ژنانی لیبیا لە نێوان ویستی دیپلۆماسی و سنووردارکردنی سیاسیدان
هیند ئەلجەریبی، چالاکوانی مافی مرۆڤ جەختی کردەوە لەسەر پێویستی چالاککردنی یاساکان و دروستکردنی تۆڕی سیاسی کە پاڵپشتی ژنان لە بواری دیپلۆماسی بکەن، بەو پێیەی توانای بەرزکردنەوەی سەقامگیری و بونیادنانی پەیوەندیی پتەوی نێوان وڵاتان هەیە.
ئیبتیسام ئیغفیر
بنغازی- لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لیبیا پێیدا تێدەپەڕێت، بەشداری ژنان لە سیاسەتی دەرەوەدا وەک دۆسیەیەک دەمێنێتەوە کە چەندین پرسیار دەوروژێنێت لە نێوان سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و لاوازی پشتیوانی دامەزراوەیی لە لایەک و ئەو لێهاتووییانەی کە ژنان هەیانەو توانای چوونە ژوورەوەیان لەم بوارەدا لە لایەکی دیکەوە، پێویستی بە ڕووناککردنەوە لەسەر تەحەددیات و دەرفەتەکان سەرهەڵدەدات.
سەرەڕای ئاستەنگییەکان، ژنانی لیبیا هەوڵدەدەن بەهای خۆیان لە جیهانی سیاسەتی دەرەوەدا بسەلمێنن، هیند ئەلجەریبی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لەوبارەیەوە قسەی بۆ کردین و ئاماژەی بەوەکرد، یاسا هەیە پشتگیری لە بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەتی دەرەوە و ئامادەبوونی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوە دەکات، بەڵام ڕێژەی ئەم ئامادەبوونە زۆر لاوازە سەرەڕای ئەو هەوڵە سادانەی کە لەڕێگەیەوە ژنان توانیان بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی بکەن، وەک بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی جنێڤ و کۆنفرانسی گفتوگۆی سیاسی کە سپۆنسەری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، و بەشداری لە چەندین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیدا کرد کە تێیدا باسی پرسی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و کۆچبەری کرد.
"ژنان وەک ئامڕازێک بەکارهاتوون"
هیند ئەلجەریبی وتی: "هەرکاتێک دەرفەتی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە سیاسەتی دەرەوەدا بدرێت بە ژنان، بەهای خۆیان دەسەلمێنن و دەتوانن دەستیان بگاتە مافەکانیان، لەڕێگەی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی دیالۆگی سیاسی، توانیان ڕێژەی نوێنەرایەتی ٣٠٪ بەدەستبهێنن لە هەڵبژاردنەکاندا، و بە دڵنیاییەوە ئەمە هەوڵێکە کە شانازییان پێوە دەکرێت، ئەو ململانێ و دووبەرەکییە سیاسیانەی کە لیبیا تووشی دەبێت، هەمیشە ژنانیان وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکان لە بەرژەوەندی لایەنە ناکۆکیەکان دوای ئەوەی دەستڕاگەیشتنیان بە هەندێک پۆست دەستەبەر کردووە و لەم کارەشدا ملکەچی ئەو حزبە دەبن کە ئەوانی هەڵبژارد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نەجلە ئەلمەنگۆش، وەزیری پێشووی دەرەوە، زیانبەرکەوتوو بێت، کە لە ئیرادەی خۆی بێبەشە و دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە هێشتا شارەزایی و ئەزموونی سیاسی نییە.
"پشتیوانی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا کەمە"
هەروەها هیند ئەلجەرێبی سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە بەشداریکردن لە سیاسەتی دەرەوەدا وتی: ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە کە پەیوەندییان بە قەدەغەکردنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. ەو بەو بۆچوونە پێناسە کرا کە بەهۆی ئەوەی ژنە ناتوانێت کاروباری نێودەوڵەتی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دەوڵەتی لیبیا بەڕێوەببات، تەنها ئەو دەتوانێت لە کایەی کۆمەڵایەتی و ژیانیدا جێگەی خۆی بگرێت و هەمیشە لە کایەی سیاسی دوورخراوەتەوە، نەبوونی پشتیوانی دامەزراوەیی و پەروەردە بۆ ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە لاوازی دەهێڵێتەوە. لە سیاسەتدا کولتووری دیالۆگ زۆر گرنگە و ئەمەش بە ئاسانی لە نێو ژناندا دەدۆزرێتەوە، بەڵام هەندێک سیاسەت ڕێگە بۆ پێشکەوتنی ژنان خۆش ناکەن، ئەمەش وایکردووه تەنها پیاوان پێش بکەن، ئەو ژنانەی گەیشتوونەتە پۆستی بڕیاردان، لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
"دەبێت تۆڕە سیاسییەکان دروست بکرێن"
هیند ئەلجەربی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە تۆڕی سیاسی بۆ ژنان دابمەزرێندرێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: نەبوونی تۆڕی سیاسی بۆ پاڵپشتی ژنان لە ئەنجامدانی کاری دیپلۆماسی، ڕۆڵی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لاواز دەکات، پێویستە تۆڕە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەیاندا دروستبکرێن، ژن دەتوانێت ڕۆڵی گەوره بگێڕێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان، دەبێت حکومەتی لیبیا یاساکانی چالاک بکات و تۆڕی سیاسی بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە بوارە دیپلۆماسییەکان دابمەزرێنێت.