ژنانی مەخموور: کاتێک باس لە کورد دەکرێت، هەموو جیهان کەڕو ڵاڵە
ژنانی کامپی پەنابەرانی مەخموور ناڕەزایەتیان دژ بە داگیرکارییەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب دەربڕی و ڕایانگەیاند: پێویستە کورد لە هەموو شوێنێک پشتیوانی و پاراستنی گەلەکەی بکات و دژی سیاسەتە جینۆسایدییەکانی تورکیا بێت.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور- لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە، پرۆسەیەکی نوێی لەشکرکێشی و داگیرکاری لە هەموو سووریا دەستیپێکردووە، لە ئەنجامی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، دەیان هەزار کەس ناچار بوون کۆچ بکەن و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی خۆبەڕێوەبەری کرد، لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک هێرش دەکاتە سەر خەڵکی ناوچەکە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا دەیان کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون گیانیان لەدەستداو بریندار بوون.
ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور سەبارەت بە لەشکرکێشی و داگیرکاری و سیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ دەزگاکەمان قسەیان کرد.
ڕوخۆش عەفرینی کە بەهۆی فشار و چەوساندنەوەی ڕژێمی سووریاوە کۆچی کردووە بۆ کامپی مەخموور، لە سەرەتای قسەکانیدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرد وتی: ئێمەی دایکانی پەنابەر ئیدانەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین و پشتیوانی بەرخۆدانی گەل دەکەین، گەلی عەفرین کە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ کۆچیان کرد، ئێستا جارێکی دیکە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە هێرشیان دەکرێتەسەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت، وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کرد، ئەمڕۆش بە هەمان لۆژیک هێرش دەکەن، ژن و منداڵ دەگیرێن و ئازار دەدرێن، زۆر کەس کوژران و ناچار بوون کۆچ بکەن.
"سەرکردەی ئەم هێرشانە دەوڵەتی تورکیایە"
ڕوخۆش عەفرینی بێدەنگی جیهانی لە بەرامبەر هێرشەکاندا ئیدانە کرد و وتی: کاتێک باس لە کورد دەکرێت، جیهان بێدەنگە، هەموو دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان بە هاوکاری یەکتر هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، سەرکردەی ئەم هێرشانە دەوڵەتی تورکیایە، دەوڵەتی تورک بە دەستی چەتەکانی هێرش دەکاتە سەر گەل و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا.
"هاوکاریی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە"
ڕوخۆش عەفرینی بەم قسانە سەرنجی بۆ هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پەدەکە ڕاکێشا و وتی: وەک چۆن پەدەکە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکات، ئەنەکەسەش لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەمان کار دەکات، بە وتنی دەتانبەین بۆ ناوچە ئارامەکان، لە ئێستاوە کۆچبەران دەبەنە عەفرین و دەیانکوژن، پەدەکە بێدەنگی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکاندا دەپارێزێت و ئەمەش نیشانەی هاوکاری ئەوانە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕوخۆش عەفرینی داوای لە جیهان کرد کە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکان و پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەل بکەن.
"دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر کورد"
دایکێک بەناوی عەزیزە سێرتی ئاماژەی بەوەدا کە ساڵانێکە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و وتی: ئێمەی ژنانی پەنابەری کامپی مەخموور پشتیوانی بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، بە دەستی چەتەکانی بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر گەل، کاتێک باس لە گەلی کورد دەکرێت، هەموو جیهان لە بەرامبەر کارە گەندەڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا کەڕ و کوێر و لاڵە، گەلەکەمان بە پشتیوانی یەکتر بەرەنگاری هێرشەکان دەبێتەوە.
"پێویستە لە دژی لەشکرکێشی و سیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەتی تورکیا تێبکۆشین"
عەزیزە سێرتی، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای پشتیوانی و خاوەندارێتی کرد و وتی: ئێمەش وەک گەلی کامپی مەخموور لە تەنیشت گەلی ڕۆژئاوای کوردستانی خۆمانەوەین، ئازارەکانمان هەمووی وەک یەکن، کورد لە هەر کوێیەک بێت پشتیوانی و پاراستنی گەلەکەی بکات و دژی دەستدرێژی و داگیرکاری و سیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەتی تورک تێبکۆشێت.