ژنانی کۆیە هیوای بەرقەراربوونی ئاشتی و ئازادی لە باکووری کوردستان دەخوازن

ژنانی کۆیە پێشوازی لە سووتاندنی جەک لەلایەن گروپی گەریلاکانی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" دەکەن و هیوای بەرقەراربوونی ئاشتی و ئازادی دەخوازن.

شیا کۆیی

 

کۆیە-لەدوای بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا، پەکەکە لە مانگی ئایار ۆنگرەی بەست و ئامادەیی بۆ جیبەجێکردنی بانگەوازییەکە خستەڕوو، دواتر لەگەڵ بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە ١٩ی حوزەیران بڵاوکرایەوەو لە ٩ی تەمووز پەخشکرا، گروپی گەریلاکانی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" کە لە ٣٠ گەریلا پێکهاتوون، بە پیشەنگایەتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کەجەکە، لە ١١ی تەمووزدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی دوکان لە شاری سلێمانی، مەراسیمێکیان ئەنجامدا و چەکەکانیان سووتاند.

 

سووتاندنی چەکەکان کە کاردانەوەی ئەرێنی لە تەواوی جیهان لێکەوتەوە، ژنان بە جۆش و خرۆشەوە پیشوازییان لەم چالاکییە کردو هیوای بەرقەراربوونی ئاشتی و ئازادی دەخوازن.

 

نیگار حەمەد ئەندامی ڕێکخراوی ئۆسکار بۆ پەرەپێدانێ ئافرەتان و چالاکوان لەبواری ژنان وتی: پڕۆسەی سووتاندنی چەک بەتایبەتی لایەن ئەو ژنە شۆڕشگێڕانە بۆ ئەوەبوو تاوەکو ئاشتەوایی بەرپا بکەن، هیوادام تورکیاش ئەو بەڵێنانەی بە کوردی داوە جێبەجێی بکات، چونکە پێشتر تورکیا زۆر کوردی دەچەوساندەوە لەهەموو ڕویەکەوە، بۆیە هیوادارم ئاشتی و ئازادی لە باکووری کوردستان بەر قەرار بێت.

 

 نیگار پرۆسەکەی بەگرنگ زانی و وتی: هەموو لە تەلەفزیۆنەکانەوە بینیمان ئەو شێرە ژنە ئازایانە دانیان بەخویان داگرت بەچاوی فرمێسکەوە چەکەکانیان سووتاند بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت، هیواخوازم کوردیش ببێت بەدەوڵەت لە هەر چوار پارچەی کوردستان، باکووری کوردستانیس مافی خۆی وەرگرت ، کورد یەکبگرن ببینە خاوەن دەوڵەت لە ئێران و عێراق و سووریاو تورکیا.

 

سازگار دڵشاد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەناوبردنی چەکی لەلایەن شۆڕشگێڕانی پەکەکە بەگرنگ زانی و وتی: لەناوبردنی چەک هەنگاوێک کوردی بەرەو پێشبرد و وایکرد وڵاتان تێڕوانیان بگۆڕن بەرامبەر هەرچوار پارچەی کوردستان، وڵاتان تێڕوانینێکی جیایان لا دروست ببێت،  وایکرد دۆخی کورد بەرەو پێش بڕوات، بۆیە من بەهەنگاوێکی زۆر باش و گرنگی دەزانم، هەنگاوێکی ئەرێنی بوو.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سازگار دڵشاد هیوا دەخوازێت کە دۆخی کورد بەرەو پێش بڕوات و سوود لەوهەنگاوەی ببینێت.