک لەم شوێنەدا نە گوندەکە دەمێنێتەوە و نە خەڵکەکە، ئەوەی لە تواناماندایە دەیکەین و تا کۆتایی تێدەکۆشین، ئەوانەی ئەمڕۆ ئەم شوێنەیان فرۆشتووە بزانن ئێمە ئەم شوێنە بە کەس نافرۆشین و بۆ ئەمە خەبات دەکەین.

 

"ئەو خاکەی لێی گەورە بووین نایبەخشین"

دڵبەر تەکدەمیر ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەو خاکانە تێدەکۆشن کە تیایدا گەورە بوون و وتی: ئەمە خاکی ئێمەیە و لێرە گەورە بووین تا ماوین ئەم شوێنە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە ئەگەر پێویست بکات خوێنی خۆمان دەدەین، دەمرین، بەڵام خاکی خۆمان نادەین، هەرچییەک بێت ئێمە دەستبەرداری خاکەکەمان نابین گرنگ نییە چیمان بەسەر بێت.